دژه‌ تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌مریكا زیاتر له‌ 50 ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیان ئه‌نجامداوه‌

به‌شداری هێزی تایبه‌تی ئه‌مریكا له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی چیای باشیك(2016) فۆتۆ؛ فازڵ هۆرامی

خه‌ندان-

تائێستا زیاتر له‌ 50 ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزی دژه‌ تیرۆری سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم‌و هێزی تایبه‌تی ئه‌مریكا دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامدراوه‌.

سایتی بازفیدی ئه‌مریكی به‌دواداچوونێكی تایبه‌تی كردووه‌ له‌سه‌ر هاوكاری‌و هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و سوپای تایبه‌تی ئه‌مریكاو له‌زاری 3 ئه‌ندامی دژه‌تیرۆره‌وه‌ ده‌ڵێت"تائێستا زیاتر له‌ 50 ئۆپه‌راسیۆن له‌دژی داعش بۆ كوشتن یان ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان ئه‌نجامدراوه‌".

له‌ به‌دواداچوونه‌كه‌دا باسله‌ هێرشه‌كه‌ی 22-10ی  ساڵی رابردوو ده‌كات كه‌ له‌نزیك حه‌ویجه‌ ئه‌نجامدراو ژماره‌یه‌ك زیندانی له‌زیندانه‌كانی داعش ئازادكران‌و 20 چه‌كداری داعش كوژران، ئه‌وه‌ش ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی نێوان دژه‌تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و سوپای تایبه‌تی ئه‌مریكا بوو كه‌تێیدا سه‌ربازێكی ئه‌مریكی به‌ناوی جاشوا ویله‌ گیانی له‌ده‌ستداو هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر چه‌ند بریندارێكیان هه‌بوو.


نه‌قیبێكی ته‌مه‌ن 29 ساڵی سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی حه‌ویجه‌وه‌ ده‌ڵێت"یه‌كه‌م كه‌س كه‌ دابه‌زیوه‌ له‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ جاشوا ویله‌ بووه‌و شان به‌شانی یه‌ك ته‌قه‌مان له‌داعش كرد".

له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا 20 داعش كوژران‌و 69 زیندانیی ئازاد كران‌و جاشوا ویله‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

پێش ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی حه‌ویجه‌ باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ڵێنیدابوو كه‌ سوپای ئه‌مریكا چیتر له‌عیراق شه‌ڕ نه‌كات‌و قه‌یرانی گشتگیری عیراق چاره‌سه‌ری سه‌ربازی ئه‌مریكیی نییه‌.

به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریكا پێشتر له‌باره‌ی شه‌ڕكردنی سوپای وڵاته‌كه‌یان له‌ عیراق رۆڵی خۆیان ده‌رنه‌ده‌خست‌و ده‌یانوت ئه‌و شه‌ڕانه‌ی تووشی بوون به‌ رێكه‌وت بووه‌، به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم ده‌ڵێن ئه‌مریكییه‌كان رۆڵی شه‌ڕكه‌ری سه‌ره‌كی‌و كاریگه‌ریان هه‌بووه‌.

ملازمێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وتویه‌تی له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شانه‌دا "ئه‌مریكییه‌كان ژیانی خۆیان خستووه‌ته‌ پێش ئێمه‌و پێشه‌نگ بوون". 

ئێستا 3هه‌زارو 830 سه‌ربازی سوپای ئه‌مریكا له‌عیراقدان بۆ راوێژو راهێنانی سه‌ربازی به‌پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عیراقییه‌كان، به‌ڵام كۆی گشتی ئه‌مریكییه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌ سه‌ربازێكه‌وه‌ له‌نێوان 5 بۆ 6 هه‌زار كه‌سن له‌عیراق. 

به‌وته‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا تائێستا له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شانه‌یان له‌گه‌ڵ كورد 3 سه‌ربازیان كورژراون‌و 16ی دیكه‌یان برینداربوون. 

سایتی بازفید باسله‌وه‌شده‌كات چووه‌ته‌ بنكه‌یه‌كی هه‌واڵگریی له‌شاخێك له‌ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر كه‌ له‌سه‌ری نوسراوه‌ ته‌نها كه‌سانی سه‌ربازیی ده‌توانن بچنه‌ ژوره‌وه‌و له‌و بنكه‌یه‌دا هێزێكی فه‌ڕه‌نسی‌و سه‌رۆكی ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئه‌مریكاو سی ئای ئه‌ی هه‌ن.

ئه‌و 3 ئه‌ندامه‌ی دژه‌تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وتویانه‌ كه‌ شوێنێكی دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر(نازانرێت ئه‌و بنكه‌یه‌یه‌ یان شوێنێكی دیكه‌یه‌) كه‌ تێیدا ئه‌مریكییه‌كان‌و كورده‌كان پێكه‌وه‌ ده‌ژین‌و راهێنان ده‌كه‌ن، شوێنه‌كه‌ ناوی ره‌سمی نییه‌، به‌ڵام به‌ نافه‌رمی پێی ده‌ڵێن كه‌مپی ویله‌ كه‌ مه‌به‌ستیان جاشوا ویله‌یه‌ كه‌ له‌ حه‌ویجه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

سه‌ره‌تای هاوكاری هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ دژه‌ تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2012 به‌ڵام دوای هاتنی داعش بۆ عیراق له‌ناوه‌ڕاستی 2014 هاوكارییه‌كان چڕتر بوونه‌ته‌وه‌.

بازفید له‌زاری وته‌بێژێكی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ ده‌ڵێت فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر سه‌ربازگه‌یه‌كی تێدایه‌ كه‌ نزیكه‌ی 2 هه‌زارو 500 كه‌سی ئه‌مریكی‌و بیانیی وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی داعشی تێدایه‌. 

دواین ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی نێوان دژه‌ تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌مریكا 11ی ئه‌م مانگه‌ بوو كه‌ تێیدا سامی جاسم محه‌مه‌د ئه‌لجبوری ناسراو به‌ حاجی حامد كوژرا.

حاجی حامد ناوی له‌ لیستی ره‌شی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكادابووه‌و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كاری كردووه‌ بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ داعش به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كێڵگانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی رێكخراوه‌كه‌دان.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی كوژرانی حاجی حامد له‌ناوچه‌یه‌كی نزیك شارۆچكه‌ی قائم له‌سه‌ر سنووری نێوان عیراق‌و سوریا بووه‌و تێیدا جگه‌ له‌ كوژرانی ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی داعش یاریده‌ده‌رێكیشی كوژراوه‌.



ئه‌م بابه‌ته 2853 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM