ئه‌ڵمانیا 70 ته‌ن چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرێت

پێشمه‌رگه‌ ئه‌و چه‌كه‌ ئه‌ڵمانییانه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر بۆ هه‌رێم نێردراون- میحوه‌ری‌ باشیك 15ی‌11ی‌ 2015- فۆتۆ: فازڵ هۆرامی‌

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

دوای وه‌رگرتنی به‌ڵێن له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌وه‌ی جارێكی تر چه‌كه‌كان له‌ بازاڕی ڕه‌ش نافرۆشرێنه‌وه‌، ئه‌ڵمانیا ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ ناردنی چه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان.  

 رۆیته‌رز، ئه‌مڕۆ له‌زاری وته‌بێژێكی سوپای ئه‌ڵمانیاوه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌"ئه‌ڵمانیا دوێنێ سێشه‌ممه‌، 70  ته‌ن چه‌كی ڕاده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌ولێر كردووه‌ كه‌ 1500 تفه‌نگ‌و 100 موشه‌ك كه‌ له‌سه‌ر شان ده‌ته‌قێنرێن‌و سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی له‌خۆگرتووه‌".

له‌مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵدا ئه‌ڵمانیا ناردنی چه‌كی بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاگرت، دوای بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌ند ڕاپۆرتێكی میدیایی كه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی نێردراون بۆ كوردستان بۆ یارمه‌تیدان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا، دواتر له‌ بازاڕی ڕه‌شدا كڕین‌و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كرێت.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ته‌واوكرد و به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ نزیكه‌ی 300 چه‌ك له‌كۆی 28 هه‌زار چه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ ڕاده‌ستی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی فرۆشراون یان ونبوون، به‌رپرسانی كورد له‌ئه‌نجامدا چه‌ند كه‌سێكیان ده‌ستگیركرد له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌. 

به‌پێی رۆیته‌رز به‌رپرسانی كورد به‌ڵێننامه‌یه‌كیان واژۆكردووه‌ به‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ ڕاده‌ستكراون، فرۆشتنیان پێوه‌ناكرێت.

پێشتر خه‌ندان له‌ به‌دواداچوونێكی تایبه‌تدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ له‌گه‌ڵ چاودێری وردی بازاڕی چه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵام كڕین‌و فرۆشتن به‌و چه‌كه‌ ئه‌ڵمانییانه‌ی كه‌ بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش نێردراون بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێم بوونی هه‌بوو.

كڕین‌و فرۆشتن به‌و چه‌كانه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیادا كراوه‌ له‌كاتی پێدانی ئه‌و چه‌كانه‌ به‌هه‌رێم.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خه‌ندان كه‌زیاتر له‌مانگێكی پێچوو، ئه‌و چه‌كانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشمه‌رگه‌و ئه‌و پێشمه‌رگانه‌وه‌ ده‌فرۆشران كه‌ پاسه‌وانی به‌رپرسه‌كانن‌و له‌م حاڵه‌ته‌شدا به‌رپرسه‌كه‌ ئاگاداری فرۆشتنی چه‌كه‌كانه‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بوو كه‌ ده‌یان وت"چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك ئه‌و چه‌كانه‌یان فرۆشتووه‌".

ئه‌و چه‌كانه‌ له‌جۆری جی 36‌و جی 3ن كه‌ چه‌كی هێرشبه‌ری پێشكه‌وتووی ئه‌ڵمانین‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیای هێكله‌ر كۆچ(Heckler & Koch) دروستكراون‌و به‌تایبه‌ت بۆ شه‌ڕ كردن له‌دژی داعش دراون به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نه‌ك هیچ جۆره‌ به‌كارهێنانێكی دیكه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ی سوپای ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌ڵمانیا له‌ساڵی 2004 ه‌وه‌ نزیكه‌ی 30 بار چه‌كی بۆ هه‌رێم ناردووه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان ده‌كاته‌ 2 هه‌زار ته‌ن چه‌ك.

ئه‌ڵمانیا سه‌رباری ناردنی چه‌ك هاوكات راهێنه‌رانی سه‌ربازی ناردووه‌ته‌ هه‌رێم بۆ مه‌شقكردن به‌پێشمه‌رگه‌و مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ڕازیبوو ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌ڵمانیانه‌ كه‌ راهێنان به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن  له‌ 100 سه‌ربازه‌وه‌ بۆ 150 سه‌رباز زیاد بكات. 

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ماوه‌ی 2 ساڵه‌ به‌درێژایی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕوی شه‌ڕی چه‌كدارانی داعش بوونه‌ته‌وه‌و له‌ته‌واوی میحوه‌ره‌كان داعشیان تێك شكاندووه‌و ناوچه‌كانیان له‌ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ پاككردۆته‌وه‌.

سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی دژی داعش وایكردووه‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌ گرنگی‌و بایه‌خه‌وه‌ لێی بڕوانن‌و وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی داعش هاوكاری پێشكه‌ش بكه‌ن له‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و راهێنان‌و راوێژی سه‌ربازیی‌و هاوكارییه‌كانیش به‌وته‌ی به‌رپرسانی پێشمه‌رگه‌ كاریگه‌ری باشیان هه‌بووه‌.

ئه‌م بابه‌ته 3257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM