به‌رهه‌م ساڵح له‌كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی ئه‌مریكی داوای هاوكاری زیاتر بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

كۆبوونه‌وه‌ی‌ د. به‌رهه‌م و سیناتۆره‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا

خه‌ندان-

به‌رهه‌م ساڵح داوای هاوكاری زیاتر بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات كه‌ له‌شه‌ڕی دژی تیرۆردا رۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینن، ئه‌و داوایه‌ش ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا بوو له‌گه‌ڵ كۆری‌ بوكه‌ر ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا‌و لیژنه‌ی ئاسایشی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ كه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدراو تێیدا دواین گۆڕانكارییه‌كانی‌ كوردستان‌و عیراق‌و ناوچه‌كه‌یان تاوتوێ كرد.

سیناتۆر كۆری بوكه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی خسته‌روو كه‌ بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌هه‌لومه‌رجی سیاسی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی كه‌ ئێستا دووچاری مه‌ترسی تیرۆر و چه‌ندین قه‌یرانی تر هاتووه‌.

ئه‌و سیناتۆره‌ ئه‌مریكییه‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌جه‌نگی دژ به‌داعش‌و پاشه‌كشه‌ پێكردنیان، به‌گرنگ ده‌بینن، چونكه‌ ته‌نیا به‌رگریكردن نییه‌ له‌كوردستان، به‌ڵكو به‌رگریكردنه‌ له‌عیراق‌و ته‌واوی جیهان.


كۆری بۆكه‌ر و به‌رهه‌م ساڵح

كۆری بوكه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆمه‌ڵگای كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی لێبورده‌یه‌و جگه‌ له‌ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق، ئاواره‌یه‌كی زۆری سوریاش له‌كوردستان گیرساونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌شی به‌نیشانه‌ی ئه‌وه‌دانا كه‌ كورد گه‌لێكی لێبورده‌یه‌‌و ئه‌و به‌هایانه‌ش به‌لای ئه‌مریكاوه‌ گرنگن.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ستیوارت جۆنس باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌به‌غداو كونسوڵی گشتی ئه‌و وڵاته‌ له‌هه‌رێم‌و ژماره‌یه‌ك راوێژكار ئاماده‌ بوون.

لایخۆیه‌وه‌ د.به‌رهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌پشتیوانی‌و هاوكاری ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ هۆكارێكی گرنگی سه‌ركه‌وتن‌و تێكشاندنی داعشه‌‌و داواشیكرد كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رتر له‌م جه‌نگه‌دا كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ئازایانه‌ رۆڵی تێداده‌بینێت هاوكاری بكرێت.

به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ هاوكاری ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان بۆ قۆناغی دوای داعشیش گرنگه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كۆی ئه‌و قه‌یران و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر و پشێوی سیاسی.

د. به‌رهه‌م، وتی"ئه‌و سیستمه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌ی ئێستا، پێویستی به‌پێداچونه‌وه‌و گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌و ناكرێ به‌هه‌مان ئامرازو جۆری به‌ڕێوه‌بردنی ئێستا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغی تازه‌دا بكرێت، پێویسته‌ بیر له‌سیستمێك بكرێته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئه‌منیه‌كان، كێشه‌ی ژیان‌و بژێوی خه‌ڵك‌و پێویستیه‌كانیشیان له‌به‌رچاو بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌گوریشه‌ی توندوتیژی و تیرۆر له‌ره‌گه‌وه‌ وشك بكرێت".

هه‌ر له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا سه‌باره‌ت به‌و سیناریۆ و ئه‌گه‌رانه‌ی كه‌چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ ناوچه‌كه‌دا رووبده‌ن، سه‌ره‌رای ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ له‌گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكاو هه‌رێمی كوردستان.


ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM