فه‌نزوێلا هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت چڕده‌كاته‌وه‌

سەکۆیەکی نەوت

خه‌ندان-

وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ فه‌نزوێلا سه‌ردانی‌ وڵاتانی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ نه‌وت ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵێكدا بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا به‌ ئامانجی‌ پشتگیریی و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت.

نیكۆلاس مادۆر سه‌رۆكی‌  فه‌نزوێلا دوێنێ هه‌ینی‌ له‌په‌خشێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، ئیولوخیو دیل بینو وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ گه‌شته‌كه‌ی‌ ده‌ستپێده‌كات و سه‌ردانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ ئۆپیك و ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌ندامی‌ ئۆپیك نین، به‌ ئامانجی‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا بۆ پشتگیریی و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت.

فه‌نزوێلا یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ وڵاتانی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ نه‌وت كه‌ روبه‌ڕووی‌ كێشه‌ی‌ دارایی بووه‌ته‌وه‌، چه‌ند مانگێكه‌ له‌هه‌وڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی‌ نه‌وتدایه‌ به‌ره‌و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن به‌ ئامانجی‌ سنوردانان بۆ به‌رهه‌مهێنان، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ زیاد خستنه‌ بازاڕی‌ نه‌وت، به‌ڵام گه‌وره‌ هه‌نارده‌كارانی‌ نه‌وت تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ زیاتر جه‌خت له‌ پارێزگاری‌ له‌ پشكی‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ بازاڕدا وه‌ك له‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخه‌كه‌ی‌.

سه‌رۆكی‌  فه‌نزوێلا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، دیلسی‌ رودریجیز وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ هاوڕێیه‌تی‌ وه‌زیری‌ نه‌وت ده‌كات له‌گه‌شته‌كه‌یدا.

وتیشی‌ 70 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك "نرخێكی‌ دادپه‌روه‌رانه‌و مه‌عقوله‌، ده‌كرێت به‌ئاسانی‌ به‌ده‌ستبهێنرێت".

له‌دوای‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وته‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2014 كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ به‌هاكه‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌، فه‌نزوێلا چه‌ند هه‌وڵێكی‌ داوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ به‌رهه‌مهێنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ زیاد خستنه‌ بازاڕ، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئه‌نجام بوون.

وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ ئۆپیك و به‌رهه‌مهێنه‌رانی‌ دیكه‌ له‌ناویاندا روسی،ا له‌ نیسانی‌ رابردوودا و له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ده‌وحه‌دا نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ی‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌.

چاوه‌ڕوانده‌كرێت وه‌زیرانی‌ نه‌وتی‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ ئۆپیك له‌ ئه‌یلولی‌ داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كی‌ نافه‌رمی‌ كۆبنه‌وه‌.


ئه‌م بابه‌ته 1160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM