خواردنگه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ

خواردنگه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ

خەندان-ئاواره‌ حه‌مید

خواردنگه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا گه‌یشته‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ‌و له‌ڕێی‌ ئاماده‌كردنی‌ خواردنه‌وه‌ به‌خۆڕایی‌، له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌ دوو رۆژییه‌كه‌ی‌ میحوه‌ری‌ خازر نه‌یهێشت كه‌س دڵی‌ لای‌ برسێتی‌ بێت.

ئۆپه‌راسیۆنی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ری‌ خازر‌و گوێڕ له‌سنوری‌ نه‌ینه‌وا، به‌ره‌به‌یانی‌ یه‌كشه‌ممه‌ (14ی‌ ئه‌م مانگه‌) ده‌ستپێكرد‌و بۆ به‌یانی‌ دوێنێ‌ دووشه‌ممه‌ش چه‌ند كاتژمێرێك به‌رده‌وامی‌ هه‌بوو، له‌ئه‌نجامدا توانییان 11 گوندی‌ كۆنترۆڵبكه‌نه‌وه‌‌و ته‌واوی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ دانرابوو، جێبه‌جێیبكه‌ن.

په‌یامنێری‌ خه‌ندان له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، چووه‌ خواردنگه‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د له‌نزیك سه‌نگه‌رێكی‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌و رۆژه‌ گوشتی‌ سور‌و مرشیكیان ئاماده‌كردبوو له‌گه‌ڵ چایی‌‌و ئاوی‌ خواردنه‌وه‌.

محه‌مه‌د ساڵح حه‌سه‌ن، خاوه‌نی‌ كۆمپانیای‌ (مزگێن هات) له‌پارێزگای‌ دهۆك كه‌ له‌ڕێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ غاز ده‌به‌ن بۆ مالاَن‌و شوێنه‌ گشتیه‌كان، بیری‌ له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌ڕه‌كه‌ له‌فه‌ ئاماده‌بكات چونكه‌ وه‌كو ئه‌و به‌خه‌ندانی‌ وت "كه‌ خواردنه‌كه‌ له‌فه‌ بوو، پێشمه‌رگه‌ هه‌م شه‌ڕ ده‌كات‌و هه‌میش خواردن ده‌خوات".



هه‌موو ده‌رچوونێكی‌ ستافی‌ كۆمپانیاكه‌ی‌ محه‌مه‌د له‌چوار ئۆتۆمبێل كه‌متر نیه‌؛ ئه‌وان به‌ڕادێكیان پێیه‌ بۆ گۆشت، ئۆتۆمبێلێك بۆ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌، یه‌كێك تایبه‌ت به‌ غاز‌و هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلێك بۆ كه‌لوپه‌لی‌ تر، 15 كه‌س له‌خواردنگه‌كه‌دا سه‌رقاڵی‌ كار بوون‌و به‌خۆڕایی‌ له‌فه‌یان پێشكه‌شی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرد.

عه‌لی‌ هه‌ركی‌، له‌به‌تالیۆنی‌ سێی هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانییه‌‌و له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ خازر بۆ نان خواردن چووبووه‌ خواردنگه‌كه‌، به‌خه‌ندان-ی‌ وت "پێویسته‌ خه‌ڵكی‌ تریش ته‌ماشای‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌مووان ده‌پارێزێت".

هاوشێوه‌ی‌ كۆمپانیاكه‌ی‌ محه‌مه‌د، له‌دوو ساڵی‌ شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی‌ داعش، چه‌ندین كه‌س‌و ناوه‌ندی‌ تر له‌كاته‌ جیاوازه‌كاندا خواردنیان به‌خۆڕایی‌ ئاماده‌كردووه‌، وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ خۆڕاگری‌و پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش.

جگه‌ له‌شه‌ڕه‌كان، زۆرینه‌ی‌ رۆژانی‌ ئاساییش له‌میحوه‌ره‌كاندا خواردنگه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د ئاماده‌یی‌ هه‌یه‌، زیاتر شله‌‌وبرنج‌و گوشت ئاماده‌ده‌كه‌ن.



محه‌مه‌د كه‌ خۆی‌ كه‌متر ده‌توانێت بچێته‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ، ده‌ڵێت "له‌خازره‌وه‌ بۆ شه‌نگال هه‌ر كاتێك شه‌ڕ بێت، ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی‌ كۆمپانیاكه‌م به‌چه‌ند ئۆتۆمبێلێك ده‌نێرم له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌لوپه‌لێك، بۆ ئه‌وه‌ی‌ خواردن بۆ پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌بكه‌ن".

هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كوردستان، زیاتر له‌دوو ساڵه‌ به‌درێژایی‌ هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌شه‌ڕدان دژ به‌چه‌كدارانی‌ داعش‌و له‌و ماوه‌یه‌دا، چه‌ندین ناوچه‌ی‌ گرنگ‌و ستراتیژییان له‌ژێر ده‌ستی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌رهێناوه‌ له‌سنوره‌كانی‌ نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌دین.

له‌نزیكی‌ شوێنی‌ ئاماده‌كردنی‌ گۆشته‌كه‌ له‌خواردنگه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د، چادرێك هه‌ڵدراوه‌‌و له‌ژێر سێبه‌ره‌كه‌یدا سێ‌ كه‌س سه‌مونیان ئاماده‌ده‌كرد بۆ له‌فه‌كان، له‌ته‌نیشی‌ ئه‌وانیشه‌وه‌ زه‌ڵاته‌كان دانراوه‌‌و له‌ولاتر، ئاوی‌ خواردنه‌وه‌‌و چا هه‌یه‌.

هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌یه‌وێته‌ له‌فه‌ بخوات، ئه‌و كه‌سه‌ی‌ گۆشته‌كه‌ ده‌خاته‌ سه‌مونه‌وه‌ لێی‌ ده‌پرسێت چی‌ ده‌خوات مریشك یان گۆشت، دواتر له‌ژێر چادره‌كه‌دا خۆی‌ زه‌ڵاته‌ ده‌خاته‌ سه‌مونه‌كه‌یه‌وه‌، دیاریكراویش نیه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك چه‌ند له‌فه‌ بخوات.

شێرزاد عه‌لی‌، پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ زێره‌ڤانی‌ بوو له‌میحوه‌ری‌ خازر، به‌ده‌م خواردنی‌ له‌فه‌یه‌كی‌ گۆشتی‌ مریشكه‌وه‌ بۆ خه‌ندان دوا "له‌فه‌یه‌كی‌ خۆشه‌، له‌كاتی‌ هێرشه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا ئه‌م كۆمپانیایه‌ دێن‌و خواردنمان بۆ ئاماده‌ده‌كه‌ن"..

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ خازر، به‌پاڵپشتی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌نجامدرا، چه‌ندین هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌ر به‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تێیدا به‌شداربوون، جگه‌ له‌هاوكاری‌ خۆبه‌خشه‌كان‌و ناوه‌نده‌ پزیشكیه‌كان.



ته‌نیا له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌دا، خواردنگه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ شه‌ش هه‌زار سه‌مون-یان كردووه‌ به‌له‌فه‌، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 200 كیلۆ گۆشتی‌ مریشك‌و 100 كیلۆ كۆشتی‌ گوێره‌كه‌، خه‌رجی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ش 25 ملیۆن دینار بووه‌ به‌وته‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی.

وه‌كو محه‌مه‌د ده‌ڵێت، بۆ هه‌ر ده‌رچوونێكیان پێشتر هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، به‌هۆی‌ كاره‌كه‌شیه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌ستخۆشی‌ لێده‌كرێت‌و جێی‌ پێزانینی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌ك رۆژدا كۆتایی‌ نه‌هات، ستافی‌ خواردنگه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ش ئێواره‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قه‌زای‌ خه‌بات له‌سنوری‌ هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌كانیان ئاماده‌ بكه‌ن‌و له‌ڕۆژی‌ دووه‌می‌ شه‌ڕه‌كه‌شدا خواردن پێشكه‌ش بكه‌ن.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ئازادكردنی‌ نزیكه‌ی‌ 150 كیلۆمه‌تری‌ چوارگۆشه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ راگه‌یه‌ندرا، ئه‌وه‌ش به‌خوێنی‌ ژماره‌یه‌ك شه‌هید‌و برینداربوو، له‌به‌رانبه‌ردا 130 چه‌كداری‌ داعش كوژران‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆریشیان برینداربوون، به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

كۆمپانیاكه‌ی‌ محه‌مه‌د ته‌نیا خواردن ئاماده‌ ناكات، به‌ڵكو به‌خۆڕایی‌ له‌میحوه‌ری‌ خازر تاوه‌كو شه‌نگال غاز به‌بێ به‌رامبه‌ر ده‌ده‌ن به‌پێشمه‌رگه‌، ئه‌وانه‌شی‌ بوتڵی‌ به‌تاڵیان نییه‌ بوتڵ‌و غازه‌كه‌شیان پێده‌درێت.

خاوه‌نی‌ كۆمپانیاكه‌ خه‌رجیه‌كانی‌ له‌ماوه‌ی‌ شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌دا دژ به‌داعش به‌یه‌ك ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت ته‌نیا له‌پێدانی‌ غاز.

ته‌نیا له‌ڕۆژی‌ یه‌كه‌می‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌خازر، محه‌مه‌د 50 بوتڵ غازی‌ به‌بوتڵه‌كه‌وه‌ به‌خیشووه‌ته‌ چێشتخانه‌ی‌ ناوه‌ند له‌و میحوه‌ره‌، به‌وته‌ی‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ زێره‌ڤانی.

موقه‌ده‌م سه‌لیم عوسمان له‌سوپای‌ دووی‌ زێره‌ڤانی‌ به‌خه‌ندانی‌ وت "ئه‌مه‌ی‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ ده‌یكات كارێكی‌ زۆر گرنگه‌، له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ غاز زۆر گرنگه‌ بۆیه‌ پێویستی‌ كۆمپانیای‌ تریش كاری‌ له‌م شێوه‌یه‌ بكه‌ن، ئه‌وان به‌به‌رده‌وامی‌ هاوكاری‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌ئاماده‌كردنی‌ خواردن‌و پێدانی‌ غاز به‌خۆڕایی‌".

كارمه‌ندانی‌ كۆمپانیاكه‌ی‌ محه‌مه‌د له‌مه‌ترسی‌ دوورنین، له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ خازر به‌هۆی‌ هاوه‌نی‌ داعشه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ گرفت بوونه‌وه‌‌و ناچار، گواستیانه‌وه‌ بۆ پشت ته‌پۆلكه‌یه‌ك له‌ژێر سایه‌ی‌ سه‌نگه‌رێكی‌ پێشمه‌رگه‌دا.




ئه‌م بابه‌ته 16139 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM