رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی‌ دهۆك به‌بێ‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژه‌كه‌ی‌ بەخاکسپێردرا

گۆڕی ویدات حسێن

خه‌ندان، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزی

ته‌رمی‌ ویدات حسێن، رۆژنامه‌نووسه‌ كوژراوه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ دهۆك ئه‌مڕۆ به‌خاكسپێردرا هه‌رچه‌نده‌ كه‌سوكاری‌ پێداگرییان ده‌كرد له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی‌ تائه‌وكاته‌ی‌ بكوژه‌كه‌ی‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ده‌رئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان دیارنین‌و به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ش كه‌ په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌تیان بۆ درێژده‌كرێت، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ڕووداوه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، یان ئاماده‌نین قسه‌ بكه‌ن.

ویدات حسێن عه‌لی (29 ساڵ)، سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڕه‌كی ماڵته‌ی دهۆك كاتێك له‌ماڵ چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ دیارنه‌ماوه‌‌و دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك، ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر رێگای گوندی سیجێ نێوان قه‌زای سێمێل‌و دهۆك دۆزراوه‌ته‌وه‌‌، ئاسه‌واری‌ زۆری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌جه‌ستیه‌وه‌ هه‌بووه‌.


ویدات حسێن

دوای‌ چه‌ند رۆژ مانه‌وه‌ی‌ له‌پزیشكی‌ داد له‌دهۆك، ئه‌مڕۆ ته‌رمی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ راده‌ستی‌ كه‌سوكاری‌ كرایه‌وه‌‌و له‌گۆڕستانێكی‌ شاره‌كه‌، به‌خاكسپێردرا له‌كاتێكدا پێشتر كه‌سوكاری‌ ئاماده‌نه‌بوون بینێژن تا دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژه‌كه‌ی‌.

ده‌ربه‌ند حسێن برای‌ ویدات له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌خه‌ندانی‌ وت "بێده‌نگ نابین‌و داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌عیراق مافی مروڤ نیه‌و ئێمه‌ ده‌چینه‌ په‌رله‌مانی كوردستان‌و داوای ده‌ستگیركردنی تاوانباران ده‌كه‌ین".

ویدات فه‌رمانبه‌ر بووه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری‌و هونه‌ری له‌دهۆك، هه‌روه‌ها له‌ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ رۆژنیوز –به‌نزیك له‌په‌كه‌كه‌ هه‌ژمارده‌كرێت- كاریكردووه‌.

براكه‌ی‌ ده‌ڵێت "ویدات له‌شوێنێكی تایبه‌ت كوژراوه‌، چونكه‌ لاشه‌كه‌ی پاك بووه‌‌و هیچ ته‌پ‌و تۆزێك له‌سه‌ر لاشه‌كه‌ی نه‌بووه‌، هیچ كه‌سێك ته‌رمه‌كه‌ی نه‌بینیوه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ئاگاداركراوین‌و جه‌نازه‌كه‌ی گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ فریاكه‌وتن".

به‌وته‌ی‌ كه‌سوكاری‌‌و پۆلیسیش، ئاسه‌واری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ توند به‌جه‌سته‌ی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌وه‌ هه‌بووه‌.

پێشتر رائید هێمن سلێمان، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پۆلیسی دهۆك به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاندبوو "به‌هۆی به‌توندی ئه‌شكه‌نجه‌دانی له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ پێشئه‌وه‌ی‌ بگاته‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌".

هه‌ر زوو وێنه‌‌و گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی‌ جه‌سته‌ی‌ ویدات له‌نه‌خۆشخانه‌، به‌میدیا‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی‌ ئینته‌رنێتدا بڵاوبووه‌وه‌، كه‌ ئاسه‌واری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌چه‌ندین شوێنی‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

ده‌ربه‌ندی‌ برای‌ وتی‌ "په‌راسوه‌كانی شكێندرابوون، ددانه‌كانی ده‌رهێنراون‌و گوێیه‌كیش بڕدراوه‌، هه‌روه‌ها به‌كڵاشینكۆف له‌سه‌ری دراوه‌‌و شكێندراوه‌، هه‌ردوو قاچیشی شكێندراون‌و كاره‌بای لێدراوه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "پێش چه‌ند رۆژێك ویدات به‌منی وت، سێ مانگ پێش ئێستا ئاسایش دوو بۆ  سێجار په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌كردوون‌و ته‌هدیدیان كردووم".

خه‌ندان دوو رۆژه‌ له‌هه‌وڵدابوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئاسایشی‌ دهۆك بكات، وتیان كه‌ به‌"هیچ شێوه‌یه‌ك" له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ قسه‌ ناكه‌ین.

رائید هێمن سلێمان، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك به‌خه‌ندانی راگه‌یاند "تائێستا هیچ شتێك دیارنیه‌‌و ناشبێت كه‌س بڵێت كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ له‌سه‌ركێشه‌یه‌كی كومه‌ڵاتی یان سیاسی بووه‌".

"تا هۆكار‌و چۆنیه‌تی كوشتنی ئه‌و كه‌سه‌ نه‌زانرێت‌و تاوانباران ده‌ستگیرنه‌كرێن، ناتوانین بڵێین چ جوره‌ تاوانێكه‌"، رائید هێمن وتیشی‌ "لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌".


بەخاکسپاردنی ویدات حسێن

خه‌می كه‌سوكاری ویدات بۆ كه‌یسی كوشتنی كوڕه‌كه‌یان، له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی راپۆرتێكی كۆمیته‌ی‌ به‌رگری له‌ڕۆژنامه‌نووسان (CPJ) له‌هه‌رێمی كوردستان‌و عیراق لێپرسینه‌وه‌ له‌كوژرانی رۆژنامه‌نووسان‌و میدیاكاران ناكرێت، ئه‌وه‌ش بووته‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كلتورێكی قوڵی لێنه‌پرسینه‌وه‌ دروستبووه‌. كه‌ له‌نۆ ساڵی رابردووشدا زیاتر له‌ چوار رۆژنامه‌نووس‌و نووسه‌ر كوژراون.

به‌وته‌ی‌ كه‌سوكاری‌، ویدات حسێن پێشتر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ رفێندراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان ده‌ڵێن هیچ كێشه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یان سیاسییان نییه‌.

ده‌ربه‌ند حسێن ده‌ڵێت ویدات كاتژمێر هه‌شتی‌ به‌یانی‌ ویستوویه‌تی‌ براگه‌وره‌كه‌ی‌ بگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی له‌گه‌ڕه‌كی ماڵتا‌و هه‌ر له‌نزیكی‌ ئه‌و شوێنه‌، "دوو ئۆتۆمبێل چوارده‌وری ئۆتۆمبێڵه‌كه‌یان داوه‌‌و ده‌ریانهێناوه‌، ده‌ست‌و چاویان به‌ستووه‌‌و تووره‌كه‌یان كردووه‌سه‌ری‌، له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كاندا شه‌ش كه‌س هه‌بوون".

پۆلیس كاتی‌ رووداوه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ده‌ربه‌ندی‌ برایه‌وه‌ كردووه‌، چووه‌ته‌ شوێنی‌ رفاندنه‌كه‌‌و ته‌نیا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ لێ‌ بووه‌، "پۆلیس وتیان نازانین چی به‌سه‌ر براكه‌ت هاتووه‌‌و سه‌یری كامێراشمان كردووه‌، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كمان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌وێ‌ شایه‌تحاڵێك وتی‌ به‌چاوی خۆم بینیم دوو ئۆتۆمبێڵ براكه‌تیان رفاند".

"به‌قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌كه‌، یه‌كێك له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ كیا ریۆ بووه‌‌و ئه‌ویتر ئۆپترایه‌كی ره‌نگ سپی، ئه‌و ژماره‌ی‌ یه‌كێك له‌ئۆتۆمبێله‌كانی‌ گرتبوو"، ده‌ربه‌ند واده‌ڵێت.


کاتی بەخاکسپاردنی ویدات حسێن

ماوه‌ی‌ نێوان رفاندن‌و دواتر دۆزینه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ ویدات، ته‌نیا سێ‌ كاتژمێر بووه‌‌و له‌گه‌ڵ براكه‌ی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ماڵه‌وه‌ پۆلیس دوای‌ پرسیاری‌ جلوبه‌رگی‌ ویدات داوایكردووه‌ بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌ "گه‌یشتمه‌ نه‌خۆشخانه‌‌و بینیم جه‌نازه‌كه‌ی له‌وێیه‌".

به‌وته‌ی‌ ده‌ربه‌ند، نه‌یزانیووه‌ ویددات له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆژنیوز كارده‌كات‌و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر مایكی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ی‌ له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا بینیووه‌‌و پرسیاری‌ كردووه‌، ئه‌ویش وتوویه‌تی‌ هه‌ندێكجار راپۆرت ئاماده‌ده‌كات.

كه‌سوكاری‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ گومانیان هه‌یه‌ "له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی سیاسی‌" كوژرابێت.

نازم كه‌بیر، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش‌و ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی كوردستان (پارتی‌)، رووداوه‌كه‌ "به‌سیناریۆیه‌كی سیاسی" ده‌زانێت به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی پارتی "ناشیرین" بكرێت.

ئه‌وه‌شی‌ به‌خه‌ندان وت "ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان پێشوازی له‌خێزانی كوژراوه‌كه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت جارێ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌ین"، ده‌ڵێت خێزانی ئه‌و كوڕه‌ هه‌مویان پارتین‌و پله‌دارن له‌ناو پارتیدا.

هه‌روه‌ها جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ پارتی له‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ جددیه‌و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌وێت، "خێزانی ویدات سكاڵاش تۆمار نه‌كه‌ن ئێمه‌ به‌دوای دۆسیه‌كه‌دا ده‌چین".

دوێنێ‌ یه‌كشه‌ممه‌، د. محه‌مه‌د عه‌لی یاسین وته‌بێژی‌ فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی‌ به‌مه‌ترسیدار ناوده‌برد‌و له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ كۆپییه‌كی بۆ خه‌ندان ناردووه‌، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ته‌واوی ڕێككاره‌ یاساییه‌كان ده‌ربڕی‌ بۆ دۆزینه‌وه‌و به‌سزاگه‌یاندنی بكوژه‌كه‌ی.

ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌هات، هه‌ریه‌كه‌ له‌فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی شه‌وی‌ شه‌ممه‌، رووداوه‌كه‌یان به‌تیرۆركردن ناوبردو ئیدانه‌یان كرد، جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "ئه‌م روداوه‌ راستییه‌كمان پیشان ده‌دات، كه‌ ئازادییه‌كان به‌گشتی‌و ئازادی راده‌ربڕین به‌تایبه‌تی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جدیدان"‌.

خێزان‌و كه‌سوكاری ویدات حسێن، داوای ده‌ستگیركردنی تاوانباران كوشتنی‌ كوڕه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

ده‌ربه‌ند-ی‌ برای‌ ده‌ڵێت "ئاخر ئێره‌ شاری موسڵ نیه‌ كه‌ چۆن چه‌كدارانی داعش له‌وێ به‌كه‌یفی خۆیان خه‌ڵك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن‌و دواتر ده‌كوژرێن، ئه‌مه‌ هه‌رێمێكی ئازاده‌و ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌‌و حكومه‌ت‌و ئاسایشی خۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ له‌سه‌نته‌ری شاری دهۆك خه‌ڵك به‌و شێوه‌یه‌ رفێندرا ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هیچ ئاسایشێك له‌هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه‌".

‌دوابه‌دوای‌ رووداوه‌كه‌، ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ رۆژنیوز، دۆسیه‌ی‌ كوژرانی‌ په‌یامنێره‌كه‌ی‌ به‌ به‌"تیرۆر" ناوبرد‌و له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی‌ خۆیان بڵاویانكرده‌وه‌ داوایانكرد "هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق، به‌ زووترین كات هۆكاری تیرۆركردنی په‌یامنێره‌كه‌ی ڕۆژنیوز ئاشكرا بكات، چوونكه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا تیرۆركراوه‌".

تائێستا جگه‌ له‌پۆلیس، هیچ ده‌زگایه‌كی‌ تری‌ ئه‌منی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رباره‌ی‌ كه‌یسی‌ كوشتنی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ نه‌داوه‌، له‌سه‌ر ئاستی‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی‌ هه‌رێمیش، دوێنێ‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌یاننامه‌ی‌ ئیدانه‌كردنی‌ هه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ئومێد سه‌باح وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ هاوخه‌می‌ مه‌سعود بارزانی‌ به‌كه‌سوكاری‌ ویدات راگه‌یه‌نرا‌وه‌‌و دڵنیاكراونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "مومكین نییه‌ تاوانێكی وا ون بێ و مافیان بفه‌وتێ"، دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانیش راسپێردراون به‌خێرایی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بكه‌ن و تاوانباران ده‌ستگیر بكرێن و سزای یاسایی بدرێن.

كوشتنی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ فراوانی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، به‌شێك له‌حزبه‌كان‌و فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانیه‌كان‌و ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌مافی‌ مرۆڤ‌و كاری‌ میدیایی‌، به‌توندی‌ ئیددانه‌یان كرد‌و داوایانكرد، له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كانی‌ تری‌ كوژرانی‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ناوچه‌ جیوازه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاری‌ جددیان له‌سه‌ر بكرێت‌و تاوانباران به‌سزابگه‌یه‌نرێن.


ئه‌م بابه‌ته 6739 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM