ده‌قی چاوپێكه‌وتنی به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ ئاژانسی میهری ئێرانی

د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ركرده‌ی دیاری كورد

خه‌ندان-

د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ركرده‌ی دیاری كورد، رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حكومه‌تی عیراق پشتیوانی راكێشانی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ بۆ ئێران، پێداگیریش ده‌كات له‌سه‌ر مافی گه‌لی كورد بۆ دیاریكردن‌و بڕیاردان له‌سه‌ر مافی چاره‌نوسی خۆی.

ئه‌و وتانه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكیدا دێت له‌گه‌ڵ ئاژانسی میهری ئێرانی كه‌ له‌یه‌ككاتدا به‌سێ زمان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تیایدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان‌و ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌ له‌دوای جه‌نگی داعش، له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و ئێران.


-سه‌ره‌تا جه‌نابی دوكتۆر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و ئێران له‌ چ ئاستێكدایه‌؟

به‌رهه‌م ساڵح: په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و ئێران له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ گرنگه‌. سه‌رباری دراوسێ بوون، فه‌رهه‌نگ و دینی هاوبه‌ش، په‌یوه‌ندی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری هاوبه‌ش كۆمان ده‌كاته‌وه‌. له‌ هه‌موو ساته‌ سه‌خت و لێقه‌ماوه‌كان ئێران په‌ناگه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی عێراق بووه‌، له‌ ئه‌نفاڵ و هه‌ڵه‌بجه‌ و كۆڕه‌و هاوكاری زۆر باش‌و گرنگی پێشكه‌ش به‌ ئێمه‌ كردووه‌، یان ئه‌وه‌ی له‌كاتی خه‌باتمان له‌ دژی ڕژێمی سه‌ركوتكه‌ری سه‌دام یارمه‌تی باشی داوین.

له‌ شه‌ڕی دژ به‌ مرۆڤ كوژه‌كانی داعش، هاوكاری ئێران بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی تری عێراق بایه‌خ و كاریگه‌ری دیاری هه‌بووه‌و جێگه‌ی سوپاس و پیزانینمانه‌. ئێستاش پێویسته‌ كاری شێلگیرانه‌ بكه‌ین بۆ په‌ره‌دانی په‌یوه‌ندییه‌كانمان، بۆ نموونه‌ له‌ ڕووی ئابووریه‌وه‌، سنووری زیاتر بكه‌ینه‌وه‌ و هه‌وڵی زیاتر بده‌ین تاوه‌كوو ئاڵ‌و گۆڕه‌ ئابووریه‌كان په‌ره‌ی زیاتر بسێنێت.

له‌ هه‌مووی گرنگ تر حكوومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه‌ بۆری نه‌وت بۆ ئێران ڕابكێشێت‌و حكوومه‌تی عیراقیش له‌م هه‌وڵه‌ پشتیوانی كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منی عیراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ئێران ڕاوێژ و هاوكاری گونجاو و به‌رده‌واممان هه‌بێت.

-چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان لیژنه‌ ئێرانییه‌كان و به‌رپرسانی هه‌رێم ئه‌نجامدراوه‌ و لێكدانه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ چییه‌؟

به‌هه‌م ساڵح: كۆبووه‌وه‌كان ده‌رفه‌تی گرنگ بوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئێران تاوه‌كوو باس له‌ پێشهاته‌كانی ئێستای كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، به‌ تایبه‌تیش به‌رنامه‌ی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش و ریشه‌كێشكردنی ته‌كفیر و توندره‌وی.

بابه‌تی هاوكاری ئابووری، ته‌وه‌رێكی ‌تری دیكه‌ی باسه‌كه‌مان بوو. وه‌ك هه‌میشه‌، به‌رپرسانی ئێران دۆخی هه‌رێم‌و عیراقیان پێ گرنگه‌ و به‌ بایه‌خێكی زۆره‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان، بۆ ئێمه‌ش، ئێرانی دراوسێ، ئێرانێكی به‌هێز و كاریگه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌ با‌یه‌خی زۆری هه‌یه‌ و تێگه‌یشتن له‌ بۆچوون و ڕوانیینه‌كانی ئێران به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌ زۆر گرنگه‌.

هه‌روه‌ها له‌ سه‌رده‌می گۆڕانگارییه‌ خێراكان، له‌ سه‌رده‌می ئه‌گه‌ره‌ گه‌وره‌كان، ڕاوێژو لێكدانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان كارێكی پێویست‌و به‌ كه‌ڵكه‌.

-له‌م ماوه‌دا بڕێك دژایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ئازادكردنی موسڵدا كراوه‌، هۆی ئه‌مه‌ چییه‌؟

به‌رهه‌م ساڵح: حه‌شدی شه‌عبی پێكهاته‌یه‌كی گرنگی شه‌ڕكه‌ره‌ كه‌ له‌مه‌نزوومه‌ی ئه‌منی عێراقدا وه‌ستاوه‌، كاتی خۆی كه‌ دۆخه‌كه‌ زۆر هه‌ستیار بوو به‌ پێی فتوای مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای نه‌جه‌ف هاته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ و ده‌وری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌ ڕێگریكردن له‌ پێشڕه‌وییه‌كانی داعش.

شه‌ڕی ڕزگاركردنی موسڵ شه‌ڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت‌و وێستگه‌یه‌كی گرنگ ده‌بێت بۆ ڕاماڵینی سه‌ربازی داعش له‌ عیراق. ئه‌مه‌ كارێكی ئه‌سته‌مه‌ و ناكرێت نیازخراپی داعش و هێزی دڕندانه‌ و مرۆڤ كوژ و وێرانكه‌ری داعش به‌ كه‌م وه‌ربگرین، بۆیه‌ پیویسته‌ هه‌موو هێزه‌كان؛ پێشمه‌رگه‌، سوپای عیراق، حه‌شدی شه‌عبی و هێزی عه‌شایه‌ری ناوچه‌كه‌ له‌ژێر چه‌تری به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیر سازبدرێن و به‌شداری ڕاماڵینی داعش بكه‌ن و كۆتایی به‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ بێت. بێگومان پلانی سه‌ربازی یه‌كگرتوو، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ریی سیاسی بۆ چوارچێوه‌ی حوكمڕانی گونجاو و كاریگه‌ر به‌ ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌ دوای داعش، كارێكی پێویسته‌ تاكوو جارێكی دیكه‌ داعش سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كانمان یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ بن.

-سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێم جه‌خت له‌ یه‌كگرتوویی خاكی عێراق ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سانێك هه‌ن كه‌ جه‌خت له‌ دابه‌ش كردنی عێراق ده‌كه‌ن، هۆكه‌ی چییه‌؟‌

به‌رهه‌م ساڵح: به‌داخه‌وه‌ عیراق گیرۆده‌ی گێژاوێكی سیاسی بووه‌و له‌ قه‌یرانێكه‌وه‌ بۆ قه‌یرانێكی قووڵتر ده‌ڕوات. پێویسته‌ ده‌ربازبین له‌م گێژاوه‌ و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ كێشه‌كان بده‌ین. به‌داخه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌ ماوه‌ی پێشوودا تووشی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ بووه‌. به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌م دۆخه‌ بۆ كورد خراپه‌ و هه‌روه‌ها بۆ سه‌رانسه‌ری عیراقیش خراپه‌. ئه‌م ئاسته‌نگ و ناكۆكیانه‌، ئه‌م گێژاوه‌ سیاسییه‌ی به‌غدا بووه‌ته‌ مایه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و ناسه‌قامگیری و دۆخی خراپی ئه‌منی له‌م وڵاته‌. خه‌ڵكی عێراق شایه‌سته‌ی ژیانێكی باشترن و ناكرێت به‌مجۆره‌ باری ژیان و ئه‌منیان به‌رده‌وام بێت.

بێ گومان گه‌لی كوردستان خاوه‌ن مافی چاره‌نووسی خۆیه‌تی. بۆیه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد بڕیاری شێلگیرانه‌ی خۆمان سه‌باره‌ت به‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا بده‌ین‌و ئه‌مه‌ش ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، نه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ یان تاران یان واشنتۆن.

‌پێكهاته‌كانی عیراق پێویستیان به‌ ڕاوێژ و دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ و ڕاشكاوانه‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه‌، بۆ سازدانی گشت هێز و تواناكانمان دژی دڕنده‌ بوون و مرۆڤ كوژی ته‌كفیر و توندڕه‌وی و ڕێز گرتن له‌ مافی گشت پێكهاته‌كان و پاراستنی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی عیراق و ناوچه‌كه‌.


ئه‌م بابه‌ته 2101 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM