ئاستی‌ فرۆشتنی‌ دۆلار به‌رزبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق بڕی 154 ملیۆن و 14 هه‌زار و 920 دۆلاری‌ به‌ نرخی‌ 1182 دینار بۆ دۆلارێك فرۆشتووه‌

خه‌ندان-

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق، بڕی 154 ملیۆن دۆلاری‌ خسته‌ بازاڕه‌وه‌،  ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ رۆژی‌ پێشوو كه‌ 150 ملیۆن دۆلار بوو، به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌رچاوی‌ به‌خۆوه‌بینی‌.

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌  بڕی 154 ملیۆن و 14 هه‌زار و 920 دۆلاری‌ به‌ نرخی‌ 1182 دینار بۆ دۆلارێك فرۆشتووه‌، له‌پرۆسه‌ی‌ فرۆشتنه‌كه‌شدا 32 بانك و 16 كۆمپانیای‌ حه‌واڵه‌ی‌ دارایی‌ به‌شدارییان كردووه‌.

بڕی‌ فرۆشتنی‌ دۆلار به‌ بانك و كۆمپانیاكانی‌ حه‌واڵه‌ی‌ دارایی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 128 ملیۆن و 184 هه‌زار و 920 دۆلار، 25 ملیۆن و 830 هه‌زار دۆلاریش به‌شێوه‌ی‌ كاش فرۆشراوه‌.    

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر فرۆشتن‌و كڕینی‌ دۆلار به‌ به‌های‌ 1182 دینار كرده‌وه‌، به‌های‌ فرۆشتنی‌ دۆلاریشی‌ بۆ كۆمپانیاكانی‌ حه‌واڵه‌ی‌ دارایی‌ به‌ 1190 دینار بۆ دۆلارێك دیاریكرد كه‌ عموله‌ی‌ 24 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێكی‌ له‌گه‌ڵدا بووه‌.

هه‌روه‌ها فرۆشتنیش به‌شێوه‌ی‌ كاش به‌ به‌های‌ 1182 دینار بووه‌ بۆ دۆلارێك، كه‌ 24 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك عموله‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵدابووه‌.

به‌پێی‌ ئامارێك، له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2016 تا  ئه‌مڕۆ 11/8/2016 ، بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق 19 ملیار و 32 ملیۆن و 969 هه‌زار و 249 دۆلاری‌ له‌ فرۆشتنی‌ ئاشكرای‌ دراوه‌ بیانییه‌كاندا فرۆشتووه‌.

له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا  بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراقی‌، رێنمایی‌ بۆ بانكه‌ مۆڵه‌تپێدراوه‌كان و كۆمپانیاكانی‌ حه‌واڵه‌ی‌ دارایی‌ و كۆمپانیاكانی‌ كڕین و فرۆشتنی‌ دراوه‌  بیانییه‌كان ده‌ركرد كه‌ ده‌بێت بڕی‌ فرۆشتنی‌ دراوی‌ بیانی‌ و دۆلاری‌ ئه‌مریكایی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌فه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بكه‌ن.

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ بڕی‌ فرۆشتنی‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ 3 هه‌زار دۆلار له‌ بری‌ 5 هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك دیاریی‌ كرد كه‌ ده‌یه‌وێت سه‌فه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بكات و دراوی‌ دۆلار بۆ خه‌رجییه‌كانی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات دابین بكات.
     
ماوه‌یه‌كه‌ به‌های‌ دۆلار له‌به‌رانبه‌ر دیناری‌ عیراقی‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ ناوخۆدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو رووی‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌مڕۆش به‌های‌ 100 دۆلار له‌به‌رانبه‌ر دیناری‌ عیراقی‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌  به‌ 128 هه‌زار 700 دینار بوو.


ئه‌م بابه‌ته 3314 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM