ئەمریکا: زۆر گرنگە پێشمەرگە و هێزە جیاوازەکان لەژێر فەرماندەیی و کۆنترۆڵی حکومەت و سوپای عیراقدا بن

مارک تۆنەر، جێگری وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

خەندان – عەبدوڵڵا محەمەد

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جه‌ختده‌كاته‌وه‌ زۆر گرنگە پێشمەرگە و تەواوی هێزە جیاوازەکانی عیراق لەژێر فەرماندەیی و کۆنترۆڵی حکومەت و سوپای عیراقدا بن، لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵدا.

مارک تۆنەر، جێگری وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا (17ی ئاب) سەبارەت بە دوایین لێدوانەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبارەی شێوازی بەشداریکردنی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ وتی  "ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد بەشدارین بۆ پشتیوانیکردن و هاندانی بەرەیەکی یەکگرتوو دژ بە مەترسییەکانی داعش".

وتیشی "لە راستیدا چەند دانیشتنێکی پلاندانانی هاوبەشمان لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی بۆ حکومەتی عیراقی رێکخستووە و رێکدەخەین، پێموایە یەکێک لەو دانیشتنانە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو. باوەڕموایە کە ئەوە دووەم دانیستن بووبێت. ئامانجی ئەم چاوپێکەوتنانە بنیاتنانی ئەو هاوبەشی و کارکردنەیە بە ئاڕاستەی بەشێک لە ئاستەنگەکان".

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ له‌دوو رۆژی‌ رابردوودا له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هیچ هێزێک (بە پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیشەوە)، بێجگە لە هێزە ئەمنییەکانی عیراق رێگەی پێ نادرێت بچێتە ناو شاری موسڵەوەو جه‌ختی‌ كردبوویه‌وه‌ كه‌ به‌پێی هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم پێشمه‌رگه‌ نابێت له‌وه‌ زیاتر پێشڕه‌وی‌ بكات.

مارک تۆنەر له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌ " پێموایە، کە تەنها پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان (هێزە کوردییەکان و حکومەتی عیراقدا) هەبێت –  ئێمە پشتیوانی ئەوەمان کردووە و لە راستیدا ئەوە روویداوە. تاکو ئێستا، لە کاتێکدا کە ئەوان (عیراق و هەرێمی کوردستان) بە ئاڕاستەی موسڵ دەڕوانن، ئەم دانیشتن و کۆبوونەوانە هەبوون".

تائێستا هێزە عیراقییەكان لەسەر پلانێكی یەكگرتوو رێكنەكەوتوون بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ كە زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر دەستی داعشدایە.

ماوەی چەند مانگێكیشە چەند یەكەیەكی سوپای عیراق كە لە مەخمور جێگیركراون لەباشوری موسڵ لە پێشڕەویدان، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ لەماوەی زیاتر لە سێ مانگدا سنوری پێشڕەوییەكانی خۆی لەهەردوو میحوەری گوێڕو خازر فراوانكردووە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جه‌ختیكرده‌وه‌ " پێموایە زۆر گرنگە – و ماوەیەکی زۆرە تەئکید لەمە دەکەینەوە – کە پێشمەرگە و هەموو گروپە شەڕکەرە جیاوازەکانی ناو عیراق پێویستە لە ژێر فەرماندەیی کۆنترۆڵی حکومەتی عیراق و سوپای عیراقدا-بن. ئەمە هەڵسەنگاندنی ئێمە بووە لە رابردوودا. پێویستە ئەم میکانیزمی هەماهەنگییە هەبێت... ئێمە بە دڵنیاییەوە بە گرنگیی رۆڵی هەموو ئەو گروپانە لەنێویشیاندا پێشمەرگە دەزانین و چەندین جار وتوومانە".

رونیشیكرده‌وه‌، ئەوەی ئه‌وان باسی دەکەن هەماهەنگیی باشتر و پەیوەندیی باشترە لە نێوان هێزە کوردییەکان و حکومەتی عیراق و سوپادا.

 لە وەڵامی ئەوەدا کە ئەمریکا پێشبینی دەکات ئەم هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنە باشترانە رووبدات، تۆنه‌ر ده‌ڵێت  "پێمانوایە کە لەسەر ئەو رێگایەین بۆ گەیشتن پێی، بەڵێ".


ئه‌م بابه‌ته 1846 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM