كاره‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ته‌واونه‌بووه‌؛ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی‌ ماوه‌


خەندان- ئاواره‌ حه‌مید

فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌، نوسیونه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوانیان ته‌واونه‌كردووه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، چونكه‌ هێشتا ده‌رباره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنه‌كه‌ی‌ نه‌یانتوانیووه‌ بۆچونه‌كانیان یه‌كبخه‌ن.

بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا فراكسیۆنه‌كانیان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان راسپارد بۆ نوسینه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ هه‌ردووحزب، به‌ڵام تائێستا كاره‌كانیان ته‌واو نه‌كردووه‌.

عه‌بدولره‌حمان عه‌لی‌، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ هاوپه‌یمانه‌تیه‌كه‌ له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌خه‌ندانی‌ وت "زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كاره‌كانی‌ په‌یڕه‌ ته‌واو كراوه‌، بگره‌ سه‌دا 90ی‌ ته‌واو بوه‌‌و كێشه‌یه‌كی‌ وامان نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ چۆنیه‌تی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فراكسیۆنه‌كه‌یه‌‌و ئه‌وان (فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌) رایه‌كیان هه‌یه‌‌و ئێمه‌ش رایه‌كی ترمان هه‌یه‌، به‌ڵام ناكۆكی‌ قوڵمان نیه‌".

به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌ككه‌ی‌ 15ی‌ (ئایار/5)ی‌ ئه‌مساڵی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، پابه‌ندن به‌دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك بۆ فراكسیۆنه‌كانیان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان بۆ هاوهه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌، ئه‌و هاوپه‌یمانیتیه‌ش كراوه‌ ده‌بێت له‌به‌رده‌م فراكسیۆنه‌كانی‌ تر.

خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیی‌ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ له‌فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ به‌خه‌ندانی‌ وت "چه‌ند خاڵێك هه‌یه‌ كه‌ نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ری‌، یه‌كێك له‌و خالاَنه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانه‌تیه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ وازمان لێ هێناوه‌‌و كه‌مته‌رخه‌می‌ ئێمه‌ بووه‌".

به‌شێك له‌پێشنیاره‌كان سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانه‌تیه‌كه‌یان به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، واته‌ هه‌ر لایه‌نێك پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ لابێت ئه‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ بۆ لایه‌نه‌كه‌ی‌ تر ده‌بێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌.

 خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت "ساردی‌ له‌كاره‌كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ په‌رله‌مانی‌ پێ كاراناكرێته‌وه‌، دۆخه‌ سیاسیه‌كه‌ وای‌ كردوه‌ كه‌ ساردی‌ به‌نوسینه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌ دیار بێت".

دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نزیكه‌ی‌ ساڵێكه‌ په‌كیكه‌وتووه‌، له‌ئه‌نجامی‌ ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كان ده‌رباره‌ی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ له‌مانگی‌ 10ی‌ ساڵی‌ رابردوودا له‌نێوان پارتی‌‌و گۆڕاندا گه‌یشته‌ لوتكه‌ی‌ بارگرژی‌، كاتێك رێنه‌درا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر‌و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان له‌حكومه‌ت دورخرانه‌وه‌.

نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ گۆڕان له‌نوسینه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ وتی‌ "كێشه‌یه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تیمان نیه‌، به‌ڵكو رای‌ جیاواز هه‌یه‌، هیوادارین له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیك كۆبوونه‌وه‌ی‌ تر بكرێت‌و بگه‌ینه‌ ئه‌نجام، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانه‌تیه‌كه‌ رابگه‌یه‌نین".

تائێستا هه‌ردوو فراكسیۆن چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا به‌ڵام رێككه‌وتنی‌ كۆتایی‌ نه‌كراوه‌، یه‌كێتی‌ پێشنیاری‌ كردووه‌ 10 كه‌س سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌ بكه‌ن به‌جۆرێك ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێستای‌ هه‌ردوو فراكسیۆنه‌كه‌ (شه‌ش كه‌س) هه‌روه‌ها هه‌ر فراكسیۆنه‌ و دوو كه‌سی‌ یاساییش دیاری‌ بكه‌ن، به‌ڵام گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ سه‌رۆكێك‌و جێگر هه‌بێت ئه‌گه‌ر پێویستی‌ كرد جێگری‌ تر یان وته‌بێژ دابنرێت.

عه‌بدولره‌حمان عه‌لی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ "له‌نوسینه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ ماوه‌ كه‌ شێوازی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تیه‌ چۆن بێت".

رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ له‌ 11 به‌ش‌و 25 مادده‌ پێكهاتووه‌، تێیدا تێڕوانینی‌ هاوبه‌شی‌ خۆیان خستووه‌ته‌ڕوو ده‌رباره‌ی‌ پرسه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌حزب، ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، عێراق‌و ناوچه‌كه‌ له‌رووه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كانه‌وه‌.

له‌و رێككه‌وتنه‌دا هه‌ردولا پابه‌ندبونی‌ خۆیان به‌سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ حوكمڕانی‌ هه‌رێم راگه‌یاندووه‌‌و به‌گونجاوترینی‌ ده‌زانن بۆ قۆناغی‌ ئه‌مڕۆ كه‌ تێیدا سه‌رۆكی‌ له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت لێپرسراوی‌ راسته‌وخۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن ده‌بێت.

هه‌روه‌ها كۆكن له‌سه‌ر لابردنی‌ له‌مپه‌ڕه‌ یاسایی‌‌و سیاسیه‌كانی‌ به‌رده‌م دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كان، ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌ی‌ بێمه‌رجی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا.

رێككه‌وتنه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌پێویستی‌ ئاماده‌كردنی‌ ده‌ستورێكی‌ دیموكراتیانه‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ دادگاكان كردووه‌ له‌گه‌ڵ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌‌و په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌، له‌باره‌ی‌ چه‌ندین كه‌رتی‌ تره‌وه‌ له‌نێویاندا پرۆسه‌ی‌ نه‌وت، داوای‌ چاكسازی‌‌و شه‌فافیه‌تی‌ كردووه‌.

له‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كانی‌ ره‌شنوسه‌كه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، لایه‌نه‌كانی‌ ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ (گۆڕان‌و یه‌كێتی‌) مافی‌ رێككه‌وتن یان په‌یمان به‌ستنیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ تردا، به‌مه‌رجێك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ یان ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ مادده‌‌و بڕگه‌كانی‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی‌ ئێستا. هه‌ر لایه‌نێكی‌ دیكه‌ش به‌ره‌زامه‌ندی‌ هه‌ردوولا (گۆڕان‌و یه‌كێتی‌) ده‌توانێت بچێته‌ ناو رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌.


ئه‌م بابه‌ته 1339 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM