ئه‌مریكا: سه‌قامگیریی درێژخایه‌ن له‌عیراق پێویستی به‌وه‌یه‌ حكومه‌ت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكانی هه‌موو عیراقییه‌كان بێت

ئه‌لیزابێس ترودۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا

خه‌ندان – عه‌بدوڵا محه‌مه‌د

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌باره‌ی شه‌ڕی موسڵ‌و نزیكبوونه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌و شاره‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ره‌وپێشچوونه‌ گه‌وره‌كان، دۆخی موسڵ له‌ هه‌ندێك له‌ رووه‌كانه‌وه‌ به‌ ناجێگیری ماوه‌ته‌وه‌، ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه‌ سه‌قامگیریی درێژخایه‌ن له‌عیراق پێویستی به‌وه‌یه‌ حكومه‌ت له‌به‌غدا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكانی هه‌موو عیراقییه‌كان بێت.

ئه‌لیزابێس ترودۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی رۆژانه‌یدا (15ی ئاب) سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوو و ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی موسڵ وتی"تێگه‌یشتنی ئێمه‌ به‌وشێوه‌یه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ره‌وپێشچوونه‌ گه‌وره‌كان، دۆخی موسڵ له‌ هه‌ندێك له‌رووه‌كانه‌وه‌ به‌ ناجێگیری ماوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ هه‌رچه‌نده‌ متمانه‌مان به‌ هه‌وڵه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ به‌ره‌وپێشبردنی به‌رپرسیاری، شه‌فافیه‌ت، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بنیاتنانی داموده‌زگای گشتگیر هه‌یه‌، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێكردووه‌، سه‌قامگیریی درێژخایه‌ن له‌ عیراقدا پێویستی به‌وه‌یه‌، كه‌ حكومه‌ت له‌ به‌غداد وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكانی هه‌موو عیراقییه‌كان بێت. ساڵانێكی زۆره‌ به‌ قورسی كارده‌كه‌ین بۆ پشتیوانیكردنی ئه‌و هه‌وڵه‌".

ئه‌و وتانه‌ی ترودۆ له‌دوای ئه‌وه‌هات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و دوایین لێدوانه‌كانی مه‌سعود بارزانی‌و جه‌نه‌راڵ پترایۆس، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق پرسیاری لێكرا. بارزانی له‌ دوایین وته‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ شاری موسڵ پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك، نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش رایگه‌یاند كه‌ خه‌ڵكی موسڵ شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی رابردوو په‌سه‌ند ناكه‌ن‌و گۆڕانكاریی ریشه‌یی پێویسته‌. جه‌نه‌راڵ پترایۆس-یش به‌ دیاریكراوی داوای پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكی هه‌رێمی بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی ته‌واوی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی خه‌ڵكی موسڵ كرد.

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ به‌رفراوانی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ، كه‌ له‌مانگی‌ شه‌شی‌ ساڵی‌ 2014وه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدایه‌، تادێت چڕترده‌بێته‌وه‌‌و هێزه‌ عیراقیه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ راهێنانیان پێده‌كرێت‌و هاوكاری‌ ده‌كرێن.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی برێت مه‌كگۆرك، نێردراوی تایبه‌تیی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش بۆ عیراق، ترودۆ وتی"سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی برێت مه‌كگۆرك بۆ به‌غداد و هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌ پابه‌ندبوونی هاوپه‌یمانان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دابینكردنی یارمه‌تی بۆ كه‌مپینی عیراق له‌ تێكشكاندنی(داعش)، هه‌روه‌ها دوای بردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان له‌ پشتیوانیی مرۆیی و سه‌قامگیریی بنچینه‌یی".

برێت مه‌كگۆرك له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا سه‌ردانی عیراق‌و هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵا له‌به‌غداو هه‌ولێر كۆبۆوه‌و شه‌ڕی داعش‌و پلانه‌كانی رزگاركردنی موسڵیان تاوتوێ كرد.

ناوبراو ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، برێت مه‌كگۆرك له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقی به‌رز نرخاندو له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی پلانی هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراوی سه‌ربازی، سیاسی‌و ئابوری، هاوكات ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش پابه‌ندن به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ ته‌واوی سه‌ركرد عیراقییه‌كان بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌ كه‌ ئه‌م پلانه‌ به‌ باشی به‌ره‌وپێش براوه‌.


ئه‌م بابه‌ته 1191 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM