فوئاد مه‌عسوم سزای لەسێدارەدانی تاوانبارانی سەربازگەی سپایکەری واژۆکرد

فوئاد مه‌عسوم، سەرۆک کۆماری عیراق

خەندان – محەمەد بەختیار

سەرۆک کۆماری عیراق بڕیاری لە سێدارەدانی تاوانبارانی سەربازگەی سپایکەری پارێزگای سەڵاحەدینی پەسەند کرد، دوای‌ زیاتر له‌ دووساڵ له‌ رووداوه‌كه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چوار هه‌زار كه‌س كوژران.

 بە پێی بەیاننامەیەکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری عیراق کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، فوئاد مەعسوم ئه‌مڕۆ واژۆی لە سەر ئەو حوکمانەی لە سێدارەدان کرد کە تایبەتن بە تاوانی سەربازگەی سپایکەر و  کە لە لایەن دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵیەوە پەسەند کراون.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، مەرسومی واژۆکراوی بڕیارەکەی دادگا بە مەبەستی جێبەجێ کردن ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.

تاوانی کوشتاری سەربازیگەی سپایکەر لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی داعشەوە ئەنجامدرا و تیایدا نزیکەی چوار هەزار خوێندکاری ئەو سەربازگەیە کوژران.

ساڵێک دوای ڕوداوەکە ماجید ئەعرەجی سەرۆکی دادگاه توێژینەوەی  کەیسی تیرور لە بەغدا ڕایگەیاند، ٣٠ کەس لە تاوانبارانی سپایکەر لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون کە سەرجەمیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

بە پێی یاساکانی عیراق سزای لەسێدارەدان دوای پەسەندکردنی لە لایەن دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵەوە پێویستی بە واژۆی سەرۆکایەتی کۆمار هەیە بە مەبەستی جێبەجێ کردن.


ئه‌م بابه‌ته 1745 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM