دوای مۆسكۆ، ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ دیمه‌شق په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاسایی بكاته‌وه‌


خه‌ندان- خۆشناو حسێن

دوای گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان روسیاو توركیا، وه‌فدێكی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان سوریاو توركیا ده‌ستیكردووه‌ به‌ نێوانگیری‌و رێخۆشكردن.

یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و وه‌فده‌ توركییه‌ كه‌ ئیسماعیل حه‌قی په‌كین-ه‌ هه‌ندێك زانیاریی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، په‌كین فه‌ریقی خانه‌نشین‌و سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای توركیاو جێگری سه‌رۆكی گشتی پارتی وه‌ته‌ن-ه‌‌و حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قه‌یرانی سوریاوه‌ په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌یه‌.

ئیسماعیل حه‌قی په‌كین له‌ نێوان ساڵی 2007-2011 سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای توركیا بووه‌‌و به‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و موسكۆ هه‌بووه‌، به‌ ماڵپه‌ڕی مۆنیتۆری وتووه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێك له‌ په‌رله‌مانتارانی پێشو و ئێستا كه‌ له‌ نێوانیاندا سه‌رمایه‌داری توركیش هه‌بوون له‌مانگی كانونی دووه‌م‌و نیسان‌و ئایاری ئه‌مساڵ سێ جار سه‌ردانی دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریایان كردووه‌.
 
به‌وته‌ی په‌كین له‌كۆبونه‌وه‌كانی دیمه‌شقدا عه‌بدوڵا ئه‌لئه‌حمه‌ر سكرتێری گشتی حزبی به‌عسی سوریاو لیوا عه‌لی مه‌ملوك سه‌رۆكی نوسینگه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و وه‌لید موعه‌لیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریاو فه‌یسه‌ل ده‌باغ یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یان بینیوه‌.

تائێستا توركیا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ده‌سه‌ڵاتدا نه‌مێنێت‌و عه‌ره‌بی سوننه‌و توركمانه‌كان له‌ حكومه‌تی سوریادا رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بێت‌و ئه‌نقه‌ره‌ له‌دژی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی سوریا له‌ زۆربه‌ی پێكهاته‌ شیعه‌كان پێكبێت.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی دیمه‌شق، حه‌قی په‌كین ده‌ڵێت"به‌رپرسانی حكومه‌تی سوریا له‌دژی خواستی توركیان بۆ سوریایه‌كی بێ ئه‌سه‌دو ئه‌وان ئاماده‌ن هه‌موو بابه‌تێك له‌گه‌ڵ توركیا وتووێژ بكه‌ن به‌مه‌رجێك رێگا ناده‌ن به‌ دابه‌شبونی سوریاو له‌ هه‌مانكاتدا له‌ دژی فیدراڵی سوریان و داوا له‌ توركیا ده‌كه‌ن كه‌ هه‌موو هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریادا ببڕێت‌و سنوره‌كانی له‌به‌رده‌م هاتنی تیرۆریستان دابخات". 

به‌وته‌ی په‌كین زۆرجار له‌كاتی كۆبونه‌وه‌كانیاندا عه‌لی مه‌ملوك سه‌رۆكی نوسینگه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ژووری كۆبوونه‌وه‌كه‌ چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌شار ئه‌سه‌دی له‌ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاگادار كردووه‌.

له‌باره‌ی په‌یامی توركیا بۆ حكومه‌تی سوریا له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا ئیسماعیل حه‌قی ده‌ڵێت"ئێمه‌ بۆچوونی حكومه‌تی توركیامان به‌ لایه‌نی سوری راگه‌یاندوه‌و پێش‌و دوای سه‌ردانمان بۆ سوریا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپاو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیامان ئاگادار كردووه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانمان".

ئه‌و هه‌وڵه‌ی توركیا بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا له‌كاتێكدایه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ مۆسكۆش په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاسایی كردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی 9ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌ردۆغان سه‌ردانی روسیای كردو له‌گه‌ڵ ڤلادمێر پۆتن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ كۆبۆوه‌.

ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ردۆغان‌و پۆتن دوای چه‌ند مانگێك له‌گرژیی نێوانیان هات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ روسییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێف 16كانی توركیاوه‌ له‌مانگی 11ی ساڵی رابردوو.

ئیسماعیل حه‌قی په‌كین له‌به‌شێكی تری چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا باسله‌وه‌شده‌كات كه‌ دۆغو پرینجه‌ك سه‌رۆكی پارتی وه‌ته‌نی توركی دۆستی نزیكی ئه‌لكسه‌ندر دوگین نوینه‌ری تایبه‌ت‌و راوێژكاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڤلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی روسیایه‌و رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی نێوان مۆسكۆو ئه‌نقه‌ره‌و له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی ئاكه‌په‌ نامه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ی گه‌یاندووه‌ته‌ مۆسكۆ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردو وڵات دوای خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ روسییه‌كه‌.

حه‌قی پكین ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات كه‌ ئه‌لكسه‌ندر دۆگین له‌ 13ی ته‌مموز چووه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌و له‌گه‌ڵ راوێژكارانی ئه‌ردۆغان‌و محه‌مه‌د ده‌روێش ئۆغڵۆ راوێژكاری ئاسایشی گشتی توركیا كۆبووه‌ته‌وه‌و بابه‌تی سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ باره‌ی سوریاوه‌ بووه‌، دۆگین داوای له‌ حكومه‌تی ئاكه‌په‌ كردوه‌ كه‌ توركیا له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا هاوكاربێت له‌گه‌ڵ روسیاو هاوكاری لۆجستی‌و سیاسی له‌ دژه‌كانی حكومه‌تی سوریا ببڕێت.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ خانه‌نشینه‌ی توركیا، ئه‌لكسه‌نده‌ر دۆگین له‌شه‌وی 3ی ئاب جارێكیتر چووه‌ته‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌و له‌گه‌ڵ راوێژكارانی ئه‌ردۆغان‌و بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا كۆبوه‌ته‌وه‌و بابه‌تی سه‌ره‌كییان سوریا بووه‌. 

ئه‌م بابه‌ته 1809 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM