هێشتا كورد له‌به‌غدا پێنج ره‌نگه‌
پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ شكستیهێناوه‌؟

په‌رله‌مانی‌ عیراق

خه‌ندان، ئیدریس جه‌بار

فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق هێشتا به‌پێنج ره‌نگ‌و به‌رنامه‌ی‌ جیاوازه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌یه‌كده‌نگی‌ بۆ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ بۆچوونه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ كوردستانیدا یه‌كبخه‌ن، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌بوون ده‌ره‌نجامی‌ نه‌بووه‌.

نه‌بوونی‌ یه‌ك هێزی‌‌و هاوپه‌یمانێتی‌ كورد له‌به‌غدا له‌كاتێكدایه‌، له‌چه‌ند مانگی‌ رابردوودا چه‌ندین پۆستیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ هێشتا ده‌یان كێشه‌ به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا ماوه‌ته‌وه‌.

نوێنه‌رانی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق مه‌ترسیه‌كانی‌ نه‌بوونی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ ناشارنه‌وه‌‌و پێیانوایه‌، كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر سه‌نگی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌غدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ ره‌هه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بووه‌ هاوهه‌ڵوێست بوون.

پێنج حزبی‌ كورد (پارتی‌، یه‌كێتی‌، گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو)، به‌پێی‌ ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ 2014ی‌ عیراق توانییان بگه‌نه‌ به‌غدا‌و پێكه‌وه‌، 62 كورسی‌ پێكده‌هێنن له‌كۆی‌ 328 كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

خه‌سره‌و گۆران، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌به‌غدا به‌خه‌ندانی‌ وت "چه‌ند هه‌وڵێك خرایه‌گه‌ڕ بۆ پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانییه‌ك، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ سه‌ریان نه‌گرت‌و تائێستاش سه‌ریان نه‌گرتووه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌ساڵی‌ 2014 هیچ حزبێك پێكه‌وه‌ نه‌بوون له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بۆیه‌ له‌به‌غدا پێنج فراكسیۆن هه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌و فراكسیۆنانه‌ بوونیان هه‌یه‌.


هۆڵی په‌رله‌مانی‌ عیراق

به‌بڕوای‌ خه‌سره‌و گۆران، بوونی‌ هاوپه‌یمانییه‌ك گومانی‌ تێدا نییه‌ بۆ كورد باشتر ده‌بوو، چونكه‌ چه‌ند كورد یه‌كڕیز‌و یه‌كده‌نگ بێت هێنده‌ سودی‌ بۆ هه‌موو كورد هه‌یه‌، چه‌ند جیاواز‌و په‌رته‌وازه‌ش بێت هێنده‌ زیان به‌ كورد ده‌گه‌یه‌نێت‌و كاریگه‌ریی‌ نێگه‌تیڤی‌ هه‌یه‌.

"كورد گه‌ر یه‌ك هاوپه‌یمانی‌ بێت، لایه‌نه‌كانی‌ تر ناتوانن ناكۆكی‌ له‌نێوانیاندا دروست بكه‌ن، به‌ڵام گه‌ر هه‌ركه‌س بۆخۆی‌ بێت، ده‌ره‌نجام و ئاكامه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بن"، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ كه‌ له‌نێو حزبه‌كانی‌ كوردیه‌كاندا زۆرینه‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ هه‌یه‌ واده‌ڵێت.

پێكهێنانی‌ فراكسیۆنی‌ هاوبه‌شی‌ فراكسیۆنی‌، له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا چه‌ندینجار گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر كراوه‌ له‌نێوان پێنج فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كه‌دا‌و جاربه‌جاریش گفتوگۆی‌ كۆبوونه‌وه‌ حزبیه‌كان بووه‌، به‌ڵام ته‌نیا له‌تاوتوێدا ماوه‌ته‌وه‌‌و به‌كرداری‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ دیارنین.

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌به‌غدا به‌خه‌ندانی‌ وت "كاتی‌ خۆی‌ چوارچێوه‌یه‌كمان دۆزییه‌وه‌ بۆ ناوه‌كه‌ی‌ (هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌)، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ رێكنه‌كه‌وتین"، ره‌تیشكرده‌وه‌ له‌ئێستادا هیچ پێشكه‌وتنێك له‌و پرسه‌دا هه‌بێت.

كورد له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003‌و روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌دام حسێن، به‌رده‌وام رۆڵی‌ هه‌بووه‌ له‌پێكهێنانی‌ كابینه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و به‌شداری‌ هه‌بووه‌، له‌په‌رله‌مانیش هه‌وڵی‌ جێگیركردنی‌ مافه‌كانی‌ هه‌رێم‌و بۆچوونه‌كانیان داوه‌ له‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ی‌ ده‌رده‌كرێن‌و په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌هه‌موو عیراقه‌وه‌.

به‌ختیار شاوه‌یس، په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتی‌ له‌به‌غدا ده‌ڵێت له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا به‌رده‌وام كورد دركی‌ به‌پێویستی‌ یه‌كڕیزی‌ و یه‌كده‌نگی‌ كردووه‌، هه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه‌شی‌ گرتووه‌ته‌به‌ر، له‌وچوارچێوه‌یه‌شه‌دا حزبه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌ره‌و پێكهێنانی‌ لیستێكی‌ یه‌كگرتوو كارییان كردووه‌.

هه‌روه‌ها بۆ خه‌ندان رونیكرده‌وه‌، رێككه‌وتنی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان "به‌ئاراسته‌ی‌ خزمه‌تكردن به‌كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا بووه‌".

یه‌كێـی‌‌و گۆڕان له‌ 17ی‌ پێنجی‌ ئه‌مساڵ، رێكككه‌وتنێكی‌ سیاسییان واژۆكرد‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ره‌و پێكهێنانی‌‌و راگه‌یاندنی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق هه‌نگاوده‌نێن.

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "یه‌كێتی‌‌و گۆڕان هاوپه‌یمانییان كردووه‌ یان رێككه‌وتنیان له‌نێوان خۆیاندا ئه‌نجامدا، ئێمه‌ تائێستا وه‌ك دوو فراكسیۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین نه‌ك یه‌ك فراكسیۆن، هه‌ركاتێك رایانگه‌یاند‌و ناوێكیان بۆ فراكسیۆنێكی‌ یه‌كگرتوو له‌نێوانیاندا دۆزییه‌وه‌، ئه‌وكات وه‌ك یه‌ك فراكسیۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین". 

خه‌سره‌و گۆران جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ یه‌ك هاوپه‌یمانی‌ له‌نێوان لیسته‌ كوردییه‌كان نییه‌ له‌به‌غدا، به‌ڵام له‌سه‌ر دۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان یه‌كهه‌ڵوێستن.

له‌چه‌ند مانگی‌ رابردودا‌و وه‌كو به‌شێك له‌و چاكسازییانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقیه‌وه‌ ده‌ستپێكراوه‌، كورد جێگری‌ سه‌رۆكوه‌زیران‌و چه‌ند پۆستێكی‌ وه‌زیری‌‌و پله‌ی‌ باڵای‌ له‌ده‌ستدا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و سلكی‌ ئه‌منی‌‌و په‌رله‌مانیشدا، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌پۆست‌و شوێنی‌ تردا قه‌ره‌بووبكرێته‌وه‌.

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ رونیكرده‌وه‌ "له‌ساڵی‌ 2005وه‌ تاوه‌كو 2014 كورد له‌به‌غدا هێنده‌ی‌ پۆسته‌كانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، هێنده‌ پۆسته‌كانی‌ زیادیان نه‌كردووه‌".

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید پێیوایه‌ له‌كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، هیچ حزبێك له‌ به‌غدا جیاوازیی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدی‌ نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌ی‌ پشكی‌ له‌سه‌دا 17ی‌ به‌شه‌بودجه‌ی‌ هه‌رێم ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو لیسته‌ كوردستانییه‌كان یه‌كده‌نگبوون تێیدا.

ده‌یان كێشه‌ی‌ چاره‌سه‌رنه‌كراون چه‌ندین ساڵه‌ له‌نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا ماوه‌ته‌وه‌، له‌نێویاندا ناوچه‌جێناكۆكه‌كان، بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌‌و دواترینیان، بودجه‌‌و پرسی‌ نه‌وت كه‌ له‌دوو ساڵی‌ رابردودا به‌هۆیه‌وه‌ هه‌رێم كه‌وته‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌.

شیرین ره‌زا، په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان له‌به‌غدا ره‌تیكرده‌وه‌ رێككه‌وتنی‌ ئه‌وان‌و یه‌كێتی‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ نێگه‌تیڤی‌ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی‌ لیسته‌ كوردستانییه‌كان له‌به‌غدا هه‌بووبێت‌و بۆ خه‌ندان ده‌شڵێت "بگره‌ تائێستا گۆڕان و یه‌كێتی‌ و پارتی‌ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، له‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ڵوێسته‌كاندا یه‌كڕیز و یه‌كده‌نگ، ته‌نانه‌ت له‌نێوان لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا به‌په‌رله‌مانتارانی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ ناوده‌برێن، وێڕای‌ نه‌بوونی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ له‌و جۆره‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع".

هه‌روه‌ها پێشیوانیه‌ نه‌بوونی‌ هاوپه‌یمانی به‌ ئیمزا و رێككه‌وتن كاریگه‌ریی‌ خراپی‌ له‌سه‌ر سه‌نگی‌ كورد دروستكردبێت، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و، لیسته‌ كوردستانییه‌كان تێكڕا به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندویانه‌ كه‌ له‌ به‌غدا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێستن.

رێنه‌كه‌وتنی‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كاندا له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی‌ هاوبه‌ش له‌به‌غدا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ ئه‌و ناكۆكییانه‌ی‌ له‌ناوخۆی‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌نێوان گۆڕان‌و پارتی‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ له‌مانگی‌ 10ی‌ ساڵی‌ رابردوودا گه‌یشته‌ لوتكه‌، كاتێك رێگه‌نه‌درا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا‌و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان له‌حكومه‌ت دورخرانه‌وه‌.

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت "ئێستا له‌به‌غدا دوو هه‌ڵوێست بونیان هه‌یه‌، یه‌كه‌میان نه‌ته‌وه‌ییه‌‌و ئه‌وی‌ دی‌ حزبییه‌، له‌هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا هیچ ناكۆكییه‌ك‌و جیاوازییه‌ك نه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌ بیروڕاشدا، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی‌ حزبی‌ ئه‌وا جیاوازه‌ له‌روانیمان بۆ بابه‌ته‌كه‌".

ئه‌وه‌شی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كێشه‌ی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بێت، وه‌كو ئه‌و وتی‌ "راوبۆچوونی‌ جیاوازی‌ حزبه‌كانه‌‌و ناكرێت بكرێته‌ كێشه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌".

راوه‌ستانی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانی‌ كورد له‌به‌غدا، له‌كاتێكدا بۆچوونی‌ جیاواز هه‌یه‌ له‌نێو حزبه‌كانی‌ هه‌رێمدا ده‌رباره‌ی‌ پێویستی‌ مانه‌وه‌ له‌به‌غدا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌موان كۆكن له‌سه‌ر مافی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌ڵام به‌شێكیان، سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاماده‌كاری‌ پێویستی‌ ده‌وێت‌و ئێستا گونجاو نیه‌.

به‌ختیار شاوه‌یس ده‌پرسێت "ئه‌گه‌ر كورد له‌ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه‌ و واز له‌ به‌غدا بهێنێت، چی‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت و ده‌ستكه‌وتی‌ چی‌ ده‌بێت؟"، هه‌ر خۆیشی‌ وه‌ڵامده‌داته‌وه‌‌و ده‌ڵێت "كورد له‌ئێستادا له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان گه‌ر ئاماده‌یی‌ نه‌بێت، ئه‌و یاسایانه‌ی‌ تێده‌په‌ڕێنرێن، لایه‌نه‌كانی‌ تر ده‌توانن له‌ دژی‌ ویست و خواسته‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد تێیبپه‌ڕێنن".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ یه‌كێتی‌، له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ راپه‌ڕاندنیشدا ئاماده‌یی‌ كورد گرنگی‌ خۆی‌ هه‌یه‌‌و له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا له‌گه‌ڵ بوونی‌ وه‌زیره‌ كورده‌كاندا، "ده‌كرێت رێگه‌ له‌و بڕیارانه‌ بگیرێت كه‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردن، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌ڕووی‌ ده‌ستورییه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عیراق و له‌ عیراق جیانه‌بوینه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بونی‌ كورد له‌ به‌غدا پێویسته‌".


ئه‌م بابه‌ته 1196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM