شه‌نگال چۆن كه‌وت؟
دواین فه‌رمانده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌قه‌زاكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

عه‌مید سمێ مه‌لامحه‌مه‌د، جێگری‌ فه‌رمانده‌یی‌ شه‌نگال

خه‌ندان-

به‌ر له‌داگیركردنی‌ شه‌نگال بوو، كاتێك هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ گومانیان نه‌ما له‌پلانی‌ داعش بۆ داگیركردنی‌ قه‌زاكه‌‌و له‌ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ریش بۆ یه‌كه‌مجار روبه‌ڕوی‌ یه‌كتری‌ بوونه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ داوای‌ هاوكارییان كرد، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی‌ موفاجه‌ئه‌بوو بۆ ئه‌وان روویدا؛ شه‌نگال كه‌وت.

عه‌مید سمێ مه‌لامحه‌مه‌د، هه‌ڵگری زۆربه‌ی‌ نهێنییه‌كانی كه‌وتنی شه‌نگاله‌، ئه‌وكاته‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌ستیپێكرد ئه‌و ئامر هێز بوو له‌سوپای‌ یه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌‌و وه‌كو دوایین فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌شه‌نگال، باس له‌سه‌ره‌تاكانی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌و نایشارێته‌وه‌، كه‌ به‌ڕۆژێك پێش كۆنتڕۆڵكردنی‌ قه‌زاكه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌ئامانجی‌ داعش تێگه‌یشتوون‌و داوای‌ هاوكارییان كردووه‌، به‌ڵام گه‌وره‌یی‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌واندا نه‌بووه‌.

داعش، دوو مانگ دوای‌ داگیركردنی‌ شاری‌ موسڵ، رێڕه‌وی‌ هێرشه‌كانیان له‌ 3-8ی 2014 به‌ره‌و شه‌نگال گۆڕی‌‌و كۆنتڕۆڵیانكرد.

عه‌مید سمێ، كه‌ له‌ئێستادا جێگری‌ فه‌رمانده‌یی‌ شه‌نگاله‌ –ئه‌و هێزه‌ دوای‌ داگیركردنی‌ قه‌زاكه‌ پێكهێنرا- له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان ده‌ڵێت، كاتێك داعش چووه‌ موسڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كان "پێیان وانه‌بوو" به‌ره‌و شه‌نگال بڕوات، چونكه‌ سه‌ره‌تا ستراتیژی‌ رێكخراوه‌كه‌ ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خواروی‌ عیراق بوو.

داعش له‌ 10-6ی 2014 به‌ته‌واوی‌ شاری‌ موسڵ-ی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وای‌ داگیركرد.

عه‌مید سمێ‌، له‌ساڵی‌ 1976وه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌‌و له‌ 2007وه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌ له‌شه‌نگال بووه‌، باسی‌ له‌هێرشی‌ ناوه‌ناوه‌ی‌ داعش كرد بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كانی‌ ده‌روبه‌ری‌ شه‌نگال وه‌ك تلبه‌نات‌و بابشلو ئوم شه‌باب، ئه‌وكات فه‌رمانده‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشبینییان كردووه‌ ئامانجی‌ دواتری‌ رێكخراوه‌كه‌ شه‌نگال بێت.

هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ دروستبوونی‌ ئه‌و گومانانه‌دا له‌پلانی‌ داعش، ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ شه‌ڕ‌و سه‌رووی‌ خۆیان ئاگاداركردۆته‌وه‌ به‌وه‌ی‌ چه‌كی‌ پێویستیان پێنیه‌، وه‌كو عه‌مید سمێ‌ ده‌ڵێت "چه‌كی‌ پێویست نه‌بووه‌ تا بۆیان ره‌وانه‌بكرێت".

پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕی‌ داعش زیاتر چه‌كی سوكی پێبووه‌، له‌كاتێكدایه‌ داعش له‌داگیركردنی‌ موسڵ، سه‌دان پارچه‌ چه‌كی سه‌ربازی‌ پێشكه‌وتووی‌ سوپای‌ عیراق-ی بۆ جێما.

به‌ر له‌كه‌وتنی‌ شه‌نگال، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌‌و داعش دوو جار له‌ئومشه‌بابك‌و سێجار له‌تلبه‌نات - باشووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شه‌نگال-، روبه‌ڕوی‌ یه‌كتری‌ بونه‌ته‌وه‌.


نەخشەی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ زووممار كۆنتڕۆڵكرا له‌ 2-8، عه‌مید سمێ‌ (54 ساڵ)، وتی كه‌ ئه‌وكات "گومانمان نه‌ما له‌وه‌ی‌ داعش په‌لاماری‌ شه‌نگال ده‌دات، بۆیه‌ سه‌روی‌ خۆمان ئاگاداركرده‌وه‌، به‌لاَم وه‌ڵامی‌ ئه‌وان ئه‌وه‌ بوو كه‌خۆتان رابگرن‌و ئیشائه‌ڵڵا قوات دێت بۆ هاوكاریتان".

رۆژی دواتر (3-8) داعش له‌كاتژمێر 2:45 خوله‌كی‌ به‌ره‌به‌یان، په‌لاماری‌ شه‌نگالیدا كه‌ له‌پێكهاته‌ی‌ ئاینی‌ ئێزدین‌و كۆمه‌ڵكوژی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌یان كرد، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌زاران كه‌سیان له‌گه‌نج‌و پیر‌و منداڵ، به‌دیل گرت.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ر له‌گه‌یشتنی ئه‌و رێكخراوه‌، له‌قه‌زای‌ به‌عاج‌و ناحیه‌ی‌ بلێج، پێكدادان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ روویدا.

عه‌مید سمێ به‌شداری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ كردووه‌و به‌"سه‌ختترین" شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌ ناویده‌بات له‌گه‌ڵ داعش، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت، خه‌ڵكی‌ بلێج‌و به‌عاج كه‌ عه‌ره‌ب بوون زۆرینه‌یان پشتگیری‌ داعشیان كرد، "سێ روبعی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ داعش بوون‌و دژمان چه‌كیان هه‌ڵگرت".

عه‌مید سمێ وتی‌ "له‌دوای‌ كاتژمێر 2:45 خولی‌ به‌ره‌به‌یان، له‌ناحیه‌ی‌ بلێ‌و قه‌زای‌ به‌عاج شه‌ڕ هه‌بوو، له‌به‌یانی‌ زووه‌وه‌ ته‌قه‌كه‌ زۆرتر بوو"، هه‌رچه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ زانیاری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی‌ داعش، به‌ڵام پێیانوانه‌بووه‌ هێرشێكی‌ واگه‌وره‌ بێت، به‌وته‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌.

به‌خه‌مڵاندنی‌ ئه‌و، چه‌كداره‌كانی‌ داعش نزیكه‌ی‌ شه‌ش هه‌زار كه‌س بوون كه‌ به‌ره‌وه‌ شه‌نگال هێرشیانكردووه‌.

داعش له‌هێرشه‌كه‌دا چه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ دۆشكه‌ بووه‌‌و هه‌مه‌ڕه‌ درعه‌كانیشیان، زیاتر هاوكاری‌ كردوون‌و ئاربیجیه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كاری‌ لێنه‌كردوون، عه‌مید سمێ‌ ره‌تیكرده‌وه‌ فه‌رمان هه‌بوبێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان شه‌ڕ نه‌كه‌ن، "به‌لاَم قه‌باره‌ی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ داعش موفاجائه‌ بووه‌"، زیاتر وتی "من یه‌كه‌م پیاو بووم روبه‌ڕوی‌ داعش بومه‌وه‌، دوایین كه‌سیش شه‌نگالم جێهێشت، كاتێك داعش له‌ناو شه‌نگال بوو منیش له‌ناو شه‌نگال بووم".

ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ دۆخی‌ ناو شه‌نگال ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی‌ داعش، "جاده‌كان هه‌مووی‌ گیرابوون، خه‌ڵكی‌ ته‌نها هه‌وڵی‌ راكردنی‌ ده‌دا، به‌نزین نه‌مابوو، سه‌یاره‌ خراپ بووبوو، وه‌ك كۆچی‌ ملیۆنی‌ ساڵی‌ 1991 (كۆڕه‌وی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم) بوو".


ئاوارەبوونی خەڵکی شەنگال دوای داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە

ئه‌وكاته‌ی‌ داعش په‌لاماری‌ شه‌نگالی‌ دا، هێزی‌ زێره‌ڤانی‌ سوپای‌ یه‌ك، لیوای‌ هاوبه‌شی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌‌و فه‌وجێكی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌قه‌زاكه‌ بوون، عه‌مید سمێ‌ ژماره‌یان بۆ چوار هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌خه‌مڵێنێت.

جێگری‌ فه‌رمانده‌یی‌ شه‌نگال وتی "خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه‌ هه‌ردوولا پێكه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یان كردووه‌و ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كتری‌ بوون.

ئه‌و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌پێشمه‌رگه‌ كاتژمێر 9ی‌ به‌یانی‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ناحیه‌ی‌ سنونێ پاشه‌كشه‌یان كردوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان له‌پشتی‌ به‌عاجه‌وه‌ –باشوری‌ شه‌نگال- له‌گه‌ڵ داعش له‌شه‌ڕدا بوون.

عه‌مید سمێ‌و ئه‌و 60 پێشمه‌رگه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا بوون، دوای‌ كاتژمێر 11ی‌ پێشنیوه‌ڕۆی‌ 3/8/2014 دووكیلۆمه‌تر له‌شه‌نگال دوورده‌كه‌نه‌وه‌، راسته‌وخۆ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ مزگه‌وتێكی‌ شیعه‌كان له‌ناو شه‌نگال ده‌بیستن.

ئه‌و وتی‌ "دوو كاتژمێر پێشتر هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌نگال، كه‌كاتژمێر هه‌شت بۆ نۆ بوو پاشه‌كشه‌یان كرد، داعش كاتژمێر 11 هاته‌ ناو شه‌نگال... ته‌حه‌دا ده‌كه‌م هیچ قواتێك له‌ناو شه‌نگال نه‌مابوو ته‌نها منی‌ لێمابووم".


عه‌مید سمێ مه‌لامحه‌مه‌د، جێگری‌ فه‌رمانده‌یی‌ شه‌نگال

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ناو شه‌نگال به‌ره‌و چیای‌ شه‌نگال به‌جێده‌هێلێت، عه‌مید سمێ‌ به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ دهۆك ده‌كات، "پێموت شه‌نگال ته‌واو بوو، من ئاماده‌م لێره‌ بمێنم‌و ته‌نیا ماوم، یان ده‌مرم یاخود سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ تۆمار ده‌كه‌م".

به‌رپرسی‌ فه‌رمانده‌یی‌ دهۆك ده‌ستخۆشی لێكردووه‌‌و داوایكردووه‌ گیانی‌ خۆی‌ بپارێزێت.

داعش به‌بێ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ چووه‌ ناو شه‌نگال، وه‌كو عه‌مید سمێ‌ ده‌ڵێت، هه‌ندێك له‌لایه‌نگرانی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌عه‌ره‌به‌كانی‌ شه‌نگال، ته‌قه‌یان ده‌كرد‌و پشتگیرییان بۆ داعش نیشانده‌دا.

له‌دوای‌ داگیركردنی‌ شه‌نگال، ژماره‌یه‌ك له‌فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌و به‌رپرسانی‌ حزبی‌‌و حكومه‌تی‌ قه‌زاكه‌، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ لێپرسینه‌وه‌ كرانه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌، سه‌رباری‌ چه‌ندینجار به‌ڵێنی‌ سزادانی‌ تۆمه‌تبارانی‌ كه‌وتنی‌ شه‌نگال، به‌ڵام ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ئاشكرانییه‌.

به‌بڕاوی‌ عه‌مید سمێ‌، ئه‌وه‌ی‌ وایكرد پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌ بكات له‌شه‌نگال ئه‌وه‌بووه‌، سوپای‌ یه‌كی‌ زێره‌ڤانی‌ كه‌ ژماره‌یان 1500 كه‌سه‌ ماوه‌ی‌ 10 ساڵ ده‌وامیان له‌قه‌زاكه‌ بوو، "له‌ڕوی‌ ده‌رونیه‌وه‌ مه‌عنه‌ویاتیان نه‌مابوو، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌وامی‌ پێشمه‌رگه‌ قورس بوو، به‌جۆرێك 20 رۆژ له‌ ده‌وام‌و 10 رۆژه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بوون".

یه‌كێكی‌ تر له‌هۆكاره‌كان، به‌وته‌ی‌ ئه‌و كه‌می‌ چه‌ك بووه‌، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ چه‌كی‌ قورس‌و دژه‌تانكیان پێنه‌بووه‌، هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌ ناوچه‌كه‌ش به‌جۆرێكه‌ به‌رگری‌ تێیدا ئاسان نیه‌‌و ده‌شتاییه‌.

هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا، له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكاوه‌ هاوكاری‌ كراوه‌، له‌ڕووی‌ دابینكردنی‌ چه‌ك‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ربازییه‌وه‌.


مه‌سرور بارزانی‌ دیاری تایبەت  پێشکەش بە عه‌مید سمێ‌ دەکات

ئێواره‌ی‌ ئه‌و رۆژی‌ شه‌نگال داگیركرا، عه‌مید سمێ‌‌و 17 له‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ گه‌یشتنه‌ چیای‌ شه‌نگال‌و له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵهاتوودا مانه‌وه‌، هه‌مان رۆژ مه‌سرور بارزانی‌، راوێژكاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش به‌ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی‌ به‌ عه‌مید سمێ-وه‌ كردووه‌‌و ده‌ستخۆشی‌ لێكردووه‌.

"كاك مه‌سرور وتی‌ تۆ باش‌و سه‌لامه‌تی‌، سڵاوی‌ جه‌نابی‌ سه‌رۆكی‌ پێگه‌یاندم‌و وتی‌ چیتان پێویسته‌، منیش داوام كرد قواتێكمان بۆ بنێرن بۆ پشتگیری‌"، عه‌مید سمێ‌ واده‌ڵێت.

دواتر‌و له‌شه‌وی‌ 7 له‌سه‌ر 8ی‌ مانگی‌ (ئاب/8)ی‌ 2014دا، 350 پێشمه‌رگه‌ بۆ چیای‌ شه‌نگال ده‌نێردرێت.

چیای‌ شه‌نگال له‌باكور بۆ باكوری‌ رۆژئاوای‌ قه‌زاكه‌ درێژ بووه‌ته‌وه‌، زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌‌و به‌شێكی‌ زۆر له‌هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، دوای‌ كه‌وتنی‌ شه‌نگال له‌وێ‌ جێگیربوون، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌ك له‌دۆخێكی‌ زۆر خراپدا بوون تا ئه‌وكاته‌ی‌ له‌دیوی‌ رۆژئاوای‌ كوردستانه‌وه‌ رێگه‌ی‌ ده‌رچوونیان بۆ یه‌كه‌مجار بۆ كرایه‌وه‌.


چیای‌ شه‌نگال

عه‌مید سمێ‌ له‌باره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ر چیاكه‌وه‌ ده‌ڵێت "ره‌وشی‌ ئه‌وان زۆر خراپ بوو، زۆرینه‌یان هیچیان پێنه‌بوو بیخۆن".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ده‌ڵێت له‌چیای‌ شه‌نگال هاریكاری‌ پێویست نه‌بوو له‌نێوان به‌رپرسانی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازیدا.

ئۆپه‌راسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شه‌نگال به‌دوو قۆناغ بوو، سه‌ره‌تا له‌مانگی‌ 12ی‌ ساڵی‌ 2014دا توانییان به‌شێك له‌ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ قه‌زاكه‌‌و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی‌ ده‌روازه‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌ ئازادبكه‌ن.

دواتر هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان به‌هاوكاری‌ گه‌ریلا‌و شه‌ڕڤانان، له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ 11ی‌ ساڵی‌ 2015دا توانییان زۆرینه‌ی‌ قه‌زاكه‌ ئازادبكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیوده‌وڵه‌تی‌ هاوكاری كردن به‌بۆردومانكردنی‌ ئه‌و رێكخراوه‌.

عه‌مید سمێ‌ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شه‌نگالی‌ كردووه‌‌و وتی‌ "عه‌ریف حه‌فله‌ی‌ شه‌ڕه‌كه‌ بووم".

كاریگه‌رترین دیمه‌ن لای‌ عه‌مید سمێ‌ له‌داگیركردنی‌ شه‌نگال، له‌شه‌ڕی‌ گرسه‌ك بووه‌ له‌باشووری‌ رۆژئاوای‌ شه‌نگال، "ژنێكم بینی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵێكی‌ خۆی‌، له‌په‌نای‌ دیوارێك خۆیان حه‌شاردابوو بۆ خۆپاراستن له‌گوله‌، به‌ڕاستی‌ من وه‌ك مرۆڤ نه‌مام كه‌ ئه‌وه‌م بینی‌، زۆری‌ پێی‌ تێكچووم".

ئه‌و وتی‌ "ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ له‌گرسه‌ك كراوه‌ له‌هیچ كوێی‌ جیهان نه‌كراوه‌، نۆ كاتژمێری‌ خایاند، له‌تل به‌نات‌و تل قه‌سه‌بیش به‌رگری‌ هه‌بوو، قواتی‌ تر هه‌رزوو پێش ئێمه‌ سه‌حبیان كرد".

دوای‌ دوو ساڵ له‌هێرشی‌ داعش، ئازار‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ شه‌نگال هێشتا ته‌واونه‌بوون، سه‌دا 20ی‌ ناوچه‌كانی‌ قه‌زای‌ شه‌نگال له‌ده‌ستی‌ داعشدا ماون‌و هه‌زاران ئێزدیش به‌دیل ماونه‌ته‌وه‌.


ئه‌م بابه‌ته 16446 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM