روسیا یه‌ك ملیۆن فیشه‌كی بۆ پێشمه‌رگه‌ ناردووه‌

میحوەری خازر.. ٢٩-٥-٢٠١٦ فۆتۆ: خەندان- فازڵ هۆرامی

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی‌و هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

له‌چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش، روسیا بڕی یه‌ك ملیۆن فیشه‌كی بۆ پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ كردووه‌.

ئاسۆ تاڵه‌بانی، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روسیا، رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ئینته‌رفاكس-ی ڕوسی ڕاگه‌یاندووه‌ كۆتایی مانگی ڕابردوو مۆسكۆ كاروانێكی دیكه‌ی فیشه‌كی ناردووه‌ بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر مۆڵگه‌كانی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌داعش له‌ شاری موسڵ.

تاڵه‌بانی وتیشی"ڕوسیا  به‌ فڕۆكه‌یه‌كی دیكه‌دا بڕێك فیشه‌كی ناردووه‌ بۆ هه‌ولێر كه‌ له‌نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن فیشه‌كی چه‌كی كڵاشینكۆف‌و ڕه‌شاش پێك دێت‌و ناردنی ئه‌و بڕه‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا بووه‌".

هه‌روه‌ها یه‌فگینی ئارژانتسێڤ، ڕاوێژكاری كونسوڵگه‌ری ڕوسیا له‌ هه‌ولێر هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ ئینته‌رفاكس پشتڕاست كردۆته‌وه‌.

ئاژانسه‌ روسییه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو كه‌ مانگی‌ ئازاری رابردووش روسیا چه‌كی دژه‌ فڕۆكه‌ی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابینكردووه‌.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ماوه‌ی 2 ساڵه‌ به‌درێژایی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕوی شه‌ڕی چه‌كدارانی داعش بوونه‌ته‌وه‌و له‌ته‌واوی میحوه‌ره‌كان داعشیان تێك شكاندووه‌و ناوچه‌كانیان له‌ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ پاككردۆته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی روسیاوه‌ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو كه‌ تائێستا ئه‌و وڵاته‌ سێجار هاوكاریی كردوون‌و چه‌ك‌و فیشه‌ك‌و پێداویستی دیكه‌ی سه‌ربازی بۆ ناردوون.

هه‌ژار ئیسماعیل، وته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌خه‌ندانی وت"جاری یه‌كه‌م له‌رێگه‌ی عیراقه‌وه‌ هاوكاری پێگه‌یاندین كه‌ژماره‌یه‌ك ده‌مامك‌و چه‌كی سوك‌و كڵاشینكۆف‌و فیشه‌كییان بۆ ناردین، جاری دووه‌میش  به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌كی كڵاشینكۆف و فیشه‌كیان بۆ ناردین، به‌ڵام راسته‌وخۆ فڕۆكه‌كه‌ له‌هه‌ولێر نیشته‌وه‌، جاری سێیه‌میش دووهه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ربوو كه‌ وڵاتی روسیا هاوكارییه‌ سه‌ربازیه‌كانیان پێگه‌یاندین، كه‌بریتی بوو له‌چه‌كی كڵاشینكۆف‌و چه‌كی بیكه‌یسی‌و ژماره‌یه‌كی زۆر فیشه‌كی كڵاشینكۆف‌و بیكه‌یسی".

سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی دژی داعش وایكردووه‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌ گرنگی‌و بایه‌خه‌وه‌ لێی بڕوانن‌و وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی داعش هاوكاری پێشكه‌ش بكه‌ن له‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و راهێنان‌و راوێژی سه‌ربازیی‌و هاوكارییه‌كانیش به‌وته‌ی به‌رپرسانی پێشمه‌رگه‌ كاریگه‌ری باشیان هه‌بووه‌.


ئه‌م بابه‌ته 2079 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌روسیا‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM