نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌یه‌ك لێكۆڵه‌ری‌ تایبه‌ت به‌ كه‌یسه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ره‌وانه‌ی‌ عیراق ده‌كات

نەوفەل حەسەن و لیز گراندی فۆتۆ: ئەژماری فەرمیی رێکخرای UNDP لە تویتەر

خەندان – عەبدوڵڵا محەمەد

رێکخراوی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) ژماره‌یه‌ك لێكۆڵه‌ری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ره‌وانه‌ی‌ عیراق ده‌كات به‌ ئامانجی‌ بەهێزترکردنی لێكۆڵه‌ره‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ لە ئاشکراکردن، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن-ی کەیسە ئاڵۆزەکانی گەندەڵی.

ناردنی‌ ئه‌و لێكۆڵەرانە به‌پێی رێككه‌وتنێكی‌ نێوان حکومەتی عیراق و (UNDP) یه‌، كه‌ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ لە نێوان نەوفەل حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و لیز گراندی، نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگکاری ئەو رێکخراوە بۆ عیراق واژۆکرا.

بەپێی رێککەوتننامەکە، رێکخراوی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) لێکۆڵەری نێودەوڵەتی بۆ سەرپەرشتیکردن و راهێنانی لێکۆڵەرانی عیراق دابین دەکات.

لیز گراندی لە راگەیاندراوێکدا، کە لە ماڵپەریی فەرمیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق بڵاوکراوەتەوە، وتی‌  "رێکخراوی UNDP بەهەموو شێوازێک کە لە توانایدابێت ئامادەیە پشتیوانیی پرۆسەی چاکسازییەکان بکات. چاکسازی قورس و هەستیارەبەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی شکانی داعشدا، بەهێزترکردنی حکومەتی عیراق لە کارە هەرە لە پێشەکانمانە".

لێکۆڵەرە نێودەوڵەتیه‌كان راهێنان بە لێکۆڵەرانی ناوخۆی عیراق دەکەن و تواناکانیان لەرووی ئاشکراکردن و لێکۆڵینەوە لە کەیسە ئاڵۆز و گەورەکانی گەندەڵی پێش ده‌خه‌ن. هه‌روه‌ها سەرۆکی لێکۆڵەران لە دەستەی نەزاهە و ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا دادەمەزرێندرێت.

نەوفەل حەسەن وتیشی‌ "کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی لە ناوەندی ئەجێندای چاکسازییەکانماندایە. داوامان لە UNDP کرد تاکو لەرووی تەکنیکییەوە هاوکاریمان بکەن و تواناکانمان بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی کەیسەکانی گەندەڵی بەهێز بکەن".

عیراق وەک وڵاتێکی خاوەن نەوت، لە کۆی 168 وڵاتی جیهان، لە تۆماری گەندەڵیی نێودەوڵەتیدا 161ەمین وڵاتە، کە ناشەفافییەکی زۆری لە تەواوی سێکتەرەکانی بەڕێوەبردندا تێدایە.

ئه‌م بابه‌ته 1006 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM