عه‌ره‌به‌كانی‌ حه‌ویجه‌ فشار ده‌كه‌ن: پێویستە پڕچه‌ك بكرێین‌

كه‌ساسه‌تییه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ حه‌ویجه‌ لەكۆنگره‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ تایبه‌ت به‌عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك

خەندان- کاروان ساڵحی‌

هۆز‌و كه‌ساسه‌تییه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ حه‌ویجه‌، بڕیاریاندا فشاره‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ په‌له‌كردن له‌ئازادكردنی‌ قه‌زاكه‌یان‌و داواده‌كه‌ن، خۆبه‌خشه‌كانیان پڕچه‌كبكرێن تاوه‌كو پاڵپشتی‌ پێشمه‌رگه‌‌و سوپا بكه‌ن له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌داعش.

ئه‌و داواكارییانه‌ له‌ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ تایبه‌ت به‌عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكدا هات، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌هۆڵی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاروباری‌ هۆزه‌كان ئه‌نجامدراو‌و تێیدا، چه‌ندین راو پێشنیار خرایه‌ڕوو كه‌ زۆربه‌یان تایبه‌ت بوو به‌ئازادكردنی‌ حه‌ویجه‌‌و باشتكردنی‌ دۆخی‌ ئاواره‌كان.

شێخ سه‌عدون فندی، كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ عه‌ره‌ب‌و یه‌كێك له‌ شێخه‌كانی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ به‌خه‌ندانی‌ وت "پێموایه‌ كه‌مته‌رخه‌میه‌كه‌ له‌به‌غداوه‌یه‌، خۆی‌ نایه‌وێت به‌م زوانه‌ حه‌ویجه‌ ئازاد بكرێت، له‌كاتێكدا رۆژانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ ده‌كرێت بارودۆخی‌ هاولاَتیانی‌ ناو قه‌زاكه‌ به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات".

له‌راگه‌یاندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌به‌ سونه‌كانی‌ كه‌ركوك كه‌ وێنه‌ی به‌خه‌ندان دراوه‌، داواكراوه‌ به‌زوترین كات بست به‌بستی‌ خاكه‌كه‌یان له‌ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ داعش ده‌ربهێندرێت، جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ په‌له‌ بكات‌و هاولاَتیانیان له‌و ناوچانه‌ ئازاد بكرێت.

حه‌ویجه‌ له‌پارێزگای كه‌ركوك‌و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ری (زاب، ره‌شاد، ریاز، عه‌باسی)، له‌ 11-6ی ساڵی 2014 كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش‌و له‌ئێستادا ئه‌و قه‌زایه‌ یه‌كێكه‌ له‌مۆڵگه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌دوای موسڵ.

شێخ سه‌عدون وتی‌ "له‌ئێستادا لیستی‌ ناوی‌ 15 هه‌زار سه‌ربازمان ئاماده‌كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ بكه‌ن له‌ئازادكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ویجه‌، به‌لاَم تائێستا له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ هیچ هه‌وڵێك نه‌دراوه‌ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زاكه‌".

هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان داواده‌كه‌ن پڕچه‌ك بكرێن‌و خۆبه‌خشه‌كانیان دوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌منی‌‌و هه‌واڵگرییه‌كان ببنه‌ پاڵپشتێكی‌ ته‌واو بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌‌و سوپا، به‌ئامانجی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانیان له‌ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ داعش، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت پارێزگاری‌ كه‌ركوك ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بورژێنێت، به‌پێی‌ راگه‌یاندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ "لیژنه‌یه‌ك پێكبهێندرێت له‌سه‌رۆك هۆزه‌كان بۆ سه‌ردانیكردنی‌ دام و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان‌و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، ده‌رباره‌ی‌ دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب له‌شاره‌كه‌".

تائێستا واده‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ دیار نییه‌‌و  به‌پێی راپۆرتێكی پێشوی خه‌ندانیش، له‌و ناوچانه‌دا داهاتی تاك له‌ئاستێكی "زۆر" نزمدایه‌و به‌هۆیه‌وه‌ زۆرێكیان توانای كڕینی خواردن‌و كه‌لوپه‌لی پێویستی رۆژانه‌یان نییه‌، هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل له‌وانه‌ش ئۆتۆمبێل‌و ئاژه‌ڵ له‌نزمترین ئاستدایه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ناچاری بۆ بژێوی ژیان ده‌یانفرۆشن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، رۆژانه‌ ده‌یان خێزانی قه‌زای حه‌ویجه‌و ده‌وروبه‌ری ماڵه‌كانیان جێده‌هێڵن‌و به‌ره‌و ناوچه‌ ئارامه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌و سوپا كۆچده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپی مامه‌ڵه‌ی توندوتیژی ئه‌و گروپه‌و قورسی بژێوی ژیان.

ئه‌حمه‌د خورشید، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌‌و به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ حه‌شدی‌ عه‌شایه‌ری‌ دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌خه‌ندانی‌ وت "رۆژ له‌دوای‌ رۆژ بارودۆخی‌ هاولاَتیانی‌ قه‌زاكه‌ به‌ره‌و خراپی ده‌چێت‌و فشاری‌ زیاتر ده‌خرێته‌ سه‌ریان، بۆ نمونه‌ دوای‌ نوێژی‌ عه‌سری‌ هه‌ینی‌ تیرۆریستانی‌ داعش چه‌ندین گه‌نجیان ده‌ستگیركرد به‌بیانوی‌ هه‌ڵهاتنیان به‌ره‌و ناوچه‌ ئارامه‌كان‌و تائێستاش، چاره‌نوسیان نادیاره‌".

چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، سه‌ره‌تای‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو زیاتر له‌ 80 كه‌سیان گوله‌بارانكرد، له‌كۆی سێ‌ هه‌زار هاوڵاتیی كه‌ له‌كاتی هه‌ڵهاتنیاندا له‌حه‌ویجه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك ده‌ستگیریكردبوون،.

ئه‌حمه‌د خورشید ده‌ڵێت " تیرۆریستان ژماره‌یه‌ك هاولاَتیان له‌نزیك سه‌ربازگه‌ی‌ به‌گاره‌ گولله‌باران كرد‌و ته‌رمه‌كانیان له‌یه‌ك شۆین كۆكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆنێكی‌ ناخۆشی بلاَوكردۆته‌وه‌‌و ناچار خێزانه‌كانی‌ نزیك ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ ماڵه‌كانیان گواستۆته‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ دیكه‌".

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ راگه‌یاندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواكراوه‌، رێكخراوه‌ ناوخۆیی‌‌و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كاری‌ زیاتر بكات بۆ باشتركردنی‌ گوزه‌رانی‌ ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها ئاسانكاری بكرێت بۆ هاتوچۆكردنی‌ ئاواره‌كان بۆ ناوشاری‌ كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان.


ئه‌م بابه‌ته 1383 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM