رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ دەچێتە ماڵی ویدات حسێن

وفدێكی‌ رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی هیومان رایتس ۆچ، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی ماڵی ویدات حسێن-یان كرد له‌شاری دهۆك‌

خه‌ندان- هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی هیومان رایتس ۆچ، به‌ڵێنی "كاری جدی" بۆ كه‌یسی ویدات حسێن ده‌دات، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ردانێكان هات بۆ ماڵی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی‌ دهۆك كه‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو كوژرا.
 
وفده‌كه‌ی‌ رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی هیومان رایتس ۆچ، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی ماڵی ویدات حسێن-یان كرد له‌شاری دهۆك‌و له‌چۆنیه‌تی كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌یان كۆڵییه‌وه‌.

ده‌ربه‌ند حسێن، برای ویدات حسێن به‌خه‌ندان-ی وت "تیمێكی هیومان رایتس ۆچ سه‌ردانی كردین له‌ماڵی خۆمان‌و هه‌واڵی چۆنیه‌تی روداوه‌كه‌ی لێپرسین... گوێبیستی چیرۆكی رووداوه‌كه‌ بوون‌و تۆماریان كرد، وێنه‌ی ویدات هه‌بوو له‌ماڵه‌وه‌ به‌تایبه‌ت وێنه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌كه‌یی‌و كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی تریان له‌گه‌ڵ خۆیان برد".

رۆژنامه‌نووس ویدات حسێن عه‌لی، كه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی رۆژنیوزی نزیك له‌پارتی كرێكارانی كوردستان كاری ده‌كرد، رۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌ له‌شاری دهۆك له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ ڕفێنراو دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانێكی زۆر له‌كه‌نار شه‌قامێك به‌بێ هۆشی فڕێ دراو پاش چه‌ند كاتژمێرێك له‌نه‌خۆشخانه‌ گیانی سپارد.

هه‌ر زوو وێنه‌‌و گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی‌ جه‌سته‌ی‌ ویدات له‌نه‌خۆشخانه‌، به‌میدیا‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی‌ ئینته‌رنێتدا بڵاوبووه‌وه‌، كه‌ ئاسه‌واری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌چه‌ندین شوێنی‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

تائێستا جگه‌ له‌پۆلیس، هیچ ده‌زگایه‌كی‌ تری‌ ئه‌منی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رباره‌ی‌ كه‌یسی‌ كوشتنی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ نه‌داوه‌ كه‌ تیرۆركردنی كاردانه‌وه‌ی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا.

دووشه‌ممه‌ی رابردوو ئومێد سه‌باح وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند،‌ هاوخه‌می‌ مه‌سعود بارزانی‌ به‌كه‌سوكاری‌ ویدات راگه‌یه‌نرا‌وه‌‌و دڵنیاكراونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "مومكین نییه‌ تاوانێكی وا ون بێ و مافیان بفه‌وتێ"، دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانیش راسپێردراون به‌خێرایی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بكه‌ن و تاوانباران ده‌ستگیر بكرێن و سزای یاسایی بدرێن.

له‌سه‌ردانی ئه‌مڕۆی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی هیومان رایتس ۆچ بۆ ماڵی ویدات حسێن، كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ به‌وه‌فده‌كه‌یان  وتووه‌ "ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و كاره‌یان به‌رانبه‌ر ویدات كردووه‌ سزابدرێن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌ك تاوانبارن به‌ڵكو جه‌لادن‌و تاوه‌كو به‌سزای خۆیان نه‌گه‌ن ئێمه‌ ده‌ست له‌خوێنی براكه‌مان هه‌ڵناگرین"، ده‌ربه‌ند-ی برای ویدات وای وت.

وتیشی "پێشمان وتن شارێكی وه‌كو دهۆك بچووكه‌و ماوه‌ی پێنج رۆژه‌ روداوه‌كه‌ رویداوه‌، به‌ڵام تاوانباران نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كاری جدی بۆ بكرێت، ئه‌وانیش پێیانوتین ئه‌وان ده‌چنه‌وه‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپاو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و كاری جدی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن".

هیومان رایتس ۆچ، رێكخراوێكی ناحوكمی نێوده‌وڵه‌تییه‌و به‌دواداچوون‌و به‌رگری له‌مافی مرۆڤ ده‌كات كه‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی له‌نیۆرك-ه‌.

رێكخراوه‌كه‌ ساڵی 1978 دامه‌زراوه‌، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ كێنێف رۆس، سه‌رۆكی  ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی هیومان رایتس ۆچ له‌كاتێكدایه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی‌ گرنگی نێوده‌وڵه‌تی، بواره‌كانی به‌رگری له‌ڕۆژنامه‌نووسان‌و ئازادی راده‌ربڕین‌و مافی مرۆڤ ناڕه‌زایی خۆیان له‌كوشتنی ویدات حسێن ده‌ربڕیوه‌.

فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان (IFJ) كه‌ گه‌وره‌ترین رێكخراوی رۆژنامه‌نووسانه‌ له‌جیهانداو نوێنه‌ری 600 هه‌زار رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ 140 ده‌وڵه‌تدا، دوێنێ سێشه‌ممه‌ له‌نامه‌یه‌كدا بۆ مه‌سعود بارزانی داواده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چڕوپڕ بكرێت سه‌باره‌ت به‌كوژرانی رۆژنامه‌نووس ویدات حسێن‌و پشتگیری خۆیان بۆ داواكاری ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیر ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بكوژانی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ بدرێته‌ دادگا.

هاوكات هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی رۆژنامه‌نووسان (NUJ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ندیكا گه‌وره‌كانی رۆژنامه‌نووسان له‌جیهاندا و له‌ ساڵی 1907 ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌،  سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان (KJS) كه‌ئه‌ندامی فیدراسیۆنه‌كه‌ن پشتگیریی خۆیان بۆ نامه‌كه‌ نیشانداوه‌.

له‌به‌شێكی نامه‌كه‌دا  بۆ بارزانی، هاتووه‌ "ئێمه‌ تێده‌گه‌ین كه‌پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ده‌ستپێكردووه‌ سه‌باره‌ت به‌كوشتنه‌كه‌. به‌ڕه‌چاوكردنی گه‌وره‌یی ئه‌م تاوانه‌ له‌دژی به‌ڕێز عه‌لی‌و له‌ژێر رۆشنایی كاریگه‌ریی گرنگی ئه‌م تاوانه‌ بۆ سه‌ر كاری ئازادانه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی، ئێمه‌ هانی تۆ ده‌ده‌ین كه‌ هه‌موو ڕێگایه‌ك پێویست بگریته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو و دادپه‌روه‌رانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوشتنه‌كه‌ بكرێت و بكوژان به‌ سزای ڕه‌وای خۆیان بگه‌یه‌نرێن."

هاوكات به‌پێی راپۆرتێكی پێشووی كۆمیته‌ی‌ به‌رگری له‌ڕۆژنامه‌نووسان (CPJ) له‌هه‌رێمی كوردستان‌و عیراق لێپرسینه‌وه‌ له‌كوژرانی رۆژنامه‌نووسان‌و میدیاكاران ناكرێت، ئه‌وه‌ش بووته‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كلتورێكی قوڵی لێنه‌پرسینه‌وه‌ دروستبووه‌. كه‌ له‌نۆ ساڵی رابردووشدا زیاتر له‌ چوار رۆژنامه‌نووس‌و نووسه‌ر كوژراون.

مه‌هدی ره‌حمه‌تی، به‌رپرسی رۆژنامه‌وانی كۆمیته‌ی به‌رگری له‌رۆژنامه‌نووسان (CPJ) به‌خه‌ندان-ی وت "ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌و دۆسییه‌یه‌ن‌و خه‌ریكین به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین".

دوێنێش گیۆرگی بوزستین، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق به‌توندی ئیدانه‌ی تیرۆركردنی ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌كات. ڕه‌فتاری له‌و جۆره‌ وادیاره‌ به‌شێك بێت له‌ جۆرێكی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕووله‌زیاد و تۆقاندن و توندوتیژی له‌دژی رۆژنامه‌نووسان و پیشه‌گه‌رانی میدیایی دیكه‌ كه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆیان له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق جێبه‌جێ ده‌كه‌ن."

بوزستین داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، زامنی ئه‌وه‌ بكات كه‌  به‌ په‌له‌ و به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كه‌ بكرێت و بكوژان به‌پێی  یاسا سزابدرێن.




ئه‌م بابه‌ته 3121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM