له‌نزیك سه‌نگاو چه‌ند چه‌كدارێك كه‌وتنه‌ بۆسه‌یه‌كی ئاسایشه‌وه‌و یه‌كێكیان خۆی ته‌قانده‌وه‌


خه‌ندان- هه‌ڤاڵ غالب و سه‌رچین

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ نزیك گوندی تیمار سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سه‌نگاو چوار چه‌كدار كه‌وتنه‌ بۆسه‌یه‌كی هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌و"یه‌كێكیان خۆی ته‌قانده‌وه‌و 3یانی دیكه‌یان كوژران" به‌وته‌ی دوو سه‌رچاوه‌ی ئه‌منیی ئاگادار بۆ خه‌ندان.

سه‌رچاوه‌كانی خه‌ندان له‌ ئاسایشی ده‌ربه‌ندیخان‌و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ده‌شڵێن"3 كه‌س له‌ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربوون" روون نییه‌ برینداره‌كان ئاسایشن یان هێزی دژه‌ تیرۆر.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئامانج محمد، قائیمقامی‌ چەمچەماڵ بەخەندانی‌ راگەیاند، "هێزەکانی‌ دژە تیرۆر زانیاریان هەبووە کە مەفرەزەیەکی‌ تیرۆریستان دێنە سنورەکە و بەنیازی‌ کاری‌ تێکدەرانەن بۆیە هێزەکانی‌ دژەتیرۆر لە دەربەندیخانەوە هاتنە سنوری‌ ناحیەی‌ سەنگاو بۆسەیان بۆ تیرۆریستان نایەوە".
 
وتیشی‌: "تیرۆریستەکان ژمارەیان چوار کەس بووە و کەوتونەتە بۆسەی‌ هێزەکانی‌ دژە تیرۆرەوە و هەرچواریان لەناوبراون".
 
قایمقامی‌ چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستخۆشی‌ له‌ هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆر كرد و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و هێزه‌ به‌رده‌وام هاوكاربوون بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ سنورەکەیان.

شه‌وی 15ی ئه‌م مانگه‌ش له‌ نزیك گوندی ژاڵه‌ی ده‌ربه‌ند له‌ده‌ربه‌ندی باسه‌ڕه‌ سه‌ربه‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، دوو چه‌كدار كه‌ له‌ ئۆتۆمبێلێكدابوون كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی هێزه‌كانی ئه‌منییه‌كانه‌وه‌و یه‌كێك له‌چه‌كداره‌كان خۆی ته‌قانده‌وه‌و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان هه‌ر له‌وێدا كوژراو به‌هۆی ئه‌و روداوه‌شه‌وه‌ 4 ئاسایش برینداربوون.


ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی‌ دوو چه‌كداره‌كه‌ كه‌ 15ی‌ ئه‌م مانگه‌ یه‌كێكیان خۆی‌ ته‌قانده‌وه‌ 

رۆژی دواتر ئامانج محه‌مه‌د قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند"ئه‌و دوو چه‌كداره‌ سه‌ربه‌ داعش بوون، یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان پله‌ی ئه‌میری هه‌بووه‌ له‌ناو داعشداو پێشینه‌ی هه‌بووه‌و له‌زیاتر له‌ 23 تاوانی تیرۆریستیدا به‌شداربووه‌".

ئامانج محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كداره‌ خۆی بته‌قێنێته‌وه‌، شه‌ڕو روبه‌روبوونه‌وه‌ له‌نێوان دوو چه‌كداره‌كه‌و هێزه‌كانی ئاسایشدا به‌نارنجۆك رویداوه‌.

هه‌ر ئه‌وكات عه‌مید ئه‌حمه‌د نادر، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ ڕۆژئاوای‌ سلێمانی‌ به‌ خه‌ندانی‌ وت"یه‌كێك له‌چه‌كداره‌كان ناسراوه‌و دانیشتوی‌ ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌خۆی‌ ته‌قاندوه‌ته‌وه‌‌ و مێرد منداڵه‌، ئه‌و چه‌كداره‌ی‌ تر كه‌ كوژراوه‌ ناسنامه‌ی‌ دیارنییه‌‌و گومان ده‌كه‌ین بیانی‌ بێت".

عه‌مید ئه‌حمه‌د نادر وتیشی"ناتوانین بڵێین كۆتایمان به‌و گروپه‌ هێناوه‌ بۆیه‌ به‌ده‌وام له‌كێوماڵكردنی‌ ناوچه‌كه‌داین" ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ گروپێكن‌و له‌و ناوچه‌یه‌دان.

له‌باره‌ی ئامانجی ئه‌و گروپه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ ڕۆژئاوای‌ سلێمانی‌ وتی"زانیاری‌ هه‌بووه‌ كه‌ ویستویانه‌ بێنه‌ سنوری‌ چه‌مچه‌ماڵ و سلێمانی‌ و ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌ تێكبده‌ن".

گوندی تیمار كه‌ ئه‌مشه‌و ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌نزیك گونده‌ كه‌وتوونه‌ته‌ بۆسه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری سه‌نگاو له‌سه‌ر رێگای سه‌نگاو-ده‌ربه‌ندیخان له‌بناری چیای ئاژداخ، پێشتر باسله‌وه‌ ده‌كرا ئه‌و چیایه‌ مۆڵگه‌ی چه‌كدارانه‌. 
پێشتر(15ی ئه‌م مانگه‌) له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منیی چیای  ئاشداخ، قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ وتی"له‌ئێستادا شاخه‌كه‌ هیچ كه‌سێكی لێنه‌ماوه‌ و هاوڵاتیان ده‌توانن سه‌ردانی بكه‌ن".


ئه‌م بابه‌ته 9247 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM