900 ژن و پیاوی‌ كۆریای‌ باشوور سه‌ری‌ خۆیان ده‌تاشن


خه‌ندان- ئارام یوسف

900  ژن و پیاوی‌ دانیشتووی‌ كۆریای‌ باشوور له‌گردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌كۆمه‌ڵدا ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌ دامه‌زراندنی‌ سیسته‌مێكی‌ مووشه‌كی‌ ئه‌مریكا له‌ شارۆچكه‌كه‌یان له‌ دژی‌ كۆریا باكوور سه‌ری‌ خۆیان تاشی‌.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ئاستی‌ ئاڵۆزییه‌كان له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی‌ كۆریا به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار به‌رزبووه‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆریای‌ باكوور چواره‌م تاقیكردنه‌وه‌ی‌ مووشه‌كی‌ له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌م ئه‌نجامدا و دواتر زنجیره‌یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی‌ مووشه‌كی‌ تریشی‌ له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ ئه‌نجامدرا.

له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ رابردوودا كۆریای‌ باشوور رایگه‌یاند، سیسته‌می‌ مووشه‌كی‌ (THAAD )ی‌ ئه‌مریكی له‌ ناوچه‌ی‌ سونگجۆ جێگیرده‌كات، به‌ڵام دانیشتوانی‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ له‌ دژی‌ جێگیركردنی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ مووشه‌كیه‌ وه‌ستانه‌وه‌ و رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌یان به‌هۆی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌ڵگیرسانی‌ جه‌نگدا راسته‌وخۆ ده‌كرێنه ئامانج.

به‌سه‌دانی‌ كه‌س له‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ شوێنێكی‌ كشتوكاڵی‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ ئاهه‌نگێكی‌ به‌كۆمه‌ڵدا سه‌ری‌ خۆیان تاشی‌ و ئاماده‌بووانی‌ تریش ده‌یانووت "نه‌خێر بۆ THAAD" كه‌ ناوی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ مووشه‌كییه‌ ئه‌مریكیه‌یه‌.

هه‌روه‌ها جێگیركردنی‌ سیسته‌می‌ مووشه‌كی‌ ئه‌مریكی له‌ كۆریای‌ باشوور به‌رپرسانی‌ چین و كۆریای باكووریشی نیگه‌ران كردووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ كۆریای‌ باكوور هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌دات.

یو جی‌ ون كه‌ جوتیارێكی‌ ته‌مه‌ن 63 ساڵه‌ به‌ رۆیته‌رزی‌ راگه‌یاند‌ "پێویسته‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ماندا جێگیرنه‌كرێت.. بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك دانیشتوانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ لێر كۆبووینه‌ته‌وه‌ و سه‌ری‌ خۆمان ده‌تاشین".

ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ رایانگه‌یاندووه‌، 908 كه‌س وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی‌ سه‌ری‌ خۆیان تاشیووه‌.

كیم ئان سۆ، سه‌ركرده‌ی‌ ناڕازییه‌كان رایگه‌یاندووه‌ "ئه‌مه‌ به‌هێزترین رێگایه‌ بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی... ناتوانین هیچ شتێكی‌ زیاتر بكه‌ین".

وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ كۆریای‌ باشوور به‌ڵێنی به‌دانیشتووانی‌ ناوچه‌ی‌ سونگجۆ داوه‌ كه‌ جێگیركردنی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ مووشه‌كییه‌ هیچ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر دانیشتوان و ژینگه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ نابێت.

باك جۆن های‌، سه‌رۆكی‌ كۆریای‌ باشوور له‌ وتارێكدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاندووه‌، دامه‌زراندنی‌ سیسته‌می‌ مووشه‌كی‌ "THAAD" بۆ به‌رگریكردنه‌ له‌ گیانی‌ هاوڵاتیانی‌ وڵاته‌كه‌ما له‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی‌ كه‌ كۆریای‌ باكوور به‌رامبه‌رمان ئه‌نجامیده‌دات.


ئه‌م بابه‌ته 4549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM