عەبادی: لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ هەرێم هەیە كە پێشمەرگە لەوە زیاتر پێشڕەوی نەكات

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق

خەندان-ئارام یوسف

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێم لێكتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەیە كە هێزەكانی پێشمەرگە لەوە زیاتر پێشڕەوی نەكەن و لە ناوچەكانی ئێستایان بمێننەوە.

عەبادی ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی لێكتێگەیشتنەكەیان لەگەڵ هەرێم، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ئێستا خۆیان دەمێننەوە و ئه‌گه‌ر  بەشداری شەڕی موسڵ بكەن، یارمه‌تی‌ پێشكه‌ش به‌هێزه‌كانی‌ سوپا دەكەن و ناچنه‌ ناو موسڵه‌وه‌.

ئەو وتانەی عەبادی لەكاتێكدایە هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی زیاتر لە سێ مانگدا سنوری پێشڕەوییەكانی خۆی لەهەردوو میحوەری گوێڕو خازر فراوانكردووە.

دوایین ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لەدوو رۆژی رابردوودا ئەنجامدرا كە تێیدا 11 گوند لە هەردوو میحوەرەكە كۆنتڕۆڵكرانەوە.

عه‌بادی‌ لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا جەختیكردەوە، حكومه‌ت ئه‌و هێزانه‌ دیاریده‌كات كه‌ به‌شداری‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ ده‌كات "رێگه‌ به‌هيچ لایه‌نێك ناده‌ین كه‌ پیسه‌پێنێت به‌سه‌رماندا كێ به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كه‌ و كێ به‌شداری‌ ناكات".

تائێستا هێزە عیراقییەكان لەسەر پلانێكی یەكگرتوو رێكنەكەوتوون بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ كە زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر دەستی داعشدایە.

ماوەی چەند مانگێكیشە چەند یەكەیەكی سوپای عیراق كە لە مەخمور جێگیركراون لەباشوری موسڵ لە پێشڕەویدان.

عەبادی دەڵێت، سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن، هێزی‌ مه‌شقپێكراون و رێگه‌ناده‌ن هیچ هێزێك ده‌ستدرێژی‌ بكاته‌ سه‌ر هاوڵاتیانی‌ عیراق و سوكایه‌تیان پێبكات.

"ده‌توانین له‌ میحوه‌ركانی‌ شه‌ڕه‌وه‌ پێشڕه‌وی‌ زیاتر بكه‌ین له‌به‌رامبه‌ر چه‌كداره‌كانی‌ داعش ئه‌گه‌ر بیر له‌ پاراستنی‌ گیانی‌ ئاواره‌كان و دۆخی‌ ئامێر و ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كانمان نه‌كه‌ینه‌وه‌"، عەبادی وایوت.

له‌ باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ چاكساری‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی عەبادی‌ وتی‌ "له‌ ئێستادا كار له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ پرسی گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كه‌ین و زۆر به‌باشی‌ ده‌زانین كێ گه‌نده‌ڵه‌".

بەوتەی عەبادی، ئێستادا گه‌نده‌ڵكاران په‌نایان بردۆته‌به‌ر تاوانی‌ رێكخراو به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستێهنانی‌ پاره‌ و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ واده‌كه‌ن به‌رده‌وام گه‌نده‌ڵكاران له‌ دوودڵیدا بن و رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌ له‌هه‌ر شوێنێك بن.

ئه‌م بابه‌ته 7399 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM