کالاس؛ کار بۆ دابینکردنی پێداویستیی تەواو بۆ منداڵانی كۆچبه‌ری‌ بێ-سەرپەرشت دەکرێت

کەمپی کالاس سنوری نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا

خەندان – عەبدوڵڵا محەمەد

بەرپرسانی فەڕەنسا و بەریتانیا لە کەمپی کالاسی سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە تاوتوێی شێوازی یارمەتیدان و چاودێریی منداڵانی كۆچبه‌ری‌ بێ سەرپەرشت (خوار تەمەنی 18 ساڵ) دەکەن.

بریارە سبەینێ پێنجشەممە راوێژکارانی رێکخراوی کۆمەڵەی حکومەتی ناوخۆیی (LGA)ی بەریتانی و ناتاشا بۆچارت، سەرۆکی شارەوانی کالاس سەردانی کەمپی پەنابەرانی بیانی لەو ناوچەیەدا بکەن. ئەمەش بەمەبەستی یەکخستنی هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی پەنابەران.

لە چەند مانگی رابردوودا نیگەرانیەکان سەبارەت بە بوونی ژمارەیەکی زۆر منداڵی بێسەرپەرشت لە تەواوی ئەوروپادا زیادیکرد، بە تایبەت بە خەمڵاندنە فەرمییەکان ئاماژەیان بۆ ونبوونی نزیکەی 10 هەزار منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ لە تەواوی ئەوروپادا دەکەر بەهۆی کۆچی بەلێشاوی کۆچبەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.

ئەو سه‌ردانه‌ دوای بوونی گرژی و ئاڵۆزی سەبارەت بە هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی پەنابەران دێت دوای سەرکەوتنی بژاردەی جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ.

دەیڤد سیمۆند، بەرپرسی گروپی تایبەت بە پەنابەر، ئاوارە و کۆچبەرانی رێکخراوی کۆمەڵەی حکومەتی ناوخۆیی بەریتانیا رایگەیاند کە ژمارەیەکی منداڵی کۆچبەر هەن کە پێویستییەکی زۆریان بە پاکێجی هاوکارییە. ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەگەر نەتواندرێت بگەیەندرێنەوە بە خێزانەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا یاخود بەریتنایادا.

وتیشی  "ئەگەر منداڵەکان بێنە بەریتانیا، لیژنەکانی تایبەت بە پەنابەران هەوڵدەدەن هەموو ئەو منداڵانەی رووبەڕووی ناڕەحەتی و زەحمەت بوونەتەوە لە وڵاتەکانیان یاخود کاتی هاتنیان بۆ بەریتانیا، بە ئاسانترین شێوە و بەزووترین کاتی گونجاو نیشتەجێی ژیانی بەریتانیابن. ئەمەش لەگەڵ پێدانی پشتیوانیی بەردەوام لەو کاتەی کە پێویستیانە".

هەروەها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، بە گشتی، لیژنەکان لەگەڵ حکومەت و هاوبەشەکانیان کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی منداڵان و رەزامەندی لەسەر پێداویستییەکانیان بەر لە چوونە ناو بەریتانیاوە.

زیاد لە چوار هەزار منداڵی بێ سەرپەرشت داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا دەکەن. بەرپرسانی ناوخۆیی جیاواز لەوەی کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە هاوکاریی داراییان بە ئاستێکی جێگیر بۆ رەوانەدەکرێت، بەرپرسن لە دابینکردنی خەرجیی خوێندن،  نیشتەجێبوون و زانکۆ بۆ ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتانە.


ئه‌م بابه‌ته 1109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM