تەقینەوەکەی وان؛ سێ كەس كوژران و 40 ی دیكە برینداربوون

دیمه‌نی‌ دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌

خه‌ندان- ئارام یوسف، عەبدوڵڵا محەمەد 

تەقینەوەیەک لە شاری وانی باکوری کوردستان روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و زیاتر لە 40 کەسی دیکەش برینداربوون.

تەقینەوەكە كە درەنگانی شەوی رابردوو روویدا، لەرێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراوەوە ئەنجامدرا كە لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی شاری وانی باکوری کوردستان تەقیەوە. هێرشەکە بنکەی پۆلیسی (ئیکی نیسان)ی ناوچەی ئیپەکیۆلوی ناوەندی شارەکەی کردووەتە ئامانج. ئەو بنکەی پۆلیسە لەهەمان کاتدا بۆ حەوانەوەی پۆلیسەکانی ناوچەکەش بەکاردەهات.


دیمه‌نی‌ دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ نزیك شاری‌ وان 


محەمەد پارلاک، جێگری پارێزگاری شاری وان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنداۆڵی نزیک لە حکومەتی وڵاتەکە، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.

تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكە رانەگەیاندووە.


دیمه‌نی‌ دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ نزیك شاری‌ وان 

پارلاک سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان رایگەیاند " سێ کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە کوژراون و هەموویان مەدەنین، دووانیش لەو 40 کەسەی برینداربوون پۆلیس بوون". 

بەپێی وتەی پارلاک، پاش تەقینەوەکەپۆلیس تایبەت بە لێکۆڵینەوەی بۆمب گەیشتووەتە ناوچەی رووداوەکە و کەسێکیان بە ناوی (م.ئـ) ناساندووە، کە گومانلێکراوە بۆ بردنی ئۆتۆمبێلەکە و راگرتنی لە نزیک بنکەی پۆلیسەکەی وان.

گومانلێکراوەکە برینداربووە، دەستبەسەرکراوە و بۆ لێکۆڵینەوە براوەتە بنکەی سەرکیی پۆلیسی شارەکە.

ئه‌م بابه‌ته 1643 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM