داعش 5 كەس دەكوژێت بەوتۆمەتەی "هاوكاری هەڵهاتنی خەڵك" دەكەن

داعش لە گۆڕەپانە گشتییەكاندا حوكم و سزاكانی جێبەجێ‌ دەكات

خەندان-

رێكخراوی داعش ئەمڕۆ وێنەی كوشتنی 5 كەسی بەتۆمەتی "پێداگری‌و بە قاچاغبردنی خێزانەكان" لە جێهێشتنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بڵاوكردەوە.

ویلایەتی فوراتی داعش، لەچەند وێنەیەكدا كە كات‌و شوێنی وێنەكان دیارنییە، كوشتنی ئەو كەسانەی بڵاوكردەوە، لە هەندێك لە وێنەكاندا نوسراوێكی داعش بەسەر تەرمی كوژراوەكانەوەیەو لێی نوسراوە"حوكمی كوشتن بەهۆی پێداگرییەوە لەسەر بە قاچاغبردنی خێزانەكان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كوفر".




داعش ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی خۆی نین بە "ماڵی كوفر" ناودەبات‌و سزای ئەو كەسانە دەدات، كە هەوڵی جێهێشتنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەدەن.

 بڵاوبونەوەی ئەو وێنانە لەكاتێكدایە، رۆژانە هەڵهاتنی خەڵكی مەدەنی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بەهۆی زوڵم‌و زۆری ئەو رێكخراوە بەردەوامە بۆ سنوری هێزەكانی پێشمەرگە‌و تائێستا هەزاران كەس خۆیان گەیاندووەتە ناوچەكانی پێشمەرگەو زۆری دیكەش لەچاوەڕوانی دەرفەتێكدان تا لە زوڵم‌و زۆری داعش دەربازیان ببێت.


لەو چوارچێوەیەدا شەوی سێشەممەی رابردوو، 800 كەس كە ژن و منداڵیشیان تێدابوو لەناوچەكانی باقرت و چیای قەرەچوغەوە خۆیان گەیاندە سەنگەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخمور.


رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەماوەی 2 ساڵی رابردوودا چەندین شێوازی جۆراوجۆری دڕندانەو نامۆی بەكارهێناوە بۆ كوشتن‌و لەناوبردنی ئەو كەسانەی لەناوچەكانی ژێردەستیدا دەژین لەعیراق‌و سوریا.



ئه‌م بابه‌ته 16305 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM