پەرلەمانی عیراق دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی دواخست

په‌رله‌مانی عیراق

خەندان- هەڤاڵ محەمەد

پەرلەمانی عیراق لەدانیشتنی ئەمڕۆدا دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی دواخست، بەهۆی ئەوەی رێككەوتن نەكراوە لەسەر پڕۆژەكە.

بەختیار شاوەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق بەخەندانی راگەیاند "بڕیاربوو ئەمڕِۆ دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی بدرێت، كەلەماوەی رابردودا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە".

وتیشی "بەڵام لەسەرەتای دانیشتنەكەدا سەرۆكی پەرلەمان پێی راگەیاندین دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە دوادەخرێت، بەو پێیەی پێشتر رێككەوتنی لەسەر نەكراوەو رەنگە كێشە دروستبكات".

پڕۆژەكە لە 13 بڕگە پێكدێت و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆكراوە، بەپێی ماددەی هەشتی پڕۆژەكە لێكۆڵینەوە لەتەواوی ئەو زیندانانە دەكرێت كەلەرابردودا دەستگیركراون بۆ ئەوەش جارێكی تر حوكم بدرێن یاخود سزاكانیان بەردەوام بێت.

عادل نوری، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بەخەندانی راگەیاند "كێشە لەسەر ماددەی هەشتی پڕۆژەكە هەیە، بەتایبەت شیعەكان دژی ئەو ماددەین، چونكە بەهۆی ئەو مادەیەوە جارێكی تری دادگاییەكانیان دوبارە دەبێتەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵیداین چونكە كەسانێك ئازاد دەرێن كەناڕەوا دەستگیركراون".

به‌وته‌ی‌ عادل نوری‌، ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ده‌ستگیركراون له‌رابردودا زۆربه‌ی زۆری به‌هۆی "كێشه‌ی عه‌شایه‌ری و رقی شه‌خسیه‌وه‌ بووه‌"، ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌نجیش له‌ناوچه‌ سونیه‌كان ده‌ستگیركراون و تۆمه‌تیان بۆ دروستكراوه‌.

 به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستگیركراون، جارێكی‌ دیكه‌ دادگایی ده‌كرێنه‌وه‌، عادل نوری‌ ده‌ڵێت به‌و پێیه‌ له‌سه‌دا 80ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئازاد ده‌كرێن، كه‌پێشتر حوكمدراون، به‌ڵام پڕۆژه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه‌.

ئه‌م بابه‌ته 1183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM