گه‌یاره‌؛ شه‌ڕی‌ سوپای‌ عیراق و داعش ده‌ستیپێكرده‌وه‌

شارۆچکەی گەیارە

خەندان – محەمەد بەختیار

هێرشی سوپای عیراق بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی سەنتەری شارۆچکەی گەیارە سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ دەستیپێکردو شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە فەرماندەیی پرۆسەکانی نەینەوا بە خەندانی ڕاگەیاند، هێرشەکە کاتژمێر شه‌شی‌ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سێ میحوەرەوە دەستیپێکردووە و تا ئیستاش ڕوبەڕوبونەوەی توند لەگەڵ داعشدا بەردەوامە.

وتیشی "داعش بە قەناس و ئۆتۆمبێلی خۆکوژ و بۆمبی تەوقیتکراو هەوڵ دەدات ڕێگری لە پێشڕەویەکانی سوپای عیراق بکات، بەڵام بە پێی بڕیارێکی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەبێت سەنتەری شارۆچکەی گەیارە لە ماوەی یەک هەفتەدا لە چەکدارانی داعش پاک بکرێتەوە".


نەخشەی شارۆچکەی گەیارە

گەیارە سەر بەپارێزگای نەینەوایە‌و بەدووری 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری موسڵ‌و لەسەر روباری دیجلەیە.

بە وتەی سەرچاوەکە، داعش توانای هێرش بردنی نەماوە و تەنها بەرگری لە شوێنەکانی خۆیان دەکەن هەر چەندە سوپای عیراق سورە لە سەر گرتنەوەی هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.

دوێنێ هه‌ینی‌ سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی نەینەوا كوژرانی‌ بەرپرسی ئاسایشی داعش لە ناحیەی گەیارەو 20 چه‌كداری‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند، به‌هۆی‌ هێرشی‌ ئاسمانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ سوپاوه‌.

عەمید فیراس بەشار بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی نەینەوا دوێنێ بە خەندانی‌ راگەیاند، لەئەنجامی هێرشی سەرلە بەیانی هەینی، توانرا هەر یەكە لەگوندەكانی ئەلمەریر- ئەلبزاجلەو ئیمام غەربی سەر بەناحیەی گەیارە بەپشتیوانی فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمان رزگار بكرێت.

  لەلایەكی ترەوە ماڵپەڕی ئەعماق-ی نزیك لە رێكخراوی داعش بڵاویكردەوە، یەكێك لە چەكدارەكانیان كردەیەكی خۆكوژی لەدژی چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عیراق لەناوچەی ئیمام-ی نزیك لە گەیارە ئەنجامداوە، بەبێ ئەوەی زیانەكانی ئەو كردەیە ئاشكرا بكات.


 فڕۆکەخانەی سەربازی گه‌یاره‌

له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵدا سوپای‌ عیراق كۆنتڕۆڵكردنی‌ فڕۆکەخانەی سەربازی گه‌یاره‌ی‌ له‌ نزیك موسڵ ڕاگەیاند، كه‌ بڕیاره‌ بكرێته‌ سه‌نته‌ری‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر شاری‌ موسڵی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا كه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدایه‌.

هێرشە پچڕپچڕەكانی سوپای عیراق لەباشوری پارێزگای نەینەوا‌و باكوری سەڵاحەدین، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئازادكردنی شاری موسڵ. کۆنترۆڵکردنەوەی گەیارە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و جموجوڵی داعش لە ڕوباری دیجله ناهێڵێت.


ئه‌م بابه‌ته 1535 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM