په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگ له‌سه‌ر 6 وه‌زیری نوێ ده‌دات‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیری به‌رگری ته‌واوده‌كات

په‌رله‌مانی‌ عیراق

خه‌ندان-

په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌كۆبوونه‌وه‌دایه‌و به‌پێی‌ كارنامه‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ ده‌نگ له‌سه‌ردانانی‌ شه‌ش وه‌زیری نوێ ده‌درێت بۆ حكومه‌تی عیراق‌و لێپرسینه‌وه‌ش له‌وه‌زیری‌ به‌رگری ته‌واو ده‌كرێت.

موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی عیراق به‌خه‌ندانی‌ وت"ئه‌مڕۆ، لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ته‌واو ده‌كرێت‌و پێده‌چێت متمانه‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ بخرێـته‌ ده‌نگدانه‌وه‌".

تائێستا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هیچ ڕێكه‌وتنێكی‌ پێشوه‌خته‌یان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ نیه‌، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتو ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ ئه‌وان به‌سه‌ربه‌خۆیی‌ بڕیاری‌ خۆی‌ داوه‌ به‌ به‌ڵێ ده‌نگ بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ده‌دات، به‌وته‌ی‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌كانی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ بۆ پرسیاری په‌رله‌مانتاران باوه‌ڕی‌ به‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو نه‌هێناوه‌.

له‌دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌ماندا چاوه‌ڕوانده‌كرێت ده‌نگ بدرێت له‌سه‌ر دانانی‌ عه‌بدولره‌زاف عه‌بدولجه‌لیل بۆ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا، حسێن هانی‌ بۆ وزیری‌ سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان، جه‌بار عه‌لی‌ وه‌ك وه‌زیری‌ نه‌وت، كازم فنجان وه‌ك وه‌زیری‌ گواستنه‌وه‌، نافع ئوسی‌ به‌ وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ نیشته‌جێكردن‌و یوسف عه‌لی‌ وه‌ك وه‌زیری‌ بازرگانی‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌.

بڕیاره‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌شداربێت، موسه‌نا ئه‌مین باسیله‌وه‌كرد، ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، بۆ ئاگاداربونی‌ په‌رله‌مانتارانه‌ له‌كاروباری‌ حكومه‌ت‌و تائێستاش چه‌ند وه‌زیرێك كه‌ ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ پۆسته‌كانیان پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌‌و ئه‌مڕۆ تاوتوێی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كرێت.

جگه‌ له‌ وه‌زیره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كان، تائێستا شوێنی‌ ئه‌و وه‌زیرانه‌ش پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ بڕیاری‌ دانانیان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ دانرابوون.

ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌وه‌رزی‌ یاسادانانی‌ پێشوو پشێوی‌ كه‌وته‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مان‌و به‌ره‌ی‌ مانگرتووان چه‌ندجارێك هه‌وڵیاندا رێژه‌ی‌ یاسایی‌ بۆ دانیشتنه‌كان ته‌واو بكه‌ن تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ دانیشتنێكدا بڕیاری‌ گۆڕینی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانیانداو دواتر له‌دانیشتنێكی‌ دیكه‌دا په‌رله‌مان جیا له‌به‌ری‌ مانگرتوان ئه‌وكات ده‌نگی‌ له‌سه‌ر دانانی‌ چه‌ند وه‌زیرێكداو داتر دادگای‌ فیدراڵی‌ بڕیاره‌كانی‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

تاریق گه‌ردی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق، به‌خه‌ندانی‌ وتی"له‌دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا ئێمه‌ وه‌ك پارتی‌ ده‌نگ به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ناده‌ین".

گه‌ردی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌روو، له‌سه‌ر دانانی‌ وه‌زیره‌كان كه‌ شوێنیان چۆڵ بووبوو، چاوه‌ڕوان  ناكرێت ناكۆكی‌ دروست ببێت، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، پێشتر عه‌بادی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و فراكسیۆنانه‌ رێكه‌وتنی‌ كردووه‌ كه‌ وه‌زیره‌كانیان شوێنه‌كانیان پڕده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت پڕۆسه‌كه‌ كێشه‌ی‌ تێدا نه‌بێت.

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌میانه‌ی‌ بانگهێشتكردنی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ بۆ په‌رله‌مان، تۆمه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران كرد، دواتریش دادگای‌ فیدراڵی‌ عیراق سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌بێتاوان له‌و تۆمه‌تانه‌ له‌قه‌ڵه‌مداو به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ داوای‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ده‌كرێت.

 بیریوان خه‌یلانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ پێشبینیده‌كه‌ن به‌هۆی‌ پرسی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ وه‌زیری‌ به‌رگی‌ پشێوی‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌ماندا دروست ببێت.

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌وڵده‌درێت ده‌نگ له‌سه‌ر یاساكانی‌ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌‌و لێبوردنی‌ گشتی‌ بدرێت، پێشبینیشیكرد كه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای‌ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌ به‌ئاسانی‌ ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ری‌ هاوڕان.

له‌ئێستادا دانیشتنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌ستیپێكردووه‌و هاوكات بڕیاریشه‌ قسه‌له‌سه‌ر رووداوی‌ سوتانی‌ 24 منداڵه‌ ساواكه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ یه‌رموك له‌به‌غدا بكرێت.

 فه‌ریق حه‌بیب بەشداری لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا کردووە


ئه‌م بابه‌ته 1150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM