بارزانی: پیاده‌كردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له‌پێناو ڕێگه‌گرتن ده‌بێت له‌قووڵتربوونی گرفته‌كان

کۆبوونەوەی بارزانی و سێناتۆر كۆری بووكه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا و شاندێکی یاوەری

خه‌ندان-
مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند پیاده‌كردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان ئاشتیانه‌و به‌ دیالۆگ و له‌پێناو ڕێگه‌گرتن ده‌بێت له‌ قووڵتربوونی گرفته‌كان.

ئه‌و وتانه‌ی بارزانی ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا بووه‌ له‌گه‌ڵ سێناتۆر كۆری بووكه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا له‌ پارتی دیموكرات‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش‌و كاروباری حكومه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكاو شاندێكی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوون له‌ ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌عیراق‌و كێن گرووس كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكاری سیاسی و سه‌ربازی.

به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌دیداره‌كه‌دا سێناتۆر كۆری بووكه‌ر ستایشی خۆڕاگریی و خه‌باتی گه‌لی كوردستانی كردوه‌و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ گه‌لی كوردستان به‌هۆی ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه‌ و پێكه‌وه‌ژیان و له‌خۆبورده‌یی و مامه‌ڵه‌ی باشیان له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌ ئاڵۆزه‌كان ناوبانگێكی باشی له‌ جیهاندا هه‌یه‌و ئه‌وه‌ی به‌ هۆكارێك زانی كه‌ ئه‌مه‌ریكا دۆستایه‌تیی گه‌لی كوردستان بكات.

ئه‌و سیناتۆره‌ ئه‌مریكییه‌ پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی مه‌سعود بارزانی له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی شه‌ڕی تیرۆر هه‌بوه‌و سوپاسی گه‌لی كوردستانی كردووه‌ كه‌ سه‌رباری بوونی شه‌ڕ و ته‌حه‌دیاتی ئابووری میوانداریی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌یان كردووه‌، به‌ڵێنیشیداوه‌ گرفت‌و ئاواته‌كاتی گه‌لی كوردستان به‌ خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا بگه‌ێنێت‌و پاڵپشتیی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستان دووپاتكردوه‌ته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ هاوكاری سه‌ربازیی سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ كاریگه‌ریی زۆری له‌ مسۆگه‌ركردنی سه‌ركه‌وتنه‌كان هه‌بووه‌و ڕایگه‌یاند"هه‌ماهه‌نگیی وردی نێوان سوپای ئه‌مه‌ریكا و پێشمه‌رگه‌ كارێكی نموونه‌یی هاوبه‌ش و سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌فسانه‌ی داعش تێكشكا به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت یه‌ك شوێنی مه‌ده‌نیش بكرێته‌ ئامانج".

بارزانی باسی له‌ كێشه‌ی كوردیش كردووه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌"پیاده‌كردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان ئاشتیانه‌ و به‌ دیالۆگ و له‌پێناو ڕێگه‌گرتن ده‌بێت له‌ قووڵتربوونی گرفته‌كان و هه‌روه‌ها بۆ به‌دیهاتنی ئاشتی و بووژانه‌وه‌ و برایه‌تی ده‌بێت".

هه‌روه‌ها مه‌سعود بارزانی رۆشنایی خستوه‌ته‌سه‌ر كێشه‌ی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕوو كه‌ گه‌لی كوردستان وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆیی‌و نیشتیمانی ده‌رگای به‌ڕووی ئاواره‌كاندا كرده‌وه‌و یارمه‌تیی داون، وتویه‌تی"حكوومه‌تی عیراق له‌ ئاست كێشه‌ی ئاواره‌كان به‌رپرسیارانه‌ نه‌جووڵاوه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولیش له‌ یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان كه‌مته‌رخه‌م بووه‌".


ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM