ئه‌فسه‌رێكی سوپای توركیا داوای مافی په‌نابه‌ری له‌ئه‌مریكا ده‌كات


خه‌ندان، عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د

ئه‌فسه‌رێكی سوپای توركیا، كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی له‌چوارچێوه‌ی‌ رێكخراوی ناتۆ له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌، داوای‌ له‌واشنتۆن كردووه‌ مافی په‌نابه‌رێتی پێبدات دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نكه‌ره‌ فه‌رمانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌ركردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ رۆیته‌رز.

پاش هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی رابردوودا، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م داواكردنی مافی په‌نابه‌رییه‌ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی سوپای توركیاوه‌، كه‌ ئاراسته‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كرابێت.

دوو به‌رپرسی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ داوایانكردووه‌ ناوه‌كانیان پارێزراوبێت، به‌ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ توركییه‌ له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی تایبه‌ت به‌ هاوپه‌یمانی رێكخراوی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) كاریكردووه‌، به‌ڵام به‌رپرسه‌كان هیچ زانیارییه‌كان له‌باره‌ی ناو پله‌كه‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و توركیا قورستر بكات، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ئێستادا ئه‌نقه‌ره‌ داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی فه‌تحوڵا گیوله‌ن، رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت له‌ واشنتۆن ده‌كات‌و به‌مدواییه‌، چه‌ند لێدوانێكی توند له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای توركیاوه‌ دژ به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان دران.

له‌هه‌مانكاتدا، به‌رپرسێكی باڵوێزخانه‌ی توركیا له‌ واشنتۆن به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌دمیراڵ مسته‌فا ئورلو پاش ئه‌وه‌ی مانگی رابردوو له‌لایه‌ن توركیاوه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوو هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ به‌رپرسانه‌وه‌ نه‌كردووه‌.

"له‌ 22ی ته‌مموزدا، پێناس و باجی سه‌ربازییه‌كه‌ی له‌ بنكه‌ی سه‌ره‌كیی فه‌رمانده‌یی ناتۆ، كه‌ له‌ شاری نۆرفۆڵكی ویلایه‌تی ڤێرجینیای ئه‌مریكایه‌ جێهێشتووه‌ و له‌و كاته‌وه‌ هیچ زانیارییه‌كیان له‌باره‌ نه‌بیستووه‌" به‌رپرسه‌ توركه‌كه‌ به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌‌و داوایكردووه‌ كه‌ ناوه‌كه‌ی پارێزراوبێت.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌، له‌گه‌ڵ مسته‌فا ئورلودا دوو ئه‌فسه‌ری دیكه‌، كه‌ پله‌كانیان نزمبووه‌، داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان كراوه‌، یه‌كێكیان رۆیشتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان به‌م نزیكانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ توركیا، به‌ڵام ئه‌مان هیچ فه‌رمانێكی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رنه‌كراوه‌.

به‌رپرسێكی ناتۆ، كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرابكرێت به‌رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌، رێكخستنه‌وه‌ی ناوخۆی سه‌ربازیی توركیا كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی فه‌رمانده‌یی باڵی ناتۆ نه‌بووه‌، به‌ وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ "توركیا ناتۆی له‌ئه‌نجامدانی چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك ئاگاداركردووه‌ به‌ڵام هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئۆپراسیۆنانه‌ی ناتۆ به‌ڕێوه‌یانده‌بات نه‌بووه‌".

توركیا له‌دوای‌ هه‌وڵی‌ كوده‌تا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌وه‌، هه‌زاران كه‌سی‌ ده‌ستگیركردووه‌ یان له‌كاره‌كانیان دووریخستوونه‌ته‌وه‌، له‌نێویاندا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌به‌رپرس‌و كارمه‌ندانی‌ ده‌زگا ئه‌منی‌‌و سه‌ربازییه‌كان هه‌بوون.


ئه‌م بابه‌ته 1415 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM