هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی روسیا شه‌ش كه‌سی توندڕه‌ویان كوشت


خه‌ندان- ئارام یوسف

شه‌ش كه‌سی‌ تووندڕه‌و له‌دوو هێرشدا له‌ شاری سان پترسبۆرگ‌و مۆسكۆی‌ پایته‌ختی روسیا له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر له‌لایه‌ن هێزێكی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ كوژران.
ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ چواریان له‌هه‌ڵمه‌تێكی‌ هێزه‌كانی‌ روسیاو له‌كاتی‌ هه‌ڵكووتانه‌ سه‌ر بینایه‌كی‌ نیشته‌جێبوون له‌ سان بترسبۆرگ كوژراون.

به‌رپرسێكی‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ فیدڕاڵی‌ روسیا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئامانج له‌ پڕۆسه‌كه‌ ده‌ستگیركردنی‌ داواكراوان بووه‌ كه‌ "گومان ده‌كرێت سه‌ر به‌ گروپێكی‌ تووندڕه‌وبن له‌ ناوچه‌ی‌ باكووری‌ قه‌وقاز".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ رووبه‌ڕووی‌ هێزه‌كه‌ بوونه‌ته‌وه‌ و ته‌قه‌یان كردووه‌، كوژراون.

به‌پێی‌ چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنی‌ ناوخۆیی روسیا بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی‌ پۆلیس‌و ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون كه‌ له‌حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیدان له‌ سان بترسبۆرگ.

دواتر دوو كه‌س كه‌ گومان ده‌كرێت سه‌ر به‌ گروپه‌ تووندڕه‌وه‌كه‌ی‌ باكووری‌ قه‌وقازبن هێرشیان كرده‌سه‌ر دوو ئه‌فسه‌ری‌ پۆلیس له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ مۆسكۆ و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كوژران.

وته‌بێژی‌ پۆلیس رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌و دوو پۆلیسه‌ له‌و هێرشه‌دا برینداربوون‌و برینی‌ یه‌كێكیان سه‌خته‌".

وته‌بێژه‌كه‌ی پۆلیس راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ هێرشبه‌ره‌كان چه‌ك و چه‌قۆیان پێبووه‌ و یه‌كێكیان راسته‌وخۆ كوژراوه‌ و ئه‌وه‌ی‌ دووه‌میش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رێگریكردووه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی‌ كوژراوه‌.

ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ روسیا رووبه‌ڕووی‌ ئه‌و به‌رهه‌ڵستیانه‌ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ له‌ باكووری‌ قه‌وقاز رووده‌ده‌ن، به‌ڵام زۆر به‌ده‌گمه‌ن ئه‌ندامانی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی روسیا كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن.

به‌پێی بی بی سی ئه‌و گروپه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ ئیماره‌تێكی‌ ئیسلامی‌ له‌ باكووری‌ قه‌وقاز دابمه‌زرێنن.


ئه‌م بابه‌ته 1071 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM