له‌حه‌ویجه‌وه‌ بۆ مه‌خمور 12 كاتژمێر به‌ڕێوه‌بوون
نه‌غه‌م‌و منداڵه‌كه‌ی‌ سكی‌ به‌زیندوێتی‌ نه‌گه‌یشتنه‌ ئارامی‌

نه‌غه‌م له‌ سه‌ر شانی‌ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ دوای‌ گه‌یشتنی‌ به‌ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ ئه‌و هێزه‌

خه‌ندان- فه‌رمان سادق

نه‌غه‌م به‌منداڵێكی‌ پێنج مانگ دووگیان بوو، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا 12 كاتژمێر به‌پێ حه‌ویجه‌ی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعشی‌ به‌ره‌و مه‌خمور به‌جێهێشت، به‌ڵام ئاواته‌كه‌ی‌ بۆ گه‌یشتن به‌ناوچه‌ ئارامه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌یه‌كجاری‌ برده‌ ژێرگڵ.

كاتژمێر سێی‌ دوانیوه‌ڕۆی‌ دووشه‌ممه‌ (8ی‌ ئه‌م مانگه‌)، نه‌غه‌م له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر‌و مندڵه‌كانیدا له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ له‌گوندی‌ ئه‌لوه‌سمی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ به‌ڕێكه‌وتوون، دوای‌ 12 كاتژمێر‌و بڕینی‌ زیاتر له‌ 30 كیلۆمه‌تر به‌پێ‌، له‌تینوێتیدا توانای‌ نه‌ماوه‌‌و به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ دواتر به‌نه‌قاله‌ گه‌یشته‌ میحوه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌مه‌خمور‌و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، گیانی‌ له‌ده‌ستدا.

نه‌غه‌م ئیبراهیم (30 ساڵ)، سیانزه‌ ساڵه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ پێكهێناوه‌ له‌گه‌ڵ خالد خه‌میس عه‌بدوڵا ئه‌لجبوری‌ (36 ساڵ)، سێ منداڵیان هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی‌ (رانیه‌ یانزه‌ ساڵ، عه‌بدوڵا سێ‌ ساڵ‌و لارا شه‌ش مانگ).

خالد خمیس، له‌ڕێگه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا بوو بۆ به‌عقوبه‌ بۆ به‌خاكسپاردنی‌ نه‌غه‌می‌ هاوسه‌ری‌ كاتێك له‌ڕێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ قسه‌ی‌ بۆ خه‌ندان كرد‌و باسی‌ چۆنیه‌تی‌ هه‌ڵهاتنیانی‌ كرد له‌ژێر ده‌ستی‌ داعش، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گونده‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌رچوون گه‌یشتونه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ شنێف‌و له‌وێ‌ بۆماوه‌ی‌ دوو كاتژمێر‌و نیو له‌خانوویه‌كی‌ هه‌یكه‌لدا ماونه‌ته‌وه‌.

خالد خه‌ڵكی گوندێكی‌ سه‌ر به‌شاری‌ به‌عقوبه‌یه‌‌و نه‌غه‌می‌ هاوژینی‌، كچی‌ خاڵیه‌تی‌ له‌هه‌مان شار، به‌ڵام له‌ساڵانی‌ رابردوودا‌و به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یانه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ حه‌ویجه‌.

ئه‌وخێزانه‌ كاتژمێر نۆی‌ شه‌و له‌خانووه‌ هه‌یكه‌له‌كه‌ به‌ره‌و گوندی‌ حلوات رۆیشتوون، كاتژمێر دوای‌ دووی‌ شه‌و ئاوی‌ خواردنه‌وه‌یان پێنه‌ماوه‌، به‌ڵام له‌رێكردن به‌رده‌وام بوون.

"ئه‌وانی‌ دیكه‌ش شیریان بۆ منداڵه‌كه‌یان پێ نه‌مابوو، خواردن و ئاویان لا نه‌مابوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوژینه‌كه‌م دووگیان بوو، له‌ڕێگادا زووتر ماندوو ده‌بوو له‌وانی دیكه‌، بۆیه‌ له‌ماندووبووندا كه‌وت‌و وتی‌ ناتوانم له‌وه‌ زیاتر ڕێبكه‌م"، خالد وای وت.

خالد هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ به‌جێهێشتووه‌‌و یه‌ك كاتژمێر به‌پێ رۆیشتووه‌، تاوه‌كو گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری‌ مه‌خمور، "رائد زاهیر حه‌سه‌ن، ئاوی‌ پێدام‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ بۆ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵدا ناردم، به‌ڵام نه‌منتوانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌م رزگار بكه‌م".

زیاتر وتیشی‌ "بۆیه‌ جاری‌ دووه‌م گه‌ڕامه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ رائد زاهیر به‌خۆیی‌‌و چه‌ندان پێشمه‌رگه‌ به‌ئۆتۆمبێل فریامان كه‌وتن، ئه‌گه‌رچی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیداربوو، چونكه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ موحه‌ره‌مه‌ی‌ نێوان هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و داعش بوو، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كان پاڵه‌وانانه‌ فریامان كه‌وتن، بۆیه‌ تا له‌ژیاندا مابم هه‌ڵوێستی‌ ئه‌وان له‌بیر ناكه‌م".

رائید زاهیر حه‌سه‌ن، له‌ لیوای‌ دووی‌ فه‌رمانده‌یی‌ هه‌ولێره‌‌و بۆ خه‌ندان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئه‌و شه‌وه‌ی‌ به‌هانای‌ نه‌غه‌م ئیبراهیم-وه‌ چوون، 90 كه‌سی‌ تر له‌هاوڵاتیانی‌ حه‌ویجه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ سنووری‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌.

قه‌زای حه‌ویجه‌‌و چه‌ند ناحیه‌یه‌كی‌ ده‌وروبه‌ری له‌سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، له‌مانگی شه‌شی ساڵی 2014وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌ستی داعش، زیاتر له‌ساڵێكیشه‌ شه‌پۆلی هه‌ڵهاتنی هاوڵاتیانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان چڕبووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی خراپی دۆخی گوزه‌ران‌و مامه‌ڵه‌ی توندی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌گه‌ڵیاندا.

هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ خالد‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ باره‌گای‌ فه‌وجی‌ لیوای‌ دووی‌ فه‌رمانده‌یی‌ هه‌ولێر، له‌وێوه‌ به‌خێرایی‌ به‌ئۆتۆمبێلێكی‌ تایبه‌ت نه‌غه‌م ئیبراهیم ره‌وانه‌ی‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌رگه‌ڕان ده‌كه‌ن.

"له‌وێ به‌خێرایی‌ دوو بوتڵ ئاویان خسته‌ سه‌ر نه‌غه‌م، دواتر به‌ئۆتۆمبێلی‌ فریاكه‌وتن گواسترایه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ رۆژهه‌ڵات له‌شاری‌ هه‌ولێر، به‌ڵام به‌هۆی‌ زۆر تینووبوونی‌ له‌ڕێگادا، هه‌ردوو گورچیله‌كانی‌ وه‌ستا بوون، به‌وهۆیه‌وه‌شه‌وه‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا" خالد واده‌ڵێت.

خێزانه‌كه‌ی‌ خالد له‌گونده‌كه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ تاوه‌كو سنوری‌ پێشمه‌رگه‌، 30 كیلۆمه‌تریان به‌ زیاتر له‌ 12 كاتژمێر، به‌پێ‌ رۆیشتن بڕی‌.

"نه‌غه‌م زۆری‌ حه‌زده‌كرد سه‌ردانی‌ هه‌ولێر بكات، به‌ئاواتی‌ ئه‌وه‌بوو سه‌فره‌یه‌كی ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كانی‌ بكات، بۆیه‌ له‌ڕێگادا بووین پێیده‌وتم كه‌ گه‌یشتین‌و هه‌ر موچه‌مان وه‌رگرت گه‌شتێك ده‌كه‌ین... به‌ڵام دیاره‌ قه‌ده‌ری‌ خودا وه‌هابوو كه‌ روویدا"، ئه‌وه‌ دوا وته‌كانی‌ نه‌غه‌م بوون به‌وته‌ی‌ خالدی‌ هاوسه‌ری‌.

خالد په‌رستاره‌‌و نه‌غه‌م مامۆستا بووه‌، ئه‌وان دوو ساڵ له‌كه‌ركوك نیشته‌جێبوون‌و له‌ساڵی‌ 2006وه‌ وه‌كو فه‌رمانبه‌ر گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ حه‌ویجه‌ تاوه‌كو هه‌ڵهاتنی‌ له‌دوو رۆژی‌ رابردوودا، له‌و قه‌زایه‌ نیشته‌جێی‌ بوون.

رائید زاهیر حه‌سه‌ن ده‌ڵێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ به‌ره‌و سنوری‌ پێشمه‌رگه‌ رۆیشتوون، پێیانوتوون ژن و پیاوێك‌و سێ منداڵ له‌ڕێگادا ماونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشی‌و نه‌بونی‌ ئاو، "ئاومان پێدان و پێمانوتن بڕۆن هاوكارییان بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی‌ ژنه‌كه‌ بهێنن، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ خۆمان نه‌قاله‌مان بردو مه‌سافه‌ی‌ كیلۆمه‌ترێك‌و نیو چووینه‌ ناوچه‌ی‌ محه‌ره‌مه‌ی‌ نێوانی‌ خۆمان‌و داعش".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ له‌لیوای‌ دوو هه‌ولێر ده‌رباره‌ی‌ دۆخی‌ ژنه‌ دووگیانه‌كه‌ وتی‌"ئاوو كێك‌و شه‌ربه‌تمان پێدان، پاشان به‌پیكابێكی‌ تایبه‌ت بردمان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌رگه‌ڕان، له‌وێش دوو بوتڵ ئاویان تێكرد، دواتر بردیانن بۆ كه‌مپی‌ دیبه‌گه‌، له‌وێوه‌ ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ رۆژهه‌لاَت كرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌یانی‌ هه‌واڵی‌ گیان له‌ده‌ستدانیمان پێگه‌یشت".

كه‌مپه‌كانی‌ دیبگه‌، كه‌ ئێستا سێ كه‌مپن، به‌پێی‌ ستانداردی‌ جیهانی‌ توانای‌ له‌خۆگرتنی‌ 13 هه‌زار ئاواره‌یان‌ هه‌یه‌.

ته‌رمی‌ نه‌غه‌م دوای‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ ره‌وانه‌ی‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ هه‌ولێر كراوه‌، پاش پشكنینیش راده‌ستی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ كراوه‌ته‌وه‌‌و بردویه‌تیه‌وه‌ له‌به‌عقوبه‌ به‌خاكی‌ بسپێرێت.

دكتۆر یاسین كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگه‌ی‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ به‌خه‌ندانی‌ وت كه‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ رۆژئاوای‌ هه‌ولێر به‌نووسراوی‌ فه‌رمی‌ ته‌رمی‌ نه‌غه‌م ئیبراهیم-یان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، ده‌ڵێت"دوای‌ پشكنین، ده‌ركه‌وت به‌هۆی‌ ماندووبوونی‌ زۆرو تینویه‌تی، نه‌غه‌م هه‌ردوو گورچیله‌ی‌ وه‌ستاوه‌، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆی‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ خۆیی‌‌و كۆرپه‌له‌كه‌ی‌ سكی‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ پێنج مانگ ده‌بوو".

خێزانه‌كه‌ی‌ خالد، له‌گه‌ڵ چه‌ند خانه‌واده‌یه‌كی‌ تری‌ گونده‌كه‌ی‌ خۆیان له‌رێی‌ كه‌سێكی‌ شاره‌زای‌ رێگاكه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌خمور رۆیشتوون، بۆ هه‌ر خێزانێكیش رێنیشانده‌ره‌كه‌ بڕی‌ 400 دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ وه‌رگرتووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ دوری‌ نێوان مه‌خمور له‌گه‌ڵ گونده‌كه‌ی‌ خالد زۆرتره‌ به‌راورد به‌كه‌ركوك، به‌ڵام كه‌سوكارو ناسیاویان له‌هه‌ولێر هه‌یه‌‌و بیستوویه‌تی‌ خزمه‌تی‌ زیاتری‌ ئاواره‌ ده‌كرێت له‌هه‌رێم، بۆیه‌ هه‌ڵیانبژاردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ خالد.

له‌دووساڵی‌ رابردووی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌، نزیكه‌ی‌ دوو ملیۆن كه‌س ئاواره‌ی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوون، كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ عێراقییه‌كانن.

شه‌وی‌ رابردووش، زیاتر له‌ 800 كه‌سی‌ دانیشتووی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش له‌سنوری‌ حه‌ویجه‌و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ خۆیان گه‌یانده‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ری‌ مه‌خمورو گوێڕ، پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا رێگه‌یان پێدرا بچنه‌ كه‌مپه‌كان‌و نیشته‌جێ ببن.

خالد له‌دوای‌ داگیركردنی‌ حه‌ویجه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعش (مانگی‌ شه‌شی‌ 2014)، ئه‌وه‌ چواره‌مین جاره‌ هه‌وڵی‌ هه‌ڵاتن بدات، به‌ڵام سێجار سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش روبه‌ڕوی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ توندی‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ی‌ كردووه‌ته‌وه‌‌و غه‌رامه‌ی‌ ماددی‌ كراوه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكیتر هه‌ڵنه‌یه‌ت چوار كه‌فیل له‌خالد وه‌رگیراوه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و چوار كه‌سه‌ش ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵهاتوون، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا چاره‌نووسی‌ دوانیان نازانێت.

ئێستا خه‌ڵكی‌ حه‌ویجه‌ دادوبێدادیانه‌ له‌ده‌ست داعش، وه‌كو خالد ده‌ڵێت ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ن هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ رزگاریان بكات، چونكه‌ به‌دادپه‌روه‌ری‌ و لێبورده‌یی‌ ناسراون.

هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان، له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوو به‌درێژایی‌ زیاتر له‌هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌شه‌ڕدابوون دژ به‌داعش، تائێستا ده‌یان ناوچه‌ی‌ گرنگ‌و ستراتیژییان كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه‌ له‌سنوری‌ پارێزگاكانی‌ نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌دین.


ئه‌م بابه‌ته 9515 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM