زێڕه‌نگره‌كان له‌كڕینی"ماڵی سپی"ده‌ترسن... هه‌رێم؛ هاورده‌كردنی زێڕ ساڵانه‌ بۆ نیوه‌ داده‌به‌زێت

زێڕەنگەرێك لە سلێمانی: خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌م بازاڕه‌ ته‌واو ئیفلاسی كردووه‌

خه‌ندان- شۆخان به‌هادین، له‌نجه‌ عه‌زیز 

زێڕه‌نگره‌كان له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێم، كڕینی ئاڵتون له‌هاوڵاتیان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و زه‌ره‌رانه‌ی كه‌ له‌ئاڵوگۆڕی نرخی زێڕدا كردویانه‌ تاڕاده‌ی "ئیفلاسبوون"، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا هاورده‌كردنی ئه‌و كانزا به‌نرخه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ بۆ زیاتر له‌نیوه‌ داده‌به‌زێت.

زێڕ ئه‌م مانگه‌ به‌به‌راورد به‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، 71 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر مسقاڵێكی عه‌یار 21 به‌رزبووه‌وه‌، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش له‌نرخه‌كه‌یدا تاڕاده‌یه‌ك بازاڕی ئه‌و كانزایه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان سست كردووه‌، به‌هۆی ترسی زێڕه‌نگره‌كان له‌زه‌ره‌ر.

محه‌مه‌د جه‌زا عه‌لی، له‌سلێمانی زێڕه‌نگری ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كانی ده‌ستی بۆ ئه‌و پارچه‌ ئاڵتونانه‌ی له‌دواكانه‌كه‌یدا دانراون وتی "بازاڕمان به‌ته‌واوی سفره‌... له‌وه‌ته‌ی من زێڕه‌نگری ده‌كه‌م شتی وامنه‌دیوه‌".

ساڵانی پێشووتر به‌تایبه‌ت به‌ر له‌قه‌یرانی دارایی كه‌ له‌ 2014ه‌وه‌ رووی له‌هه‌رێم كردووه‌، محه‌مه‌د كه‌زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ زێڕه‌نگری ده‌كات، گوێی به‌وه‌نه‌ده‌دا رۆژانه‌ چه‌ند ئاڵتون بكڕێت‌و چه‌ند بفرۆشێت، به‌ڵام ئێستا له‌كڕینی ئاڵتون حه‌زه‌ر ده‌كات، "هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌مترین زێڕ له‌هاوڵاتیان بكڕین، چونكه‌ به‌هۆی ئاڵوگۆڕ له‌نرخه‌كه‌یدا ترسمان هه‌یه‌ زه‌ره‌ر بكه‌ین"، محه‌مه‌د زیاتر وتی "به‌و هۆیه‌وه‌ جاری واهه‌یه‌ به‌دوو ڕۆژ داده‌نیشم له‌دوكان هیچ ده‌ستمایه‌یه‌كم نییه‌... یان به‌شی مه‌سره‌فی خۆم ناكات".

ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ساڵانی رابردووه‌ كه‌ بازاڕی زێڕ ده‌گه‌شایه‌وه‌و خواستی زۆری له‌سه‌ر بوو.

هه‌رێمی كوردستان ساڵی 2013 به‌رزترین رێژه‌ی هاورده‌كردنی زێڕی له‌ 10 ساڵی رابردوودا تۆماركرد، كه‌ به‌درێژایی ساڵه‌كه‌ 128 ته‌ن بوو، له‌كاتێكدا ساڵی رابردوو رێژه‌كه‌ بۆ 58 ته‌ن كه‌میكرد، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی كۆمه‌ڵه‌ی زێڕه‌نگرانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌خه‌ندان دراوه‌.

ئه‌و پاشه‌كشێیه‌ به‌وته‌ی زێڕه‌نگره‌كان به‌هۆی كه‌می خواسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و كانزا به‌نرخه‌، چونكه‌ له‌ناوخۆشدا له‌بری كڕینی زێڕ، تادێت رێژه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ زۆرترده‌بێت كه‌ ده‌ست بۆ فرۆشتنی ئاڵتونه‌كانیان ده‌به‌ن.

سروه‌ عه‌لی، ناوی خوازراوی یه‌كێك له‌و خێزانانه‌یه‌ كه‌ به‌ناچاریی ئاڵتونه‌كانیان كردووه‌ به‌پاره‌و خه‌رجی ده‌كه‌ن، "ماڵی سپیم بۆ رۆژی ره‌ش فرۆشت".

ده‌سته‌واژه‌ی "ماڵی سپی"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ به‌نرخی كانزای زێڕ كه‌ له‌هه‌ر كات‌و شوێنێكدا بێت پاره‌ی خۆی ده‌كات، "ماڵی ره‌ش"یش ئاماژه‌یه‌ بۆ رۆژی ته‌نگانه‌.

زێڕ له‌جیهاندا بۆ دوو مه‌به‌ست-ی سه‌ره‌كی به‌كارده‌هێنرێت: یه‌كه‌م كاڵایه‌كی گرانبه‌هایه‌و له‌ئامێری ئه‌لیكترۆنی‌و زێڕه‌نگریی‌و ددانسازیدا به‌كارده‌هێنرێت، دووه‌م وه‌كو هێشتنه‌وه‌ی به‌ها به‌كارده‌هێنرێت به‌تایبه‌تی وه‌كو سیاسه‌تێكی دڵنیایی له‌دژی بارگرژی سیاسی، به‌ڵام ئاڵتوون وه‌كو سه‌رمایه‌كانی دیكه‌ نییه‌و هه‌ڵگرتنی پاره‌ی تێده‌چێت.

بڕیاره‌كه‌ی سروه‌ عه‌لی، بۆ فرۆشتنی 10 مسقاڵ ئاڵتونه‌كه‌ی، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌و موچه‌كه‌ی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دواده‌كه‌وێت، بۆ نیوه‌ كه‌میكردووه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم سیاسه‌تی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی راگه‌یاند.

به‌گشتی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی هه‌رێم كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خواستی زێڕ دروستكردووه‌، چونكه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت موچه‌ی چوار مانگی ساڵی رابردووش بدات.

محه‌مه‌د جه‌زا، كه‌ زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ زێڕه‌نگری ده‌كات وتی كه‌ خه‌ڵك هه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كرێی خانوو بدات، یان  بۆ پێداویستی رۆژانه‌ی ماڵ، هاتووه‌ ئاڵـونه‌كه‌ی فرۆشتووه‌. "گرفتی ئێمه‌ ئێستا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نرخه‌كه‌شی داده‌به‌زێت خه‌ڵك زۆر به‌كه‌می ئاڵتون ده‌كڕێت"، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی كه‌می هاورده‌كردنی زێڕو سستبوونی بازاڕه‌.

ئه‌و زێڕه‌نگره‌ به‌ده‌م چاخواردنه‌وه‌ له‌دواكانه‌كه‌یدا وتی"خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌م بازاڕه‌ ته‌واو ئیفلاسی كردووه‌"، بۆیه‌ ئه‌ویش هه‌مان ترسی هه‌یه‌و له‌كڕینی زێڕدا حه‌زه‌ر ده‌كات، به‌هۆی ئاڵوگۆڕی جیاواز له‌نرخه‌كه‌یدا.

مانگی یه‌كی ئه‌مساڵ نرخی یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یار 21 (پێنج گرام) له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ 165 هه‌زار دیناربوو، دوای هه‌شت مانگ چه‌ندینجار به‌رزو نزمی به‌خۆوه‌بینی‌و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌ 236 هه‌زار دیناره‌.

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا زێڕه‌نگر هه‌یه‌ له‌ئاڵوگۆڕی نرخی زێڕدا قازانجی كردووه‌، حسێن بازرگان، كه‌ ناوێكی دیاری بازاڕی زێڕه‌نگره‌كانی سلێمانییه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.

حسێن كه‌ ناسناوه‌كه‌ی به‌خۆوه‌یه‌تی‌و بازرگانی زێڕ ده‌كات، ده‌ڵێت گۆڕانكاریی له‌نرخی زێڕ، زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر چینی زێڕه‌نگره‌كانه‌، كاتێك نرخی زێڕ به‌رزده‌بێته‌وه‌ "سه‌دا 40ی زیانه‌كه‌ی به‌زێڕه‌نگره‌كان ده‌كه‌وێت".

خێراترین هۆكاری گۆڕانكاریی له‌نرخی زێڕ، په‌یوه‌ندی به‌گۆڕانكاریی له‌نرخی دۆلاره‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ركات دۆلاری ئه‌مریكی به‌رزببێته‌وه‌، وه‌به‌رهێنه‌ران نرخی زێڕ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌ڵام هه‌ندێك كات ئه‌و گۆڕانكارییه‌ له‌نرخه‌كه‌ی به‌قازانج بۆ زێڕه‌نگره‌كان ده‌شكێته‌وه‌، "بۆ نموونه‌ من 10 كیلۆ ئاڵتونم هه‌یه‌، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش هه‌ر كیلۆیه‌كی ئاڵتون بووه‌ 35 هه‌زار دۆلار، ئێستا هه‌ر كیلۆیه‌كی به‌ 42 هه‌زار دۆلاره‌، واته‌ من ئه‌گه‌ر ئێستا بیفرۆشم حه‌وت هه‌زار دۆلار قازانج ده‌كه‌م"، حسێن بازرگان وای وت.

ئێستا ئه‌و زێڕه‌نگرانه‌ی كڕینی زێڕیان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئاڵـونه‌كانیان، چاویان له‌و كچ‌و كوڕانه‌یه‌ كه‌تازه‌ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك خه‌ڵك كه‌ زێڕه‌نگره‌كان به‌ده‌وڵه‌مه‌ند ناویان ده‌به‌ن.

هه‌رێمی كوردستان، بازاڕێكی باش بوو بۆ وڵاتی ئیماراتی عه‌ره‌بی، كه‌ له‌هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێرو سلێمانییه‌وه‌ زێڕی لێوه‌ هاورده‌ی شاره‌كانی كوردستان ده‌كرا.

قاره‌مان قادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی زێڕه‌نگرانی كوردستان كه‌ كاروباری زێڕه‌نگره‌كانی هه‌رێم رێكده‌خات، به‌خه‌ندان-ی وت "ساڵ به‌ساڵ هاورده‌كردنی زێڕ بۆ هه‌رێمی كوردستان‌و عیراق كه‌مده‌كات، به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست‌و ئاڵوگۆڕ له‌نرخه‌كه‌یدا".

تا كۆتایی ئه‌مساڵ پێشبینی ده‌كرێت، هاورده‌ی زێڕ بۆ هه‌رێم ببێته‌ 28 ته‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی قاره‌مان كه‌ له‌كاتێكدایه‌ ساڵی رابردوو هاورده‌ی زێڕ له‌هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌كه‌وه‌ 57 ته‌ن بووه‌.

له‌ئێستادا هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ جێگیربوونی نرخی زێڕ نییه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ كه‌ بازاڕی زێڕه‌نگره‌كانی كوردستان سستی زیاتر به‌خۆوه‌ببینێت‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر گرانبوونی كاڵاكانی تر هه‌یه‌.

حسێن بازرگان وتی"له‌كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی زێڕ به‌تایبه‌ت ئه‌مساڵ، فرۆشیار زۆرتر بووه‌ له‌كڕیار، هه‌ندێك له‌هاوڵاتیان ده‌یانه‌وێت نرخه‌كه‌ی دابه‌زێت ئینجا ئاڵتون بكڕن".

شۆخان به‌هادین‌و له‌نجه‌ عه‌زیز، دوو خوێندكاری به‌شی راگه‌یاندنی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی سلێمانین، بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له‌خه‌ندان خولی هاوینه‌ ده‌بینن.


ئه‌م بابه‌ته 3470 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM