شه‌ڕی‌ 73 رۆژه‌ی‌ مه‌نبه‌ج
ئه‌و چیرۆكانه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسێكی‌ بیانی‌ بینیویه‌تی‌

ڤلادمیر ڤان ولگه‌نبێرگ

خه‌ندان- سۆران ئه‌مین

"منداڵێكم بینی كه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو، باوكی ده‌گریا‌و ده‌یوت؛ خۆزگه‌ ماڵه‌كه‌م به‌جێنه‌هێشتایه‌ من به‌رپرسیارم‌و گوناهی من بوو"، ئه‌وه‌ وێنه‌یه‌كه‌ له‌و سه‌دان چیرۆك‌و رووداوانه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ بیانی‌، له‌ماوه‌ی‌ 73 رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ مه‌نبه‌ج له‌نزیكه‌وه‌ بینویه‌تی‌ له‌باكوری‌ سوریا.

ڤلادمیر ڤان ولگه‌نبێرگ، به‌رۆژنامه‌نووسێكی‌ ناسراوه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ كورد‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ژی‌، بۆ چه‌ندین ده‌زگای‌ میدیایی‌ جیهانی‌ كارده‌كات‌و ده‌نووسێت له‌نێویاندا سی‌ ئێن ئێن، ئه‌لمۆنیته‌ر، میدڵ ئیست ئای، ده‌یڵی بیست، فۆریین پلسی، ڤی ئۆ ئه‌یی‌و ناو، له‌چه‌ند مانگی‌ رابردوودا چووه‌ رۆژئاوای‌ كوردستان‌و له‌نزیكه‌وه‌ روماڵی‌ شه‌ڕی‌ كرد به‌تایبه‌ت مه‌نبه‌ج.

له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ندان، ئه‌و په‌یامنێره‌ ورده‌كاری‌ شه‌ڕ‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی‌ شه‌ڕڤانانی‌ یه‌په‌گه‌‌و هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات ده‌گێرێته‌وه‌، بۆچوونی‌ خۆیشی‌ ده‌رباره‌ی‌ ده‌ستكه‌وته‌كان‌و داهاتووی‌ كورد له‌سوریا ده‌خاته‌ڕوو به‌وپێیه‌ی‌ وه‌كو خۆی‌ ده‌ڵێت، ئاشنایه‌ به‌پرسه‌كان‌و تێگه‌یشتنی‌ بۆی‌ هه‌یه‌.


ئازادكردنی‌ هاوڵاتیان له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌

ده‌رباره‌ی‌ دۆخی‌ گشتی‌ شه‌ڕه‌ی‌ مه‌نبه‌ج ڤلادمیر وتی‌ "به‌شێك له‌كورده‌كان دڵخۆشنه‌بوون به‌ئۆپراسیۆنه‌كان له‌به‌ر به‌رزی رێژه‌ی قوربانیه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ یه‌په‌گه‌‌و هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات (SDF) زۆر مكورو سوروبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی داعش بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ وه‌كو ئۆپراسیۆنه‌كانی دیكه‌ نه‌بوون، داعش به‌رگریه‌كی زۆری كرد‌و هه‌وڵیدا هاوڵاتیانی سیڤیل وه‌كو به‌رگریی مرۆیی به‌كاربهێنێت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش هاوڵاتیانی سیڤلیان به‌بارمته‌گرت‌و مینی زۆریان به‌كارهێنا".

ئۆپه‌راسیۆنی‌ مه‌نبه‌ج دره‌نگانی‌ شه‌وی‌ 31ی‌ (ئایار/5)ی‌ 2016 ده‌ستیپێكرد، شه‌ڕڤانانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌ مه‌نبه‌ج سه‌ر به‌هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات توانییان دوای‌ 73 رۆژ له‌روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، به‌ته‌واوی‌ شاره‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌ربهێنن.

ڤلادمیر له‌و ماوه‌یه‌دا "چه‌ندین رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی شه‌ڕڤانانم بینی، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌خۆم هیچ كام له‌چه‌كداره‌كانم نه‌ده‌ناسی كه‌ له‌ئۆپراسیۆنه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ستده‌دا".

ئازادكردنی‌ مه‌نبه‌ج، به‌خوێنی ده‌یان شه‌ڕڤان بوو، له‌به‌رانبه‌ریشدا سه‌دان چه‌كداری‌ داعش كوژران‌و زیانی‌ زۆریان به‌ركه‌وت.

"SDF‌و یه‌په‌گه‌ سێ ده‌ستپێشخه‌رییان ئاراسته‌ی داعش كرد، سه‌باره‌ت به‌گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی سیڤیل به‌لاَم داعش ره‌تیكرده‌وه‌‌و هه‌وڵیدا هێرشی پێچه‌وانه‌ ئه‌نجامبدات به‌مه‌به‌ستی شكاندنی گه‌مارۆ، له‌كاتێكدا مه‌نبه‌ج له‌هه‌موو به‌ره‌و قۆڵه‌كانه‌وه‌ گه‌مارۆدرابوو، هه‌موو چه‌كداره‌كانی SDF هێشتا له‌سێ به‌ره‌وه‌ گه‌مارۆدرابوون له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی داعشه‌وه‌"، ڤلادمیر ده‌ڵێت "هێرشی ئاسمانی هاوپه‌یمانان‌و SDF رێگریكرد له‌سه‌ركه‌وتنی داعش".


ئازادكردنی‌ هاوڵاتیان له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌

له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا رۆڵی‌ به‌رچاویان هه‌بوو له‌پاڵپشتیكردنی‌ شه‌ڕڤاناندا، چه‌ندین هێرشیانكردووه‌ سه‌ر چه‌كدارانی‌ داعش، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندجارێك تۆمه‌تباركران به‌وه‌ی‌ به‌وهۆیه‌وه‌ هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نیش بوونه‌ته‌ قوربانی‌.

ڤلادمیر قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ هه‌یه‌‌و وتی‌ "ئه‌وه‌ی من له‌هاوڵاتیانی سیڤیلم بیست زۆربه‌ی قوربانیه‌كان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌كانی داعش‌و قه‌ناسه‌كانیان كوژرابوون، منداڵێكم بینی كه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو، باوكیشی ده‌گریا‌و ده‌یووت‌خۆزگه‌ ماڵه‌كه‌م به‌جێنه‌هێشتایه‌، من به‌رپرسیارم و گوناهی من بوو‌ سه‌رباری ئه‌مه‌ میدیای خۆرئاوا به‌ته‌نیا جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر قوربانیانی سیڤیل و مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵگه‌ی زۆر له‌ئارادانین له‌سه‌ر ئه‌مه‌، هێرشه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌گشتی زۆر وردو به‌وریایه‌وه‌ بوون".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ژیاوه‌، له‌ساڵی 2009 به‌مه‌ستی ئه‌نجامدانی  توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی‌و كاری رۆژنامه‌نوسی گه‌شه‌ی‌ به‌قسه‌كردن به‌زمانی كوردی داوه‌، ده‌توانێت به‌ڕه‌وانی‌ به‌هه‌ردوو شێوه‌زاری‌ سۆرانی‌و بادینی بدوێت، جگه‌له‌وه‌ی‌ ماسته‌ری‌ هه‌یه‌ له‌خوێندنی كوردیدا له‌زانكۆی ئیكزیته‌ر.

ئه‌و به‌گومانه‌ له‌و ره‌خنانه‌ی‌ روبه‌روی‌ شه‌ڕڤانان كراوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌پێشێلكاری‌ به‌رانبه‌ر كه‌مایه‌تیه‌كان، "توشی سه‌رسوڕمان بووم كه‌ یه‌په‌گه‌‌و SDF رێگه‌یان به‌و هه‌موو عه‌ره‌به‌ داوه‌ له‌نزیكیان بمێننه‌وه‌‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گونده‌كانیان، ئه‌وان هاوڵاتیانی سیڤیلیان له‌مه‌نبه‌ج  ده‌رنه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش سه‌رباری ئه‌و راستیه‌ی‌ ئه‌گه‌ری زۆر له‌ئارادابوو سه‌باره‌ت به‌دزه‌كردنی داعش بۆ نێو هاوڵاتیانی سیڤیل".

شه‌ڕڤانان له‌ماوه‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، هه‌زاران كه‌سیان له‌ژێر ده‌ستی‌ داعش ئازادكرد، جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیان خسته‌به‌رده‌م ئه‌و رێكخراو تاوه‌كو رێگه‌بده‌ن خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌شه‌ڕه‌كه‌ دووربكه‌وێته‌وه‌.

"خه‌ڵكی سیڤیل زۆر دڵخۆش بوون به‌هێزه‌كانی SDF، نیقاب‌و په‌چه‌یان ده‌سوتاند، به‌ڵام ناڕه‌زایی‌و سكاڵا هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌كه‌می یاخوود نه‌بوونی نان‌و ئاو‌و كۆمه‌ك، هه‌روه‌ها نه‌بوونی رێكخراوی ناحكومی تا یارمه‌تی‌ هاوڵاتیانی سیڤیل بده‌ن"، ڤلادمیر له‌نزیكه‌وه‌ بینیویه‌تی‌ خه‌ڵك ده‌ستبه‌جێ دوای ئازادكردنی‌ شارۆچكه‌كه‌یان داوای جگه‌ره‌یان كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كرابوو.


ژنێكی‌ به‌ته‌مه‌ن دوای‌ ئازادكردنی‌ مه‌نبه‌ج جگه‌ره‌ ده‌كێشێت

شارۆچكه‌ی مه‌نبه‌ج سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌له‌ب دووه‌م گه‌وره‌ترین شارۆچكه‌ی سوریایه‌و له‌سه‌ر رێگای نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ شاری حه‌له‌ب‌و كانتۆنی كۆبانی و پارێزگای ره‌ققه‌و حه‌سه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و ده‌گاته‌ سنوری عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش.

له‌رابردوودا كارێكی زۆر ئاسان بووه‌ بۆ ڤلادمیر راپۆرت له‌به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگه‌وه‌ ئاماده‌بكات، به‌ڵام بۆ مه‌نبه‌ج نا، چونكه‌ به‌ئۆپراسیۆنێكی زۆر هه‌ستیار و گرنگ ناویده‌بات له‌به‌رئه‌وه‌ی رێگا خۆشده‌كات بۆ كورده‌كان به‌مه‌به‌ستی یه‌كگرتنه‌وه‌ی كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان.

ئه‌و ده‌ڵێت "سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش، په‌یه‌گه‌و SDF نیگه‌رانن له‌سه‌ڵامه‌تی گیانی رۆژنامه‌نوسان، چه‌ندین جار SDF رێگه‌یان به‌رۆژنامه‌نوسان نه‌داوه‌ سه‌ردانی مه‌نبه‌ج بكه‌ن له‌به‌رهۆكاری ئه‌منی، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسێكی ناوخۆیی له‌ته‌قینه‌وه‌ی مینێكدا گیانی له‌ده‌ستدا".

"ئه‌وه‌ دووه‌مین شه‌ڕی راسته‌قینه‌ی نێو شار بوو بۆ چه‌كداره‌كانی یه‌په‌گه‌و SDF له‌مه‌نبه‌ج له‌دوای كۆبانێ" ڤلادمیر پێشتریش سه‌ردانی‌ كۆبانێی‌ كردووه‌‌و له‌چه‌ندین شه‌ڕی‌ شه‌ڕڤاناندا روماڵی‌ كردووه‌.

ئامانجی رزگاركردنی مه‌نبه‌ج بریتی‌ بوو له‌بڕینی ده‌ستڕاگه‌یشتنی چه‌كدارانی نوێ بۆ ناو داعش له‌خاكی سوریا‌و  به‌ "ده‌رگای ئه‌وروپای داعش" ناوده‌برا.

ڤلادمیر كه‌ به‌رده‌وام خۆشه‌ویستی‌ خۆی‌ بۆ كورده‌كان نیشانده‌دات، ده‌ڵێت به‌وهۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ چاودێری‌ ده‌كات‌و تێگه‌یه‌شتنێكی زۆر قوڵی‌ هه‌یه‌ بۆ سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌، پێیوایه‌ هه‌نگاوی‌ دواتر شه‌ڕڤانان ئه‌وه‌یه‌ چۆن مه‌نبه‌ج به‌رێوه‌ده‌به‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش پێده‌چێت "ته‌حه‌دیه‌كی گه‌وره‌و جدی بێت".

هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات، ساڵی‌ رابردوو به‌سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌په‌گه‌ پێكهێنرا‌و هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هاوكاری‌ سه‌ربازی‌ ده‌كات، له‌ئاستی‌ جیهانیشدا ستایشی‌ زۆرده‌كرێن به‌هۆی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌كانیان به‌رانبه‌ر داعش.

ده‌رباره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ كورد له‌رۆژئاوا، ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ بیانییه‌ له‌وباوه‌ڕه‌دایه‌ هه‌رێمێكی خۆبه‌ڕێوبه‌رییان ده‌بێت هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كورده‌كان له‌عێراق، گومانی‌ هه‌یه‌ رژێم یان ئۆپۆزسیۆن كاریگه‌ری خۆیان بگێڕێنه‌وه‌ باكوری سوریا.


ژنێك دوای‌ ئازادبوونی‌ په‌چه‌كه‌ی‌ لاده‌دات

ڤلادمیر نایه‌وێت په‌له‌بكات له‌بۆچوونه‌كانی‌ ده‌رباره‌ی‌ رۆژئاوا‌و ده‌ڵێت "زۆرینه‌ی نه‌وت‌و گازی سوریا له‌رۆژئاڤایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ چاوه‌ڕێبكه‌ین‌و ببینین له‌ ئاینده‌دا كه‌ ئایا لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی جه‌نگی ناوخۆی سوریا بارودۆخی دیفاكتۆ قبوڵ ده‌كه‌ن، هه‌ندێجار بارودۆخ له‌رۆژئاڤا بارودۆخی (باشوورم) بیردێنێته‌وه‌ له‌ساڵی 1991دا".

به‌رپرسانی‌ كورد له‌رۆژئاوای‌ كوردستان، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ جێگیركردنی‌ سیسته‌می‌ فیدراڵی‌ له‌رۆژئاوا‌و باكوری‌ سوریا له‌ئێستادا، ئه‌وه‌ش دوای‌ دوو ساڵ له‌راگه‌یاندنی‌ سێ‌ كانتۆنی‌ سه‌ربه‌خۆ.


ئه‌م بابه‌ته 6647 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM