واژۆکردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان یهكێتیو گۆڕان لەسەر پۆستەکانی سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه له‌ساڵی 2014دا
خه‌ندان-
به‌رپرسانی یهكێتیو گۆڕان، جه‌خت له‌ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌نه‌وه به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌ردوولا كه ئێستا كاتی جێبه‌جێكردنیه‌تی، به‌ڵام واده‌یه‌ك بۆ ئه‌و هه‌نگاوه دیاریناكهن.
رێككه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، 9/12/2014 واژۆكرا بۆ پێكهێنانی هه‌ردوو حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكانی سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه، بڕیاردرا دوای دووساڵ پۆسته‌كان له‌نێوانیاندا ئاڵوگۆڕی پێبكرێت‌و كه واده‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش، ده‌كه‌وێته 9و 10/8ی ئه‌مساڵه‌وه.
دانا عه‌بدولكه‌ریم، به‌پرسی به‌شی حكومه‌ت له ژووی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ خه‌ندانی رونكرده‌وه، كه گۆڕانكاریه‌كه مه‌رج نیه له‌رۆژێكی دیاریكراودا بێت‌و پێده‌چێت، له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا ئاڵوگۆر له پۆسته‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه بكرێت به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه.
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه "من بهسهریحیو به‌رونی ده‌ڵێم كه رێككه‌وتنه‌كه وه‌كو خۆی جێبه‌جێده‌كرێت".
به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ی دووساڵ له‌مه‌وبه‌ری هه‌ردوو حزب، 10ی ئه‌م مانگه ده‌بێت هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، سه‌رۆكی ئێستای ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌پشكی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وه‌ربگرێت، كه ئێستا له‌لایه‌ن ئاسۆ فه‌ره‌یدون، له‌پشكی یه‌كێتی به‌رێوه‌ده‌برێت.
ئاسۆ فه‌ره‌یدون له 11/12/2014دا دیاریكراو بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی له‌پشكی یه‌كێتی بۆ دووساڵی یه‌كه‌م تاوه‌كو 9/8/2016، كاندیدی گۆڕان له‌و ماوه‌یه‌دا پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای وهرگرتو وه‌كو له‌رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه، پێویسته له 10/8ی ئه‌مساڵه ببێته پارێزگار تاوه‌كو 30/4/2018.
هه‌ڤال ئه‌بوبه‌كر، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی‌و كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار به‌خه‌ندانی وت "ئێستا له دیراسه‌كردنی ئه‌و بابه‌ته‌داین، له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش تاوتوێی ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌نجومه‌ن بڕیاری له‌و بابه‌ته داوه بۆیه هه‌ر بڕیاریك ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌یدات".
به‌وته‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، تائێستا هه‌ردوولایه‌ن (گۆڕان‌و یهكیـَتی) پابه‌ندن بهرێككهوتنهكهو هیچ كێشه‌یه‌ك نیه.
به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه، جگه له پۆستی پارێزگاری سلێمانی دووساڵ به دووساڵ، ده‌بێ گۆرانكاری له پۆسته‌كانی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و جێگره‌كانی، جێگره‌كانی پارێزگاری سلێمانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی‌و جێگره‌كه‌ی، قائمقامیه‌تی ناوه‌ندی سلێمانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و جێگره‌كه‌ی، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و قایمقامیه‌تی هه‌ڵه‌بجه، ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و راپه‌رین و جێگره‌كانیان بكرێت.
ئه‌كره‌م شه‌ریف، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی (پشكی یه‌كێتی) بۆ خه‌ندان جه‌ختیكرده‌وه، له‌رووی سیاسیه‌وه هیچ گرفتێك له‌جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه لای گۆڕان‌و یهكێتهوه نیه.
هه‌روه‌ها پێیوایه ئه‌گه‌ر گرفتێكی یاساییش هه‌بێت، ئه‌وه پێویسته گۆڕان خۆی وهلاَمی بداته‌وه كه چۆن رێوشوێنی یاسایی و ئیداری ده‌گرنه‌به‌ر، چۆن رایگشتی لهوهئاگاداردهكهنهوه كه ئاڵوگۆری پۆسته‌كان رێوشێونی یاسایی خۆیی هه‌یه.
رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان یهكێتیو گۆڕان له‌ساڵی 2014دا، دوای چه‌ند مانگێك له‌گفتوگۆو دانوستانی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كان هات بۆ پێكهێنانی هه‌ردوو حكومه‌تی خۆجێی سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه.
هونه‌ر تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پارێزگای سلێمانی به‌خه‌ندانی وت "ئاڵوگۆری پۆسته‌كان له سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه گۆڕان‌و یه‌كێتی خۆیان وه‌ك دووحزب بڕیاری لێده‌ده‌ن، ههموشتیك له‌ده‌ره‌وه‌ی بڕیارده‌ری ئه‌و دوو حزبه به‌تاڵه".
واده‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه له‌پۆسته‌كانی سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌یه له‌كاتێكدایه، گۆڕان‌و یه‌كێتی له‌مانگی پێنجی ئه‌مساڵدا رێككه‌وتنێكی سیاسیشیان واژۆكرد، تێیدا كاری هاوبهشو تێڕوانینه‌كانیان بۆ چه‌ندین پرس‌و دۆخی هه‌رێمی كوردستان، عیراق‌و ناوچه‌كه خستووه‌ته‌ڕوو.
رێكه‌وت زه‌كی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پێشتر بۆ خه‌ندان جه‌ختیكرده‌وه، خزبهكهی هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌دا نیه‌و ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كان ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2009، ده‌ستبه‌كاربونی پارێزگار پێویستی به مه‌رسومی هه‌رێمی هه‌یه كه سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ریده‌كات، له‌كاتێكدا حزبه‌كان بۆچوونی جیاوازیان له‌باره‌ی ئه‌و پۆسته‌وه هه‌یه له‌ئێستادا، به‌تایبه‌ت گۆڕان پێیوایه واده‌ی یاسایی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌واو بووه.
دانا عه‌بدولكه‌ریم له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان گرنگه، جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌یه كه ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێده‌كرێت.
هاوكات هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پێیوابوو جارێی زووه بۆ ئه‌و بابه‌ته‌و "باده‌ست پێبكه‌ین بزانین كێشه له‌كوێدایه ئه‌وكاته قسه‌ی خۆمان ده‌بێت".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، گۆڕان و پارتی ماوه‌ی ساڵێكه به‌هۆی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه كێشه كه‌وتۆته نێوانیان‌و له 12ی 10ی ساڵی رابردوودا ناكۆكیه‌كانیان گه‌یشته لوتكه، كاتێك رێگه‌نه‌درا یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بچێته هه‌ولێرو وه‌زیره‌كانی گۆڕانیش له‌حكومه‌ت دوورخرانه‌وه.
هه‌رچه‌نده دوو ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان‌و یه‌كێتیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌پۆسته‌كان به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه پڕنهكراونهتهوهو پارتی دیموكراتی كوردستانیش، به‌شداری نه‌كردووه له‌هه‌ردوو حكومه‌تی خۆجێی سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه، كه چه‌ند مانگێك گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو‌و هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو، ژماره‌یه‌ك پۆستیان بۆ دیاریكرا.
به‌رپرسی به‌شی حكومه‌ت له ژووری حكومهتو په‌رله‌مانی گۆڕان پێشتر بۆ خه‌ندان رونیكرده‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تائێستا كاندیدی ئه‌وان بۆ پۆستی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی راپه‌رین له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه فه‌رمانی بۆ ده‌رنه‌چووه، بۆیه ره‌نگه گۆرانكاریه‌كه ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌رین نه‌گرێته‌وه.
له‌كۆی 15 قایمقام له‌پارێزگای سلێمانی، به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه شه‌ش بۆ گۆڕان‌و شه‌ش بۆ یه‌كێتی بوو، سێ قایمقامیش بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه دانرا، هه‌روه‌ها له‌كۆی 44 به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه گۆڕان 19و یه‌كێتی 18ی به‌ركه‌وت، ئه‌وانیتر بۆ لایه‌نه‌كانی تر بوو.
هه‌ر له‌پارێزگای سلێمانی‌و له‌كۆی 27 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی، گۆڕان 11و یه‌كێتیش هه‌مان ژماره‌ی به‌ركه‌وت، پێنج به‌رێوه‌به‌ری گشتی بۆ پارتی‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو دانرا.
به‌پێی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له كۆتایی (نیسان/4)ی 2014دا، گۆڕان 12 كورسی‌و یه‌كێتیش بووه خاوه‌نی 11 كورسی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی.
ئه‌م بابه‌ته 2794
جار خوێنراوهتهوه