نه‌داری‌ كۆڵی‌ به‌شه‌هێن نه‌دا
ده‌یه‌وێت به‌شه‌هیدانه‌ی‌ باوكی‌ پزیشكی‌ بخوێنێت

شه‌هێن دڵشاد خورشید

خه‌ندان، فه‌ریق حه‌بیب

شه‌هێن، مانگێكی‌ ته‌واو له‌ژوورێكی بچووك له‌خانوویه‌كی‌ 130 مه‌تریدا كۆششی‌ كرد‌و به‌ده‌ره‌نجامی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌، شانازی‌ به‌دایك‌و براكانی‌ به‌خشی‌، ئه‌و ته‌حه‌دای‌ نه‌داری‌ ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت به‌مووچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌ی‌ باوكی‌ به‌ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ بگات؛ خوێندنی‌ به‌شی‌ پزیشكی‌ له‌زانكۆ.

شه‌هێن دڵشاد خورشید (18 ساڵ)، دووه‌م به‌رزترین نمره‌ی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌قۆتاغی‌ 12ی‌ ئاماده‌یی‌ به‌شی‌ زانسی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ خوێندنگاكه‌ی‌ خۆی‌ له‌سنوری‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ، ئەو لەساڵانی رابردوودا روبه‌ڕوی‌ چه‌ندین به‌ربه‌ست‌و ناوخۆشی‌ بووه‌ته‌وه‌، له‌نێویاندا شه‌هیدبوونی‌ باوكی‌ له‌ساڵی‌ 2004دا كه‌ له‌ریزه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستاندا بووه‌.

ئه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ دایك‌و دوو برایدا، له‌خانوویه‌كی زۆر ساده‌ی‌ ئۆردوگای قادركه‌ره‌مییه‌كاندا ده‌ژی‌ له‌سنوری‌ چه‌مچه‌ماڵ، ئه‌مساڵ خوێندكاری‌ دواقۆناغ بوو له‌ئاماده‌یی یه‌كێتی تێكه‌ڵ‌و به‌پێی‌ ده‌ره‌نجامی‌ تاقیكردنه‌وه‌ گشتیه‌كان، تێكڕای‌ نمره‌كانی‌ له‌سه‌دا 99.57 بوو.

شه‌هێن، له‌سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تائێستا به‌پله‌ی نایاب قۆناغه‌كانی خوێندنی بڕیووه‌‌و به‌خه‌ندانی‌ وت "ئه‌مساڵیش هه‌وڵمدا تێكڕای نمره‌كانم 100 بێت، به‌ڵام رۆژی تاقیكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی‌و ئاین به‌ڕۆژوو بووم، زۆر ماندوبووم، بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ توانیم ته‌نیا 90ی تێدا بهێنم".

تێكڕای‌ نمره‌كانی‌ شه‌هێن، به‌هه‌ژماركردنی‌ ئه‌و سێ‌ نمره‌یه‌ی‌ ده‌درێته‌ خوێندكارانی‌ قۆناغی‌ 12ی‌ ئاماده‌یی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌وه‌، ده‌گاته‌ له‌سه‌دا 99.57.

شه‌هێن ده‌ڵێت "زۆر ئاواتمه‌ كۆلێژی پزیشكی گشتی وه‌رمبگرێت، له‌و كۆلیژه‌ زیاتر بیرم له‌هیچ كۆلیژێكی تر نه‌كردووه‌ته‌وه‌"، شه‌هێن ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر پشت به‌خوا ئه‌و كۆلێژه‌ وه‌رمبگرێت، ئه‌وا هه‌وڵده‌ده‌م به‌مووچه‌ی شه‌هیدانه‌كه‌ی باوكم خوێندن ته‌واوبكه‌م".


شه‌هێن له‌گه‌ڵ دایكی‌‌و عه‌لی‌ برای‌

سه‌رچاوه‌ی بژێویی شه‌هێن له‌گه‌ڵ دایك‌و براكانی‌، 580 هه‌زار دیناری‌ مووچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌ی‌ باوكێتی‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ش به‌ربه‌رست بوو له‌به‌رده‌م ژیان‌و خوێندنه‌كه‌شیدا، به‌ڵام ئه‌و كۆڵی‌ نه‌دا‌و وه‌كو خۆی‌ وتی‌ "نه‌داریی كاری تێده‌كردم، به‌ڵام ئیراده‌م به‌هێزبوو، نه‌مده‌هێشت كاربكاته‌سه‌ر خوێندنه‌كه‌م‌و بێتاقه‌تم بكات".

مووچه‌ی‌ شه‌هیدان‌و فه‌رمانبه‌ران، زیاتر له‌دوو ساڵه‌ له‌واده‌ی‌ خۆیدا دابه‌شناكرێت به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی‌ رووی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌، ئه‌وه‌ش بارگرانی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵك زیاتركردووه‌.

شیرین عوسمان (45 ساڵ)، دایكی شه‌هێن له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌ ژیانیانه‌وه‌ به‌خه‌ندانی‌ وت "هه‌وڵمده‌دا هه‌رچۆنێك بێت (موچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌كه‌) به‌شمان بكات، به‌ڵام چه‌ند مانگێكه‌ كه‌  مووچه‌كه‌مان دواده‌كه‌وێت ناچاربووم ئه‌نگوستیله‌و گواره‌كانم بفرۆشم‌و نه‌هێڵم منداڵه‌كانمان بێ خه‌رجی بن".

دایكی‌ شه‌هێن، كه‌ مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیان شوێنه‌واری به‌سه‌ر رووخسارییه‌وه‌ جێهێشتبوو، ده‌یوت "به‌درێژایی ساڵی رابردوو له‌ماڵ ده‌رنه‌چووین، هه‌موو به‌هاری رابردوو یه‌ك سه‌فره‌شمان نه‌كرد له‌به‌ر خاتری شه‌هێن، بۆ ئه‌وه‌ی نمره‌ی به‌رز به‌ده‌ستبهێنێت".

له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و مانگه‌دا كه‌ بۆ ئاماده‌كاری‌ تاقیكردنه‌وه‌كان به‌خوێندكارانی‌ قۆناغی‌ 12ی‌ ئاماده‌یی‌ ده‌درێت (ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ پێنج بۆ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ شه‌ش)، شه‌هێن له‌ژوورێكی‌ بچوكدا كۆششی‌ ده‌كرد، سه‌رباری‌ به‌زری‌ پله‌كانی‌ گه‌رما، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ ئامێرێكی‌ فێنككه‌ره‌وه‌ له‌ژووره‌كه‌دا هه‌بێت.

ئه‌و ده‌ڵێت "ته‌نیا كێشه‌م ئه‌وه‌بوو ژووره‌كه‌م زۆر گه‌رم بوو، چونكه‌ هیچ ئامێرێكی فێنككه‌ره‌وه‌ی تێدانیه‌"، ته‌نیا له‌ژووری‌ دانیشتنه‌كه‌یاندا سپلێت هه‌یه‌‌و ئه‌ویشیان به‌قیست كڕیووه‌.


ئه‌و ژووره‌ی‌ شه‌هێن تێیدا ئاماده‌كاری‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ كردووه‌

شه‌هێن تائێستا مۆبایل‌و ئه‌كاونتی‌ نییه‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ فه‌یسبووك، بۆ خوێندنه‌كه‌ی‌ مامۆستای تایبه‌تی‌ نه‌بووه‌‌و وه‌كو خۆی‌ ده‌ڵێت، ته‌نیا پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌خۆیی‌‌و مامۆستاكانی‌.

به‌درێژایی‌ ساڵی‌ رابردوو، شه‌هێن سه‌یری هیچ درامایه‌كی ته‌له‌فیزیۆنی نه‌كردووه‌، ته‌نیا رۆژانه‌ چه‌ند خووله‌كێكی‌ ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئاگاداربوونی‌ له‌هه‌واڵه‌كان.

مامۆستا دلێر قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌یی یه‌كێتی –خوێندنه‌گه‌كه‌ی‌ شه‌هێن- به‌خه‌ندانی‌ وت "شه‌هێن خوێندكارێكی زۆر باش‌و ره‌وشتبه‌رزه‌، زیره‌ك‌و گوێڕایه‌ڵ‌و بێ ده‌نگه‌، ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نیازی ئه‌وه‌ی هه‌بوو نمره‌ی به‌رز به‌ده‌ستبهێنێت".

كاتێك قسه‌ی‌ بۆ خه‌ندان ده‌كرد، شه‌هێن ژماره‌یه‌ك له‌و بڕوانامه‌و مه‌دالیانه‌ی هێنا كه‌ له‌ساڵانی رابردوودا به‌هۆی زیره‌كی‌و لێهاتووییه‌وه‌، وه‌ریگرتوون.


ئه‌و خه‌ڵات‌و رێزلێنانانه‌ی‌ شه‌هێن وه‌ریگرتوون

عه‌لی برای شه‌هێن، كه‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵه‌‌و بۆ پۆلی پێنجه‌می زانستی ده‌رچووه‌ ده‌ڵێت شانازی به‌خوشكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات‌و "زیره‌كی شه‌هێن هانمده‌دات‌و منیش هه‌وڵده‌ده‌م، وه‌كو ئه‌و له‌قۆناغی‌ 12ی‌ ئاماده‌یی‌ نمره‌ی به‌رز به‌ده‌ستبهێنم".

شه‌هێن هه‌ر بیری‌ لای‌ داهاتووی‌ خوێندنه‌كه‌ی‌ بوو، زووزوو باسی‌ ئاواته‌كه‌ی‌ ده‌كرده‌وه‌‌و به‌په‌له‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ زانكۆ، بۆ ئه‌وه‌ش ئامانجی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ "ئه‌گه‌ر خوا كردی‌و بوومه‌ پزیشك، زۆر یارمه‌تی خه‌ڵكی نه‌دار ده‌ده‌م، ئه‌وه‌ی هه‌ژاربێت به‌بێ به‌رانبه‌ر چاره‌سه‌ری ده‌كه‌م، چونكه‌ خۆم ئه‌و جۆره‌ نه‌هامه‌تییانه‌م بینیووه‌و هه‌رگیز له‌بیرم ناچێت".



ئه‌م بابه‌ته 14113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM