ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی دەوروبەری مەنبەج بەردەوامە

شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج

خەندان-

شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج دوێنێ چوارشەممە گوندێكی نوێیان لەسنوری مەنبەج رزگاركرد و دەستیشیان بەسەر دۆشكەیەكی چەكدارانی داعشدا گرت.

بەپێی پێگەی هاوار نیوزی نزیك لە یەپەگە، لە 78 هەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی شەهید ئەبو لەیلا شەڕڤانان توانیویانە گوندی (جب كجلی) كە دەكەوێتە 15 كیلۆمەتر باشوری رۆژهەڵاتی مەنبەج ئازادبكەن، دوای شەڕێكی قورس لەگەڵ داعش، كە تێیدا لانی كەم دوو چەكدار كوژراون.

هەروەها شەڕڤانان توانیان دەست بەسەر دۆشكەیەكی چەكدارانی داعشدا بگرن و تائێستاش ئۆپەراسیۆنەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەوروبەری مەنبەج بەردەوامە.

كاتژمێر 5:07 خولەكی ئێوارەی هه‌ینی‌ رابردوو، ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج دوای 73 رۆژ لەدەستپێكردنی هەڵمەتی (فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا) بۆ رزگاركردنی مەنبەج و دەوروبەری، پاككردنەوەی تەواوی ئەو شارەی لەچەكدارانی داعش راگەیاند. 

به‌گوێره‌ی ئامارێكی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ له‌سوریا، 437 هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی له‌نێویاندا 100 منداڵ له‌شه‌ری مه‌نبه‌ج و ده‌وروبه‌ریدا كوژراون. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی  300 چه‌كداری هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات و 100 چه‌كداری داعش كوژراون.  

چه‌كداره‌كانی داعش نزیكه‌ی دوو هه‌زار هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نیان ده‌ستگیركرد كاتێك كه‌ له‌ مه‌نه‌به‌ج له‌رۆژی هه‌یندا هه‌ڵهاتن، به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانیان بۆ خۆپاراستن له‌دژی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان له‌كاتی رۆیشتنیاندا بۆ جه‌رابلوس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنوری توركیا- سوریاو  له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدایه‌، رۆژێك دواتر سه‌دان كه‌سی‌ له‌و بارمتانه‌ ئازادكرد.

دوێنێ چوارشەممە کریستۆڤەر گارڤەر وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش رایگەیاند، لەمیانەی دوایین هەڵمەتی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مەنبەجدا، چەکدارانی داعش بە کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە شارەکە بەرەو باکور پاشەکشه‌یانکرد، بەهۆی ئەوەی کە هاوڵاتیی مەدەنی لە هەر یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکەدا بینرابوون هەربۆیە هێزە هاوبەشه‌کان لەسەر زەوی بڕیاری رێگری نەکردنیان لە کاروانەکەدا.

ئه‌م بابه‌ته 802 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM