توركیا 38 هه‌زار زیندانی‌ ئازاد ده‌كات


خه‌ندان-خۆشناو حسێن

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا 38 هه‌زار زیندانی‌ ئازاد ده‌كه‌ن، كه‌ تا پێش مانگی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ به‌ تاوانی‌ جۆراوجۆر زیندانی‌ كراون.

به‌كر بۆزداغ وه‌زیری‌ دادی‌ توركیا رایگه‌یاند، به‌پێی بڕیارنامه‌كی‌ یاسایی 38 هه‌زار به‌ندكراو ئازاد ده‌كرێن، كه‌ تا پێش یه‌كی‌ ته‌مموز زیندانی‌ كرابوون به‌ تاوانی‌ جۆراوجۆر.

به‌و پێیه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ 15 ی‌ ته‌مموزی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌ستگیركراون به‌تۆمه‌تی‌ تێوه‌گلان له‌ هه‌وڵی‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌.

بۆزداغ وتیشی‌ "ئازادكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ لێبوردنی‌ گشتیدا نیین".

ئه‌و بڕیاره‌ ئازادكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ تاوانباركراون به‌ كوشتنی‌ به‌ئه‌نقه‌ست یان هه‌وڵی‌ كوشتنی‌ دابێت، یان ئه‌وانه‌ی‌ به‌تاوانی‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ره‌و بازرگانیكردن به‌و ماددانه‌وه‌ زیندانی‌ كراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن و نهێنییه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تیان ئاشكراكردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی‌ به‌ تیرۆر تاوانباركراون ئازاد ناكرێن.

وه‌زیری‌ دادی‌ توركیا جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئازادكردنیان، له‌ژێر چاودێریدا ده‌مێننه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ماوه‌ی‌ سزاكانیان ته‌واوده‌بێت.

ئه‌م بابه‌ته 1353 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM