یه‌په‌گه‌ شه‌هیدبوونی شه‌ڕڤانێكی ئه‌مریكی له‌ مه‌نبه‌ج راگه‌یاند

ویلیه‌م ساڤیچ-ه‌و خه‌ڵكی ویلایه‌تی مێریلاندی ئه‌مریكایه‌و 10ی ئه‌م مانگه‌ له‌شه‌ڕی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج شه‌هید بووه‌

خه‌ندان-

یه‌په‌گه‌ شه‌هیدبوونی شه‌ڕڤانێكی خۆبه‌خشی ئه‌مریكی له‌شه‌ڕی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج راگه‌یاند.

ئه‌و خۆبه‌خشه‌ ناوی ویلیه‌م ساڤیچ-ه‌و خه‌ڵكی ویلایه‌تی مێریلاندی ئه‌مریكایه‌و 10ی ئه‌م مانگه‌ له‌شه‌ڕی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج شه‌هید بووه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه‌) ئه‌و شه‌ڕڤانه‌ سه‌ره‌تای 2015 چووه‌ته‌ رۆژئاوای كوردستان‌و له‌ناوریزه‌كانی یه‌په‌گه‌دا ناسناوی ئامێد كۆبانی هه‌بووه‌و ئاستێكی به‌رزی هه‌بووه‌ له‌شه‌ڕی دژی داعش.


ویلیه‌م ساڤیچ شەڕڤانە خۆبەخشەکەی ناو یەپەگە

یه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت"ئامێد كۆبانی 10ی مانگ به‌هۆی تۆپبارانی داعش برینداربووه‌و هه‌موو هه‌وڵێكی پزیشكیماندا بۆئه‌وه‌ی ژیانی رزگاربكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ شه‌هید بوو".

ئه‌و شه‌ڕڤانه‌ ئه‌مریكییه‌ له‌سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج به‌شداری كردووه‌، یه‌په‌گه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری ئه‌و شه‌هیده‌ ده‌كه‌ن.

له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شۆڕش له‌ رۆژئاوای كوردستان سه‌رباری په‌یوه‌ست بوونی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی رۆژئاوا به‌شۆڕشه‌وه‌ هاوكات چه‌ندین كه‌سی بیانیی چوونه‌ته‌ ریزی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌و خه‌باتیان كردووه‌و تائێستاش ژماره‌یه‌ك له‌و بیانییانه‌ شه‌هید بوون.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج 31ی ئایاری ئه‌مساڵ ده‌ستیپێكردو 12ی ئه‌م مانگه‌ به‌ته‌واوی رزگاركرا.

ئامانجی رزگاركردنی مه‌نبه‌ج بریتی بوو له‌بڕینی ده‌ستڕاگه‌یشتنی چه‌كدارانی نوێ بۆ ناو داعش له‌خاكی سوریا به‌درێژایی سنوری توركیا كه‌ له‌مێژه‌ داعش ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی وه‌ك بنكه‌یه‌ك بۆ هاتوچۆكردنی چه‌كدارانی بیانی له‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ سوریاو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌كارهێناوه‌و مه‌نبه‌ج به‌ "ده‌رگای ئه‌وروپای داعش" ناوده‌برا.

شارۆچكه‌ی مه‌نبه‌ج سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌له‌ب دووه‌م گه‌وره‌ترین شارۆچكه‌ی سوریایه‌و له‌سه‌ر رێگای نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ شاری حه‌له‌ب‌و كانتۆنی كۆبانی و پارێزگای ره‌ققه‌و حه‌سه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و ده‌گاته‌ سنوری عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش.

مه‌نبه‌ج ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای چه‌می فورات‌و باشوری شاری جه‌رابلس‌و باكوری رۆژئاوای ره‌ققه‌و به‌ رزگاركردنی ئه‌و شاره‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش، په‌یوه‌ندی نێوان شاری ره‌ققه‌و ناوچه‌كانی جه‌رابلس‌و مارع ده‌بڕدرێت كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر سنوری توركیاو له‌ژێر ده‌ستی داعشدان، هاوكات رزگاركردنی شاری ته‌بقه‌و به‌نداوی فورات ئاسانتر ده‌كات.


ئه‌م بابه‌ته 1199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM