په‌رله‌مانی عیراق له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی خورماتووه‌وه‌ بڕیارده‌دات

هۆڵی په‌رله‌مانی عیراق

خه‌ندان- هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

چاوه‌ڕوانده‌كرێت په‌رله‌مانی عیراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی و مافی مرۆڤه‌وه‌ له‌قه‌زای خوماتوو بڕیارێك ده‌ربكات، ئه‌وه‌ش دوای وروژاندنی ئه‌و پرسه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارێكی به‌ره‌ی توركمانیه‌وه‌.

كارنامه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق كە كەمێك لەمەوبەر دەستیپێكرد 16 پرسی‌ له‌خۆ گرتووه‌، كه‌ یه‌كێكیان بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌منی و ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌قه‌زای خورماتوو كه‌له‌ئێستادا ناجێگیره‌.

ره‌نگین عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌خه‌ندانی راگه‌یاند ،ئه‌مڕٍۆ گفتوگۆده‌كرێت له‌سه‌ر ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌قه‌زاكه‌و چۆنیه‌تی رێزگرتن له‌مرۆڤ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان، هه‌روه‌ها رێگری كردن له‌پێكدادانه‌كانی هێزه‌چه‌كداره‌كانی قه‌زاكه‌، ئه‌مڕۆش پێشنیار له‌باره‌ی ره‌وشی قه‌زاكه‌وه‌ ده‌خرێته‌ڕوو بڕیار له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌درێت.

له‌دانیشتنی سێشه‌ممه‌ی رابردووی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق راپۆرتێك له‌باره‌ی ره‌وشی خورماتووه‌وه‌ خوێنرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارێكی توركمانه‌وه‌، دواتر گفتوگۆی زۆری له‌باره‌وه‌ كراو باسله‌وه‌كرا كه‌ره‌وشی ئه‌منی و مافی مرۆڤ له‌خورماتوو خراپه‌.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا لیژنه‌یه‌ك دروستكرا بۆ خستنه‌ڕووی ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌خورماتوو، ئه‌مڕۆش لیژنه‌كه‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌و بڕیاری له‌سه‌رده‌درێت.

رێزان شێخ دلێر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌خه‌ندانی راگه‌یاند "به‌پێی راپۆرته‌كه‌ خورماتوو به‌ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاری هه‌ژمارده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌كانی كه‌پێشتر تێیدا روودا، هه‌روه‌ها كارێك بكرێت چۆن كه‌سانی بێلایه‌ن له‌وناوچانه‌دا دابنرێت و رێگری له‌به‌ریه‌ككه‌وتن بكرێت".

وتیشی‌ "پێشنیاره‌كه‌ له‌سه‌ر داوای توركمانه‌كان بووه‌ كه‌پێشنیاریان كرد راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌و ئاماده‌بكرێت و هه‌رله‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ پرسه‌كه‌ وروژێنرا".

ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ خورماتوو ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ناجێگیره‌و چه‌ند جارێك بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی‌ پێكدادانی‌ نێوان میلیشاكانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ دواترین شه‌ڕیان له‌ مانگی‌ چواری‌ ئه‌مساڵدا بوو، دواتر ئاگربه‌ستیان راگه‌یاند.

هه‌رچه‌نده‌ چوار مانگه‌ خورماتوو شه‌ڕی‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، به‌ڵام كرده‌وه‌كانی‌ رفاندن و كوشتن تێیدا به‌رده‌وامه‌.

ئه‌م بابه‌ته 1232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌خورماتوو‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM