ئومێدی‌ 230 منداڵی‌ شه‌هیده‌
ترس ده‌گاته‌ ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی‌ گوله‌ن له‌هه‌رێم

نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم، لەمەراسیمی کردنەوەی زانکۆی ئیشق سەربە دامەزراوەکانی گولەن لە هەولێر

خه‌ندان

نمره‌كانی‌‌و مووچه‌ی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ باوكی‌، پێشتر رێگربوون له‌خواستی‌ شه‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ خوێندنگایه‌كی ئه‌هلی به‌ناوبانگ، هه‌رچه‌نده‌ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ باوكی‌ ئه‌و هه‌له‌ی‌ بۆ ره‌خسا به‌ڵام ئێستا ترسی‌ هه‌یه‌ جارێكیتر بێ‌ ئومێد ببێته‌وه‌.

ئه‌و خوێندنگایه‌ی‌ شه‌نگه‌ ماوه‌ی‌ ساڵێكه‌ تێیدا ده‌خوێنێت، به‌شێك له‌و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییانه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌ فه‌تحوڵا گوله‌ن، بیرمه‌ندی‌ دیاری‌ توركیا سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات‌و له‌ئێستادا، ئه‌و وڵاته‌ داوای‌ داخستنیان ده‌كات به‌ڵام به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، له‌هه‌ربڕیارێكدا به‌رژه‌وه‌ندی‌ خوێندكاران له‌به‌رچاوده‌گیرێت.

شه‌نگه‌ (14 ساڵ)، كچێكی باڵابه‌رزه‌‌و ساڵی رابردوو، هه‌وڵیدا له‌خوێندنگایه‌كی ئه‌هلی كه‌ ناوبانگی باشی هه‌بوو له‌شاری سلێمانی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام نمره‌ی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌‌و موچه‌ی باوكیشی‌، هاوكار نه‌بوون.

كۆتایی مانگی 9ی‌ 2015، باوكی شه‌نگه‌ له‌روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی‌ تیرۆریستانی‌ داعش له‌گوندی ته‌للوه‌ردی سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك شه‌هید بوو، ئه‌وكات په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردستان له‌ڕێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌دایكی شه‌نگه‌ ده‌ڵێت، كچه‌كه‌ی‌ ده‌توانێت هه‌ر خوێندنگایه‌كی به‌دڵ بێت هه‌ڵیبژیرێت‌و له‌وێ بخوێنێت.

شه‌نگه‌ خوێندنگای روناكی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی شاری سلێمانی هەڵبژارد ، كه‌ پێشتر ناوبانگی له‌كچه‌ ئامۆزایه‌كه‌یه‌وه‌ بیستبوو، "خویندنگاكه‌م به‌دڵه‌‌و خوێندكارانی تریش به‌باشی باسی ده‌كه‌ن‌و مامۆستاكان به‌رێزه‌وه‌ سه‌یری خوێندكاره‌كان ده‌كه‌ن" شه‌نگه‌ كه‌ به‌شه‌رمه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات‌و له‌ته‌نیشتیه‌وه‌ دایكی دانیشتووه‌، واده‌ڵێت.

خوێندنگای ناوه‌ندی رووناكی سلێمانی، یه‌كێكه‌ له‌و 30 خوێندنگا‌و زانكۆیانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت-ی‌ فه‌تحوڵا گوله‌نه‌، زیاد له‌ 15 هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه‌‌و به‌باشترین خویندنگا ئه‌هلیه‌كانی هه‌رێم هه‌ژمارده‌كرێن.

محه‌مه‌د عاكیف ئینام، كۆنسوڵی گشتی توركیا له‌هه‌ولێر 28ی‌ مانگی‌ رابردوو له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری خه‌ندان ئاماده‌ی بوو ئاشكرایكرد، له‌باره‌ی داخستنی دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی سه‌ر به‌گروپی گوله‌ن له‌هه‌رێمی كوردستان، داواكاری خۆیان داوه‌ به‌حكومه‌تی هه‌رێم‌و له‌ماوه‌ی داهاتوودا سه‌ردانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد ده‌كه‌ن.

فه‌تحوڵا گوله‌ن‌و بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌، له‌لایه‌ن توركیاوه‌ تۆمه‌تبارده‌كرێن به‌كوده‌تا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ی‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ رابردوو له‌و وڵاته‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان به‌توندی‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

شه‌نگه‌ ئاگای له‌وه‌ نییه‌ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت له‌توركیا روبه‌ڕوی‌ لێشاوێكی گرتن‌و زیندانیكردن بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌و‌و دایكیه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، ساڵی داهاتوو ده‌رفه‌تی هه‌بێت به‌رده‌وام بێت له‌و خوێندنگایه‌.

"خوێندنگا ماڵی دوه‌می خوێندكاره‌، ئه‌وه‌ من ساڵێكه‌ دێم‌و ده‌ڕۆم‌و شێوازی په‌روه‌رده‌كردنیانم به‌دڵه‌، مامۆستاكان به‌به‌رده‌وامی ئاگایان له‌خویندكاره‌كانه‌"، بێخاڵ (32 ساڵ) دایكی شه‌نگه‌ واده‌ڵێت، "'له‌رووی كولتورییه‌وه‌ له‌خۆمانه‌وه‌ نزیكن".

بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت له‌لایه‌ن فه‌تحوڵا گوله‌ن (74 ساڵ)، له‌شەستەکانی سەدەی رابردوو به‌كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌توێژینه‌وه‌كان‌و كتێبه‌كانی سه‌عید نۆره‌سی كه‌ به‌سه‌عید كوردیش ناسراوه‌ دامه‌زراوه‌، كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئیسلامێكی‌ میانڕه‌و ده‌كات به‌پێی‌ گونجاوی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می‌ ئێستا، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ گرنگی تایبه‌ت به‌په‌روه‌رده‌ ده‌دات‌و سه‌دان خوێندنگایان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا هه‌یه‌.

بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌وه‌تۆمه‌تبارده‌كرێت، ئه‌جێندایه‌كی‌ سیاسی‌ شاره‌وای‌ هه‌یه‌‌و له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندینه‌وه‌، لایه‌نگرانی‌ له‌دامه‌زراوه‌ ئه‌منیی‌‌و دادوه‌رییه‌كانی‌ توركیادا جێگیربوون، كه‌ وه‌كو ده‌سه‌لاتێكی‌ سێبه‌ر له‌ناو حكومه‌تدا ناوده‌برێن.
 
ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ توركیا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكۆماری‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵمه‌تی‌ ده‌ستگیركردن‌و داخستنی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ سه‌ر به‌و بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌ ده‌ستپێكردووه‌‌و هه‌وڵه‌كانیشی‌ چڕكردووه‌ته‌وه‌، بۆ داخستنی‌ خوێندنگاكانی‌ گوله‌ن له‌جیهاندا.

زۆرێك له‌خوێندارانی‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی‌ سه‌ر به‌خزمه‌ت ساڵانه‌ له‌پێشه‌نگدان، به‌پێی‌ ئه‌نجامی‌ تاقیكردنه‌وه‌ گشتیه‌كانی‌ ئه‌مساڵی‌ دواقۆناغی‌ ئاماده‌یی‌، خوێندكارێكی‌ ئه‌و خوێندگایانه‌ كه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ نیشته‌جێیه‌، پله‌ی‌ یه‌كه‌می هه‌موو هه‌رێمی كوردستانی‌ به‌ده‌ستهێنا.


خوێندنگەی روناکی سەلاحەدینی ئەیوبی لە سلێمانی..فۆتۆ: خەندان

رێڤان محێدین كه‌ریم (18 ساڵ)، چوار ساڵ له‌كولێژی‌ نمونه‌یی‌ كوڕانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید خوێندوویه‌تی‌ كه‌ سه‌ر به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یه‌، به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند كه‌ رۆڵی‌ ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ زۆر گرنگه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ بە زانستی سەردەم پێگه‌یاندووه‌، کە شاره‌زاییان هه‌یه‌ له‌زمانه‌ بیانییەكان وەکو ئینگلیزی‌‌و توركی‌.

ئه‌و ده‌ڵێت "زۆر گه‌نج هه‌یه‌ كه‌ خه‌ون‌و ئاواتیان ئه‌وه‌یه‌ له‌و خوێندگه‌یه‌ بخوێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ زانستی‌ زۆر زۆر به‌رزه‌، بۆیه‌ به‌داخستنی‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌رگا له‌سه‌ر خه‌ون‌و ئاواتی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ داده‌خرێت".

دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت له‌رووی‌ كوالێتی‌ وانه‌وتنه‌وه‌ له‌ئاستێكدان، زانكۆی‌ ئۆكسفۆردی‌ به‌ریتانیا به‌شداریپێكردوون له‌پرۆگرامی‌ كوالێتی‌ ئۆكسفۆرد، ئه‌ویش له‌ساڵی‌ 2014وه‌ بۆ 2017.

رێڤان كه‌ ئه‌مساڵ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌رێمی‌ به‌ده‌ستهێنا، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌چوارساڵی‌ رابردوودا هیچ خوێندكارێك‌و كه‌سوكاریانی‌ نه‌بینیووه‌، گله‌یی‌ له‌خوێندنگاكان هه‌بووبێت.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و خوێندكاره‌، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هاوپۆلی‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌، نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زار واژۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم بكه‌ن خوێندنگه‌كانی‌ سه‌ر به‌خزمه‌ت دانه‌خرێن.

توركیا دراوسێیه‌كی‌ گرنگی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، له‌روی‌ نه‌وت‌و گه‌شتیاری‌‌و بازرگانییه‌وه‌، له‌ساڵی‌ رابردووشه‌وه‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌به‌نده‌ری‌ جه‌یهانی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌فرۆشرێت.

وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌نوسراوێكدا 3ی‌ ئه‌م مانگه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ خه‌ندان نێردراوه‌ جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، تائێستا هیچ بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌داخستنی ئه‌و قوتابخانانه‌ نه‌دراوه‌‌و له‌ئاینده‌شدا، له‌هه‌ر بڕیارێكی كارگێڕی سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و قوتابخانانه‌ كه‌ بدرێت به‌رژه‌وه‌ندی قوتابیان له‌ سه‌رووی هه‌موو بابه‌تێكه‌وه‌ ده‌بێت، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌رگای ئه‌و قوتابخانانه‌ داناخرێت.

به‌پێی‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ په‌روه‌رده‌، قوتابخانه‌كانی كۆمپانیای (رووناكی بۆ فێركردن) له‌هه‌رێم –سه‌ر به‌بزووتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت-، له‌قۆناغه‌كانی باخچه‌ی منداڵانه‌وه‌ تاوه‌كو ئاماده‌یی ٢٠ قوتابخانه‌یه‌‌و نزیكه‌ی 12 هه‌زار‌و 719 قوتابی تیایاندا ده‌خوێنێت.

نه‌ شه‌نگه‌‌و نه‌ دایكی‌، به‌وردی ئاگاداری ئه‌و تۆمه‌تانه‌ نیین كه‌ خراوه‌نه‌ته‌ پاڵ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت، جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هیچ مه‌ترسییه‌ك نابینن له‌به‌رده‌وامبونی خوێندنگاكانی سه‌ر به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌گه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌كوده‌تاكه‌ی‌ توركیا به‌شداربێت، به‌ڵام له‌دوایه‌مین وتاریدا بۆ سی ئێن ئێنی ئه‌مریكی، فه‌تحوللا گوله‌ن كه‌ گرینكارتی ئه‌مریكای هه‌یه‌و له‌ ۱۹۹۹ له‌ویلایه‌تی پینسیلڤانیا ده‌ژی‌، نه‌یشارده‌وه‌ ئه‌گه‌رهه‌یه‌ كه‌سانێك وه‌ك تاكه‌كه‌س به‌شداربووبن له‌و كوده‌تایه‌ كه‌ هاوسۆزی بزوتنه‌وه‌ی خزمت بووبن، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌شدارنه‌بووه‌.

شه‌نگه‌ ته‌نیا منداڵی شه‌هید نیه‌ له‌خوێندنگای روناكی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی ده‌خوێنێت، به‌ڵكو منداڵێكی تر هه‌یه‌‌و ساڵی داهاتووش به‌وته‌ی یاریده‌ده‌ری به‌رێوه‌به‌ری‌ خوێندنگاكه‌ خوێندكارێكی دیكه‌ به‌بێ به‌رانبه‌ر وه‌رده‌گرن.

محه‌مه‌د ئه‌ردۆغان، كه‌ چوار ساڵه‌ له‌كوردستان ده‌ژی‌‌و به‌ره‌گه‌ز توركه‌ ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكار له‌و خوێندنگایه‌ بخوێنێت ده‌بێت ساڵانه‌ سێ‌ هه‌زار‌و 750 دۆلار بدات، به‌ڵام بۆ منداڵی شه‌هید به‌بێ‌ به‌رانبه‌ره‌، چونكه‌ له‌دژی ''تیرۆریستانی داعش شه‌هید بوون".

تائێستا به‌وته‌ی به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان، 80 منداڵی شه‌هیدی شه‌ڕی داعش له‌و خوێندنگایانه‌ ده‌خوێنن‌و نزیكه‌ی 150 منداڵی تریش، ناویان نوسیووه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.

محه‌مه‌د ئه‌ردوغان‌و سێ مامۆستای تری خوێندنگاكه‌ی سلێمانی، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت ده‌ستی هه‌بوبێت له‌كوده‌تاكه‌ی‌ توركیا‌و نه‌فره‌ت له‌كوده‌تا ده‌كه‌ن، ''ئێمه‌ باوه‌ڕێكمان هه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌موو دنیا مرۆڤایه‌تی هه‌بێت، بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت ئێمه‌ی وا فێركردوه‌ خۆشه‌ویستی‌و ئاشتی له‌جیهان بڵاوبكه‌ینه‌وه‌"' محه‌مه‌د ئه‌ردۆغان كه‌ ۲۷ ساڵی ته‌مه‌نی له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر بردوه‌‌و سۆزی تایبه‌تی بۆ فه‌تحوڵا گوله‌ن هه‌یه‌ واده‌ڵێت.

سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌هه‌ولێر به‌ژماره‌یه‌ك له‌رۆژنامه‌نووسان له‌نێویاندا په‌یامنێری‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند، به‌رژه‌وه‌ندی خوێندكاران له‌سه‌روی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌وه‌یه‌‌و ئه‌گه‌ر كه‌موكورتییه‌ك هه‌بێت له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی‌ داخستنی قوتابخانه‌كانی سه‌ر به‌بزووتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.


فەتحوڵا گولەن و ئەردۆغان لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو

شه‌ڕی نێوان گوله‌نییه‌كان‌و ئه‌ردۆغان پێده‌چێت ماوه‌یه‌كی زۆر بخایه‌نێت، به‌تایبه‌ت كه‌ تائێستا توركیا به‌پێی‌ رێككه‌وتنێكی ساڵی ۱۹۸۱ی‌ نێوان ئه‌مریكا‌و ئه‌نكه‌ره‌ دووجار داوای راده‌ستكردنی فه‌تحولا گوله‌نی كردووه‌ به‌ڵام پرۆسه‌كه‌ ده‌ستیپێنه‌كردوه‌، چونكه‌ واشنتن داوای به‌ڵگه‌ی متمانه‌پێكراو بۆ تۆمه‌تباركردنه‌كه‌ ده‌كات.

ئێستا ئه‌وه‌ی بۆ بیخاڵ دایكی گه‌شه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كچه‌ گه‌نجه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌خوێندن‌و سه‌ركه‌وتوو بێت ''دوو منداڵی ترم هه‌یه‌ كه‌ بچوكن، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ده‌فه‌ت هه‌بێت ئه‌وانیش وه‌ك خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌یان له‌م خوێندنگایه‌ بخوێنن".



ئه‌م بابه‌ته 4327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌توركیا‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM