بۆ جاری دووەم فڕۆکە جەنگییەکانی‌ روسیا لە ئێرانەوە هێرشیان بۆسەر پێگەکانی داعش ئەنجامدا

فرۆکە جەنگییەکانی روسیا دوێنێ یەکەم هێرشیان لە خاکی ئێرانەوە کردە سەر داعش

خەندان –

وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، بۆ جارێکی دیکە فرۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە بنکە ئاسمانییەکەی ئێرانەوە بەمەبەستی بۆردوومانکردنی ئامانجەکانیان لە سوریا بەڕێکەوتوون و ئامانجه‌كانیان بۆردوومانکردووە.

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی روسیاوە بڵێ‌ویکردووەتەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ جاری دووەم لە بنکەی ئاسمانیی هەمەدانی ئێرانەوە چەندا ئامانجێکی چەکدارانی داعشیان لە سوریادا بۆردوومانکردووە.

بەپێی وەزارەتی بەرگریی روسیا، فڕۆکە جەنگییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی ئاب) لە بنکەی ئاسمانیی هەمەدان، باشوری رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێرانەوە بەمەبەستی بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێکی چەکدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریادا بەڕێکەوتوون.

هەروەها ئاماژەشی کردووە بەوەی کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا دوو بنکەی فەرماندەیی و دوو کەمپی راهێنانی چەکدارانی رێکخراوەکە بۆردوومانکراون. هاوکات زیاتر لە 150 چەکداری رێکخراوەکە کوژراون.

دوێنێ سێشەممە (16ی ئاب) ئێران رێگەیدا فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا لە خاکی ئەو وڵاتەوە بەرەو سنوری ئاسمانیی سوریا بچن و بۆردوومانی ئامانجەکانیان لەو وڵاتەدا بکەن.

ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 ئەنجامیدا، توانا ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە سنورداردەکات و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەسەندکردنی، تاران ناتوانێت هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی بکڕێت، وەربگرێت یاخود بۆی بگوازرێتەوە. بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانیی هەمەدانی ئێران ئەگەری پێشێلکردنی یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکەی خستە ژێر پرسیارەوە.

 وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە توندی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە ئاماژەدەکەن بەوەی بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکەی ئێران لەلایەن ئەو وڵاتەوە شکاندنی هیج یەکێک لە سزا سەپێندراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.


ئه‌م بابه‌ته 1093 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌داعش‌‌ئێران‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM