كاتێك جه‌له‌ولا كه‌وته‌ ده‌ست داعش
خه‌ندان چیرۆكه‌ نه‌بیستراوه‌كانی‌ ئه‌و رۆژه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ وه‌حده‌‌و ته‌جنید

خه‌ندان، راپۆرتی‌ مه‌یدانی‌ سه‌رچین ساڵح

كاتژمێر 5:30 خوله‌كی‌ ئێواره‌بوو، له‌گه‌ڵ بیستنی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ شه‌قامی‌ سه‌ره‌كی‌ جه‌له‌ولا جمه‌ی‌ ده‌هات له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ ده‌یویست هه‌ڵبێت، "ئه‌ڵڵاهوئه‌كبه‌ر"ی‌ داعش له‌رێی‌ بڵندگۆكانه‌وه‌ تێكه‌ڵ بووبوو به‌ده‌نگی‌ ته‌قه‌ی‌ دۆشكه‌‌و پیكه‌یسی‌، محه‌مه‌د واباسی‌ كۆتا شه‌وی‌ ناحیه‌كه‌ی‌ كرد به‌رله‌وه‌ی‌ ئه‌ویش جێیبهێڵێت.

ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ به‌هێزه‌ی‌ له‌و رۆژه‌دا به‌ته‌واوی‌ وره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ روخاند، له‌رێی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ پڕ له‌تی‌ ئێن تی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خاشاكه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، كاتێك چه‌كدارانی‌ داعش له‌گه‌ڕه‌كێكی‌ ناو جه‌له‌ولاوه‌ به‌ره‌و سه‌نگه‌ری‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاراسته‌یان كرد‌و ته‌قاندیانه‌وه‌.

ئه‌و شوێنه‌ی‌ ئۆتۆمبێلی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خاشاكه‌كه‌ی‌ تێدا ته‌قیووه‌ته‌وه‌

چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ داعش، دره‌نگانی‌ شه‌وی‌ 10/8/2014 به‌ته‌واوی‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا-یان داگیركرد له‌سنوری‌ پارێزگای‌ دیاله‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 15 كاتژمێر.

محه‌مه‌د ره‌شید، به‌ئه‌بو وریا ناسراوه‌‌و هاوڵاتیه‌كی‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ گه‌ڕه‌كی‌ شوهه‌دایه‌ له‌خۆڕهه‌ڵاتی‌ جه‌له‌ولایه‌، ئه‌و شه‌ش منداڵی‌ هه‌یه‌‌و ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا "ئاخر كه‌س بووین كه‌ له‌ناحیه‌كه‌ ده‌رچووین كاتێك داعش هات".

"كاتژمێر 5:30 خوله‌كی‌ ئێواره‌بوو ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز هات، خانوه‌كه‌م دووقاته‌ چووه‌مه‌ سه‌ره‌وه‌‌و بینیم له‌لای‌ به‌رزایه‌كه‌ی‌ گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حد (به‌چاڤیلاند ناسراوه‌) دوكه‌ڵێك به‌رزبووه‌ته‌وه‌، بینینم هاوڵاتیان‌و پێشمه‌رگه‌ به‌شێك به‌پیاده‌و به‌شێك به‌ ئۆتۆمبێل ڕاده‌كه‌ن، تا وایلێهات شه‌قامی‌ ناو جه‌له‌ولا به‌شێوه‌یه‌ك قه‌ره‌باڵغ بوو رێكردن زه‌حمه‌ت بوو" محه‌مه‌د وای‌ به‌خه‌ندان وت.

سه‌ره‌تای‌ چوونی‌ داعش بۆ جه‌له‌ولا، دوو مانگ پێش كه‌وتنی‌ ناحیه‌كه‌ بوو، ئه‌وه‌ش كاتێك به‌ره‌به‌یانی‌ 8/6/2014دا به‌دوو ته‌قینه‌وه‌ی‌ خۆكوژی‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌ڕێی‌ ئۆتۆمبێله‌وه‌ بوو، باره‌گای‌ كۆمیته‌ی‌ یه‌كێتی‌-یان كرده‌ ئامانج‌و دواتر، گه‌ڕه‌كی‌ ته‌جنیدیان كه‌وته‌ ده‌ست.

باره‌گای‌ كۆمیته‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ ته‌خت بووه‌

ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری‌ جه‌له‌ولا، دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌عه‌شیره‌تی‌ كروییه‌كانن‌و بۆ ماوه‌ی‌ دوو مانگ پێش به‌ته‌واوی‌ داگیركردنی‌ ناوچه‌كه‌، هاوشانی‌ چه‌كدارانی‌ داعش دژی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕیان كرد.

سه‌ركان عه‌زیز، یه‌كێكه‌ له‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ تاوه‌كو كه‌وتنی‌ جه‌له‌ولا له‌به‌رگریدا ماوه‌ته‌وه‌‌و به‌خه‌ندانی‌ وت "له‌دوای‌ كاتژمێر سێی‌ به‌ره‌به‌یانی‌ 10ی‌ مانگه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌ستیپێكرد، شه‌ڕێكی‌ قورس بوو، من به‌رزایه‌ك (چاڤیلاند) بووم ده‌یڕوانی‌ به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حده‌و ته‌جنیددا كه‌ مۆڵگه‌ی‌ داعش بوو، گه‌یشته‌ كاتژمێر پێنج هاوڕێیه‌كم به‌ قه‌ناس شه‌هید بوو".

گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حده‌ش، له‌هه‌مان ناوچه‌ی‌ گه‌ڕه‌كی‌ ته‌جنیده‌ له‌باشوری‌ جه‌له‌ولا، دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بن.

پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ وه‌حده‌‌و ته‌جنید

"شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، به‌شێوه‌یه‌ك جێگۆڕینمان زۆر زه‌حمه‌ت بووبوو، قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانی‌ داعش كۆنترۆڵی‌ جوڵه‌كانیان كردبوین‌و به‌ئه‌سته‌م هاوكاریمان پێده‌گه‌یشت، ئێواره‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خاشاك له‌گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حده‌وه‌ هاته‌سه‌ره‌وه‌ بۆ چاڤیلاند، ته‌قه‌یه‌كی‌ زۆرمان لێكرد‌و 100 مه‌ترێك له‌ساتره‌كه‌مان ته‌قیه‌وه‌" سه‌ركان ده‌شڵێت "ده‌نگێكی‌ زۆر به‌هێزی‌ هه‌بوو، سێ پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون‌و نزیكه‌ی‌ شه‌ش ماڵ‌و مزگه‌وتێك ته‌ختی‌ زه‌وی‌ بوون، به‌شێك له‌پێشمه‌رگه‌كان كاس بوون‌و توانای‌ ته‌قه‌كردن‌و رێكردنیان بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك نه‌ما".

داعش ورده‌ورده‌ له‌داگیركردنی‌ ته‌واوه‌تی‌ جه‌له‌ولا نزیكده‌بووه‌وه‌، به‌ڵام محه‌مه‌د، هاوڵاتیه‌ كورده‌كه‌ی‌ ئه‌و ناحیه‌یه‌ هێشتا نه‌رۆیشتبوو، سه‌رباری‌ پێداگری‌ منداڵ‌و خێزانه‌كه‌ی‌ بۆ هه‌ڵاتن.

محه‌مه‌د وتی‌ "داعش به‌موكه‌به‌ره‌‌و له‌بڵندگۆوه‌ هاواریان ده‌كرد‌و ده‌نگی‌ ئه‌ڵڵاهوئه‌كبه‌ر تێكه‌ڵ به‌ته‌قه‌ی‌ دۆشكه‌و پیكه‌سی‌ بووبوو، خێزان‌و منداڵه‌كانم هاتنه‌سه‌ره‌وه‌‌و وتیان بابڕۆین ئه‌وه‌تا جه‌له‌ولا چۆڵ بوو ئێستا داعش بێت سه‌رمان ده‌بڕێت، به‌ڵام له‌وبڕوایه‌دا نه‌بووم جه‌له‌ولا به‌وشێوه‌یه‌ بكه‌وێت، ئومێدێكم هه‌بوو نه‌توانێت به‌ته‌واوی‌ كۆنتڕۆڵی‌ بكات".

هێرشه‌كانی‌ داعش له‌جه‌له‌ولا، به‌یه‌كێك له‌په‌لاماره‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ داده‌نرێت چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌چه‌كداری‌ بیانیشیان به‌شداربوون، هه‌روه‌ها ده‌یان خێزانی‌ عه‌ره‌بی‌ نیشته‌جێی‌ ناحیه‌كه‌ دژی‌ پێشمه‌رگه‌‌و خه‌ڵكی‌ كورد چه‌كیان هه‌ڵگرت.

محه‌مه‌د ده‌ڵێت "ئه‌و ماڵانه‌ی‌ عه‌ره‌بن بوون‌و هاوسۆزی‌ داعش بوون، كه‌وتنه‌ ته‌قه‌كردن له‌هاوڵاتیان‌و پێشمه‌رگه‌، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی‌ وره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ روخاند‌و هه‌موو ناحیه‌كه‌یان لێبووبوو به‌داعش".

خانوویه‌ك له‌گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حده‌ كه‌ داعش تێیدا ته‌قه‌ی‌ له‌پێشمه‌رگه‌ كردووه‌

شه‌ڕی‌ گه‌وره‌ی‌ جه‌له‌ولا بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كتوپڕ نه‌بوو، ئه‌وان دوو مانگ بوو له‌روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ پچڕپچڕدا بوون له‌گه‌ڵ داعش له‌دوو گه‌ڕه‌كی‌ ناحیه‌‌و دره‌نگانی‌ شه‌وی‌ پێش 10ی‌ مانگیش، زانیارییان پێگه‌یشتبوو له‌باره‌ی‌ ئاماده‌كردنی‌ چه‌ندین ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ بۆیه‌ له‌ئاماده‌باشیدابوون.

سه‌ركان عه‌زیز، پێشمه‌رگه‌كه‌ی‌ ناو جه‌له‌ولا وتی‌ "به‌ده‌م به‌رگریكردنه‌وه‌ پاشه‌كشه‌مان كرد‌و تا نزیك كاتژمێر هه‌شتی‌ شه‌و به‌رده‌وام بوین له‌شه‌ڕ، دواتر له‌پردی‌ جه‌له‌ولا په‌ڕینه‌وه‌‌و پێش ئێمه‌ش، هاوڵاتیان‌و به‌شێك له‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ناحیه‌كه‌یان چۆڵكردبوو".

له‌سه‌روبه‌ندنی‌ كه‌وتنی‌ جه‌له‌ولا، به‌شێك له‌فه‌رمانده‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانیان له‌ناو جه‌له‌ولا وه‌كو تاكتیك ناوبرد، به‌ئامانجی‌ ئه‌وه‌ی‌ زیانی‌ زۆریان به‌رنه‌كه‌وێت.

هاوڵاتیه‌ كورده‌كه‌ی‌ دانیشتووی‌ جه‌له‌ولا تاوه‌كو كاتژێر 11ی‌ ئه‌وی‌ 10 مانگ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌، وه‌كو خۆی‌ ده‌ڵێت هاوسه‌ری‌ به‌گریانه‌وه‌ تكای‌ لێكردووه‌ برۆن‌و له‌وكاته‌دا، شه‌هید حسین مه‌نسور (فه‌رمانده‌ی‌ باڵای‌ پێشمه‌رگه‌ بوو) به‌هۆی‌ نزیكی‌‌و خزمایه‌تیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌كردووه‌‌و كاتێ زانیویه‌تی‌ له‌جه‌له‌ولایه‌، داوایكردووه‌ به‌زوویی‌ بڕوات.

محه‌مه‌د ده‌ڵێت "منداڵه‌كانم سواری‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ كردو به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ لایت هه‌ڵبكه‌م به‌ره‌و پردی‌ نێوان جه‌له‌ولاو كه‌لار كه‌وتمه‌ڕێ‌، نزیكه‌ی‌ 15 خوله‌كم پێچوو تاوه‌كو گه‌یشتمه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌س نه‌مابوو له‌شه‌قامه‌كه‌دا‌و دۆشكه‌یه‌كی‌ داعش ته‌قه‌ی‌ زۆری‌ لێكردین، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێمانه‌وه‌ دووربوو فیشه‌كه‌كان به‌رمان نه‌ده‌كه‌وت".

هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ دوای‌ زیاتر له‌ 15 كاتژمێر شه‌ڕكردن، له‌ناو جه‌له‌ولاوه‌ به‌ره‌و گوندی‌ حسه‌ینێ كشانه‌وه‌ كه‌ به‌دووری‌ پێنج كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ ناحیه‌كه‌، رێگه‌نه‌درا داعش زیاتر به‌ره‌و ناوچه‌كانی‌ گه‌رمیان بڕوات.

عه‌مید عیرفان حه‌مه‌خان، جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ سێی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ خه‌ندان ئاماری‌ شه‌ڕه‌كانی‌ جه‌له‌ولای‌ خسته‌ڕوو، به‌وته‌ی‌ ئه‌و له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ هاتنی‌ داعشه‌وه‌ له‌جه‌له‌ولا 178 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون، له‌ڕۆژی‌ كه‌وتنی‌ ناحیه‌كه‌شدا پێشمه‌رگه‌ 12 شه‌هیدی‌ هه‌بووه‌.

له‌ئه‌نجامی‌ شه‌ڕ‌و پێكدادانه‌كانی‌ ناو جه‌له‌ولا، بیناكانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ناحیه‌، پۆلیس، پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن‌و دادگا به‌ته‌واوی‌ ته‌ختی‌ زه‌وی‌ بوون.

بینای‌ ناحیه‌‌و پۆلیس كه‌ داعش ته‌قاندوویه‌تیه‌وه‌

دوای‌ تێپه‌ڕینی‌ زیاتر له‌سێ‌ مانگ به‌سه‌ر داگیركردنیدا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌به‌یانی‌ 23/11/2014 ئۆپه‌راسیۆنێكیان له‌جه‌له‌ولا ده‌ستپێكرد‌و دوای‌ هه‌شت كاتژمێر له‌شه‌ڕ، توانییان ناحیه‌كه‌ كۆنترۆڵبكه‌نه‌وه‌.

زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی‌ جه‌له‌ولا ئاواره‌ی‌ گه‌رمیان‌و خانه‌قین بوون، ماوه‌ی‌ ساڵێككه‌ دجه‌ست به‌گه‌ڕانه‌وه‌یان كراوه‌‌و تائێستا حه‌وت هه‌زارو 800 خێزان چوونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌كانی‌ خۆیان، له‌چه‌ند مانگی‌ داهاتوودا سی‌ َهه‌زار خێزانی‌ دیكه‌ش ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌، به‌وته‌ی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا.

یه‌عقوب یوسف بۆ خه‌ندان رونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕو داگیركردنی‌ جه‌له‌ولاوه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، زیانی‌ زیاتر له‌ 100 ملیۆن دۆلار به‌ر ناحیه‌كه‌ كه‌تووه‌‌و به‌ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌ی‌ پێویست، له‌ماوه‌ی‌ ساڵێكدا ده‌توانن ئاوه‌ددانی‌ بكه‌نه‌وه‌.

تائێستا 13 فه‌رمانگه‌ له‌جه‌له‌ولا كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا دادگاو پۆلیس‌و ره‌گه‌زنامه‌ له‌ناحیه‌كه‌دا نیه‌.

به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كه‌ ره‌خنه‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌گرێت‌و وتی‌ "هیچی‌ نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌له‌ولا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم، ناحیه‌كه‌ له‌ڕووی‌ ئیداریه‌وه‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ دیاله‌یه‌ به‌ڵام له‌ ئه‌مری واقیع دا سه‌رجه‌م كاره‌كانمان له‌ڕێگه‌ی‌ هه‌رێمه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".

ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا سه‌ر به‌قه‌زای‌ خانه‌قینه‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ دیاله‌، یه‌كێك له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا، تائێستا ناكۆكی‌ له‌سه‌ر مه‌له‌فی‌ ئه‌منی‌‌و ئیداری‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

هاوڵاتیان له‌نێو جه‌له‌ولا ژیانیان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌

جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ سێی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت مه‌له‌فی‌ ئه‌منی‌ ناحیه‌كه‌ له‌ده‌ستی‌ ئاسایشی‌ گه‌رمیاندایه‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌باشوریه‌وه‌ تاوه‌كو قه‌ره‌ته‌په‌ سه‌نگه‌ری‌ قایم كردووه‌.

عه‌مید عیرفان حه‌مه‌خان جه‌ختیكرده‌وه‌ "قبوڵناكه‌ین جگه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تر هه‌بێت چونكه‌ جه‌له‌ولا به‌خوێنی‌ پێشمه‌رگه‌ ئازادكراوه‌‌و ئێستاش پێشمه‌رگه‌ سنگی‌ كردوه‌ته‌ غه‌ڵغانی‌ پاراستنی‌ ناحیه‌كه‌".


ئه‌م بابه‌ته 8430 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM