بەرپرسی یەكەمی هاوپەیمانان لەعیراق و سوریا: 640 تانكەری نەوتی داعش لەناوبراون

جەنەراڵ شۆن ماک فارلاند فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عیراق

خەندان-عەبدوڵڵا محەمەد

فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی‌ رێكخراوی‌ داعش لەعیراق و سوریا، لەناوبردنی 640 تانكەری نەوتی داعش و كوژرانی‌ 45 هه‌زار چه‌كداری‌ ئه‌و رێكخراوه‌ی‌ راگەیاند لە سەرەتای هەڵمەتە سەربازییەکانەوە لە هەردوو وڵاتی عیراق و سوریا.

جەنەراڵ شۆن ماک فارلاند، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پێش به‌جێهێشتنی‌ پۆسته‌كه‌ی‌ رایگه‌یاند، لەیەك ساڵی رابردوودا پەنجا هەزار هێرش كراوەتە سەر داعش كە زیاتر لە 30 هەزار بۆمب بەكارهاتووە، كە لە سێ بەشدا دوو بەشی لەعیراق بووەو بەشێكیشی لە سوریا بووە.

تائێستا تۆپخانەكانی ئەمریكا 700 جار داعشی تۆپباران كردووە، 200 جار هێرش كراوەتە سەر پێگەی نەوت و گازی داعش.

جەنەراڵ شۆن ماک فارلاند كه‌ نزیكه‌ی‌ 10 رۆژی‌ ماوه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا دەڵێت، لەو هێرشانەدا 640 تانكەر لەناوبراون، بەڵام گرنگتر لەوە چەند پێگەیەكی داعش لەناوبراون كە نەوت و غازی داعشی لێ پاڵێوراوە، كە بەهۆیەوە داهاتی نەوتی داعش لەسەدا پەنجا دابەزیوە، لەگەڵ ئەوەشدا 25 شوێنی داعش كە پارەیان لێ شاردراوەتەوە خاپوركراون كە لانی كەم بووەتە هۆی لەناوبردنی نیو ملیار دۆلاری ئەو رێكخراوە.

سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە، جەنەراڵ شۆن ماک فارلاند جەختدەكاتەوە، پێشمەرگە سەلماندویەتی دەتوانێت شكست بەداعش بهێنێت.

بەوتەی  فارلاند، لە 11 مانگی رابردوودا 25 هەزار چەکداری داعش کوژراون. بە کۆکردنەوەی ئەم ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی کوژراوانی چەکدارانی رێکخراوەکە بەر لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو کە بە 20 هەزار چەکدار خەمڵێندراون، دەکاتە 45 هەزار.

وتیشی كە تەنها بۆ نیشاندانی ئاستی پشتیوانییەکانیان باس لەو ژمارانە دەکات و هاوکات بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی بەرگریی دوژمن بەرەو تێکشکان دەڕوات. 

رێكخراوی‌ داعش له‌هه‌ردوو وڵاتی‌ عیراق و سوریا ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌ پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌وره‌دایه‌، له‌عیراق شاری‌ فه‌للوجه‌ی‌ له‌ده‌ستداو له‌ سوریاش شه‌ڕڤانان نزیكن له‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ شاری‌ ستراتیژی‌ مه‌نبه‌ج كه‌ ده‌رگای‌ رێكخراوه‌كه‌یه‌ به‌ره‌و رووی‌ ئه‌وروپا.

"ژمارەی دروستی قوربانییەکان هەرچەندێک بێت، هیچ پرسیارێک نییە لەوەی کە بۆردوومانەکانمان بوونەتە هۆی ئازادکردنەوەی زیاتر لە 25 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ژێردەستی داعش. ئەمە نزیکەی نیوەی ئەو رووبەرەیە کە یەکەمجار داعش لە عیراقدا کۆنترۆڵی کرد و رێژەی %20ی رووبەری ئەو خاکەی لە سوریادا کۆنترۆڵیکرد"، ماک فارلاند وایوت.

هه‌روه‌ها باسی لە سەرەتای دەستپێکردنی کەمپینی دژ بە داعش کرد و بە تایبەتی تیشکی خستە سەر 11 مانگی رابردوو رایگەیاند، لە سەرەتادا پرسیار سەبارەت بە ستراتیجی، توانا و ویستی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە هەبوو، لە هەنگاوەکانی سەرەتای شەڕەکەدا بینیمان کە هێزە ئەمنییەکانی سوپای عیراق توانای دەرپەڕاندنی دوژمنیان لە بێجی نییە. لە ئەنبار، عیراقییەکان پێشڕەویی زۆر بە ئاڕاستەی رەماندی دەکرد.

هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ 19 ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ له‌دژی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌عیراق و سوریا.

فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ده‌ڵێت، لەرابردوودا پرسیار لەبارەی ئەوەوە دەکرا، کە ئایا دەتوانن بەمشێوەیە لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا داعش لەناوبەرن، یاخود پێویست دەکات رۆڵی راستەوخۆتریان تێیدا هەبێت و هاوکات سەبارەت بەوەی کە ئایا کوردەکان لەدەرەوەی هەرێمەکەی خۆیان هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عەرەبییەکاندا دەکەن لە شەڕی دژ بە داعش؟.

بەوتەی ماک فارلاند "وەڵامی تەواوی ئەم پرسیارانە درانەوە، بە وشە نا بەڵکو بە کردار. راستە هەندێک گۆڕانکرایمان لە ئاست و شێوازی پشتیوانی و پێشکەشکردنی هاوکارییەکانمان ئەنجامدا بەڵام گۆڕانکاریی بنەڕەتی نەبوون".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هەوڵەکانیان کاریگەریی گرنگیان هەبووە و لە ئێستادا دوژمن لە تەواوی بەرەکانی شەڕ پاشەکشێ دەکات.

هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان تائێستا راهێنانیان بە زیاتر لە 13 هەزار و 500 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عیراق کردووە، کە لە نێویاندا زیاتر لە چوار هەزار سەربازی سوپای عیراق، هەزار و 500 ئەندامی هێزەکانی دژە تیرۆر، شەش هەزار پێشمەرگە، نزیکەی هەزار پۆلیسی فیدراڵی و 300 پاسەوانی سنور هەن.

فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ده‌ڵێت، ئەو هێزە ئەمنیانەی عیراق نزیکەی 250 هەزار هاوڵاتیی مەدەنییان لە ناوچەکانی ژێردەستی چەکدارانی داعش ئازادکردووە و تەرکیزیان خستووەتە سەر راهێنان و پڕچەککردنی پۆلیس و  هێزە جوڵێنراوەکان. کە پێنج هەزار پۆلیس و زیاتر لە 20 هەزار چەکداری هێزە عەشایەرییەکان بەشدارییان پێکراوە. 

بەوتەی ماک فارلاند ئەم هێزانە لە پاراستنی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەدا گرنگییەکی زۆریان دەبێت.



ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM