چه‌ند شایه‌تحاڵێك له‌ناو موسڵ-ه‌وه‌ بۆ خه‌ندان: داعش له‌ژێر فشاردایه‌‌و كۆنترۆڵی لاوازبووه‌

شکاندنی ئامێرە میوزیکییەکان لەلایەن داعشەوە

خه‌ندان- كاروان ساڵحی

داعش له‌سه‌نته‌ری شاری موسڵ جموجۆڵ‌و ژماره‌ی‌ مه‌فره‌زه‌كانی كه‌مده‌كاته‌وه‌، جێگۆڕكێش به‌فه‌رمانگه‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كداره‌كانی ده‌كات له‌ناو بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و فشارانه‌ی كه‌ له‌ئێستادا خراوه‌ته‌سه‌ریان‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌خه‌ڵك ریشیان ده‌تاشن كه‌پێشتر قه‌ده‌غه‌بوو، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ سێ كه‌س كه‌ له‌ناو موسڵ داده‌نیشن‌و به‌هه‌ستارییه‌وه‌ قسه‌یان كرد.

ئه‌و گۆڕانگارییانه‌ی داعش‌و لاوازبوونی كۆنترۆڵی له‌ناو موسڵ، به‌هۆی ئه‌و فشارانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ دروستبووه‌، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی هاوپه‌یمانان، هێزه‌ عیراقییه‌كان‌و پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ كه‌ له‌حوزه‌یرانی 2014ه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش.

له‌گه‌ڵ چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانیان، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌به‌رده‌وامی بنكه‌و باره‌گاكانی چه‌كدارانی داعش له‌سه‌نته‌ری موسڵ ده‌كه‌نه‌ ئامانج، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ خه‌ڵكی موسڵ بووه‌ته‌ فشار له‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌.

مه‌حمود ریاشی، ناوێكی خوازراوی دانیشتووی‌ پارێزگای‌ موسڵه‌و دوای دوو رۆژ ئینجا ئاماده‌یی تێدابوو له‌ڕێی ته‌له‌فونه‌وه‌ قسه‌بكات، ده‌ڵێت ئه‌و فشارانه‌ به‌ئاشكرا به‌سه‌ر چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ دیاره‌ "ژماره‌ی‌ مه‌فره‌زه‌كانیان له‌ناو بازاڕ وه‌كو پێشوو نییه‌، جاران زۆرتر بوو ئێستا كه‌مه‌... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وپه‌ڕی‌ 15 بۆ 20 خوله‌ك راده‌وه‌ستن".

ترسی سه‌ره‌كی داعش له‌ناو سه‌نته‌ری موسڵ بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌، كه‌ له‌ماوه‌كانی رابردوودا زیانی زۆری پێگه‌یاندوون.

رۆژانی شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو هاوپه‌یمانان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئه‌و رێكخراوه‌یان كرده‌ئامانج له‌نێو كۆشكه‌كانی سه‌دام حسێن كه‌ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی جامعه‌ -باڵی چه‌پی ناوه‌ندی سه‌نته‌ری موسڵ-‌و چه‌ند باره‌گایه‌كی سه‌ربازی گرنگی ئه‌و رێكخراوه‌ی‌ لێیه‌.

ریاشی له‌به‌ر دروستبوومی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی، به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ وتی كه‌ چه‌كدارانی داعش كاتێك دێنه‌ ناو بازاڕه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن، قه‌ره‌باڵغی زۆر دروستبكه‌ن، تا فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌به‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بۆردومانیان نه‌كه‌ن، "به‌رده‌وامیش شوێنی‌ مه‌فره‌زه‌كان‌و بازگه‌ گه‌ڕۆكه‌كانیان ده‌گۆڕن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ زانیاری له‌سه‌ر شوێنه‌كانیان به‌هاوڵاتیان نه‌درێت".

ئه‌وه‌ش به‌به‌راورد به‌دوو ساڵی رابردوو ته‌واو جیاوازه‌، ریاشی ده‌ڵێت پێشتر چه‌كدارانی داعش به‌فروانی له‌بازگه‌كاندا ده‌بینران‌و له‌ناو بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌كانیش كۆده‌بوونه‌وه‌.

دادگای شه‌رعی داعش‌و فه‌رمانگه‌ی‌ سزای دارایی، دووان له‌و شوێنه‌ گرنگانه‌ی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ن كه‌ زوو زوو له‌گه‌ڕه‌كێكه‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌كێكی تر ده‌گوازرێنه‌وه‌، به‌ڵام ریاشی ده‌ڵێت هۆكاره‌كه‌ی‌ نازانێت.


وێنەی ڤیدیۆیەکی داعش کە تێیدا خەڵک دەترسێنێت

ئه‌و لاوازییه‌ی‌ داعش له‌كۆنترۆڵی له‌ناو موسڵ، پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدۆییانه‌یه‌تی كه‌تیایدا رێكخراوه‌كه‌ خۆی به‌به‌هێز نیشانده‌دات‌و به‌تۆمه‌تی جۆراوجۆر خه‌ڵك سه‌رده‌بڕێت‌و چالاكییه‌كانیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌كاتێكدایه‌ سه‌رچاوه‌كانی خه‌ندان ده‌ڵێن له‌دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای موسڵ جێگه‌ی‌ به‌ره‌و له‌قبوون ده‌چێت.

پاشه‌كشێی فراوانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌عیراق له‌كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه‌ تائێستا، جۆرێكی تره‌ له‌فشار بۆ سه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ كه‌ له‌موسڵ په‌یوه‌ندییان به‌و رێكخراوه‌وه‌ كردووه‌، له‌وانه‌ تێكشكانیان له‌شه‌نگال، فه‌لوجه‌و ناوچه‌یه‌كی فراوان له‌سنووری موسڵ.

ئه‌حمه‌د زه‌یدی‌، ناوێكی تری خوازراوی خه‌ڵكی موسڵه‌و مانگێكه‌ ئه‌و شاره‌ی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش-ی جێهێشتووه‌، وتی كاتێك له‌وێ بووه‌ هه‌ستی به‌كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ لایه‌نگرانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌موسڵ كردووه‌، به‌ڵام "كه‌مبوونه‌وه‌كه‌ زۆر نییه‌... هه‌ندێكیان ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌و رێكخراوه‌ بده‌زنه‌وه‌و هه‌ڵبێن".

له‌سه‌ره‌تای گرتنی موسڵ تائێستاش به‌به‌رده‌وامی دانیشتووانی موسڵ‌و ناوچه‌كانی به‌ره‌و ناوچه‌ ئارامه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی تر كۆچده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن بۆ زانینی رابردووی ئه‌و خێزانه‌ له‌گه‌ڵ داعش.


چەکدارانی داعش

به‌گشتی خه‌ڵكی موسڵ دوای دوو ساڵ، چاوه‌ڕوانی شه‌ڕی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ئه‌و رێكخراوه‌، بارودۆخیان باش نییه‌، به‌هۆی نه‌بوونی دره‌فه‌تی كارو قورسی په‌یداكردنی بژێوی ژیان، به‌شێك له‌خێزانه‌كان ماڵه‌كانیان هه‌رزانفرۆش ده‌كه‌ن.

زه‌یدی وتی "ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا له‌موسڵ كاری‌ هه‌یه‌و قازانج ده‌كات ته‌نها دوكانی سه‌وزه‌و میوه‌یه‌، چونكه‌ خه‌ڵك رۆژانه‌ ناچاره‌ سه‌وزه‌ بكڕێت... خه‌ڵك هه‌یه‌ ئاژه‌ڵداره‌ له‌ده‌وروبه‌ری موسڵ‌و ئاژه‌ڵێكی به‌ 25 هه‌زار دینار فرۆشتووه‌ چونكه‌ پێویستی به‌پاره‌یه‌".

هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، به‌رده‌وامن له‌ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و هێزانه‌ی‌ به‌شداری شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی‌ موسڵ ده‌كه‌ن‌و نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌ش بووه‌ته‌ فشاری زیاتر بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش، ئه‌وه‌ش بۆ خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ جێی ئومێده‌.

مه‌حمود خه‌لیل، ناوی خوازراوی هاوڵاتییه‌كی تری موسڵه‌ به‌خه‌ندان-ی وت "ته‌نانه‌ت بیستوومانه‌ هه‌ندێك له‌خه‌ڵك به‌تایبه‌ت له‌ده‌وروبه‌ری موسڵ ریشیان ده‌تاشن‌و جلوبه‌رگه‌كانیان ده‌گۆڕن"، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر خه‌ڵكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گروپه‌ له‌سه‌ر ریش‌و جلوبه‌رگ سزاده‌دران.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی تر له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌خه‌ندان-ی وت "له‌ناو موسڵیش خه‌ڵك هه‌یه‌، ریشی ده‌تاشێت".

له‌ماوه‌كانی رابردوودا چه‌ند جارێك داعش به‌تۆمه‌تی "سیخوڕیكردن بۆ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان"، خه‌ڵكی موسڵی ده‌كوشت‌و سه‌رده‌بڕیی‌و دواتر گرته‌ی ڤیدیۆیی بڵاوده‌كردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ر هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و فشارانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ دروستبووه‌.

مه‌حمود وتی كه‌ خه‌ڵك زۆر باسی ئازادكردنه‌وه‌ی‌ فه‌لوجه‌و شه‌ڕی شه‌رگات ده‌كات‌و پێشڕه‌وی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات له‌دژی داعش، به‌ڵام ئه‌وانه‌ هه‌مووی نهێنییه‌و دركاندنی به‌ئاشكرا سزاكه‌ی‌ كوشتنه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێشتا ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ یه‌كلایینه‌كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌شداری گرتنه‌وه‌ی‌ موسڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام سوپای عیراق‌و حه‌شدی سونی‌و پێشمه‌رگه‌ ئه‌و هێزانه‌ن كه‌ جێی باوه‌ڕی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانن بۆ ئازادكرنه‌وی‌ موسڵ.

مانگی رابردوو سوپای عیراق ئازادكردنه‌وه‌ی‌ فه‌لوجه‌ی‌ راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو بۆ هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌هۆی نزیكی قه‌زاكه‌ له‌به‌غدا، هه‌روه‌ها شكستێكی كه‌مه‌رشكێن بوو بۆ داعش، كه‌ به‌مۆڵگه‌ی‌ دووه‌می ئه‌و رێكخراوه‌ له‌عیراق داده‌نرا دوای موسڵ.




ئه‌م بابه‌ته 5756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM