جەلال جەوهەر بۆ خەندان: دانانی سەردار قادر دەرچەیەكی قانونی بێت جێبەجێی دەكەین

کۆبوونەوەی هەردوو وەفدی یەکێتی و گۆڕان- ١٨-٨-٢٠١٦ فۆتۆکان: ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی

خەندان-

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەكۆبوونەوەدان، ئەوەش پێش دوو رۆژ دێت لەوادەی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكە بەپێی رێككەوتنەكەی نێوانیان، جەلال جەوهەر ڕێكخەری ژوری حكومەت‌و پەرلەمانی گۆڕانیش ئاشكرایدەكات، كە "ئەگەر دانانی سەردار قادر (جێگری پارێزگاری ئێستای سلێمانی) دەرچەیەكی قانونی بێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار جێبەجێی دەكەن".

بەپێی میدیای فەرمیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كۆبوونەوەكە كەمێك لەمەوبەر دەستپێكردووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پۆستە ئیدارییەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیە.


وەفدی یەکێتی

ئەوەش لەكاتێكدایە كە شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بەخەندان-ی وت "كۆبوونەوەكە دەكرێت‌و تایبەتیشە بەئاڵوگۆڕی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیە".

هاوكات سەرچاوەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان كە بەرپرسارێتی هەیە لەسلێمانی بەخەندان-ی وت بزوتنەوەی گۆڕان مەبەستێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێت، دوای ئەوەی "پارێزگار دەستلەكاردەكێشێتەوە سەردار قادر دەبێت بەپارێزگار بەوەكالەت"، ئەوەش بەپشتبەستن بەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 3ی ساڵی 2009 كە لەحاڵەتی ئامادەنەبوونی پارێزگاردا یەكێك لەجێگرەكانی ماوەی ئامادەنەبوونی بۆ ئەنجامدانی ئەركەكەی جێگەی دەگرێتەوە.


وەفدی گۆڕان 

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە بوون بەپارێزگار پێویستی بەمەرسومی سەرۆكی هەرێم هەیە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان چەند جارێك جەختیكردووەتەوە لەوەی بارزانی بەنایاسایی لەپۆستەكەیدایە.

لەو باریەوە جەلال جەوهەر، ڕێكخەری ژوری حكومەت‌و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ لەڕێی تەلەفونەوە بەخەندان-ی وت  "قانونییەكان هەربڕیارێك بدەن ئەوە جێبەجێدەكەین، ئەگەر دانانی كاك سەردار دەرچەیەكی قانونی بێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار جێبەجێی دەكەین".

سەردار قادر، لەپشكی گۆڕان پۆستی جێگری پارێزگاری هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە هەڤاڵ ئەبوبەكر، كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگایە لەهەمان بزووتنەوە، تاكە كاندیدی بزووتنەوەكە بووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.


وەفدی یەکێتی و گۆڕان

سەرچاوەكەی گۆڕان كەبەرپرسیارێتی هەیە لەسلێمانی، ئاماژەی بەوەكرد، "لەبەر دوو هۆكار سەردار قادر دەكرێتە پارێزگار، یەكەم لەبەرئەوەیە ئەگەر هەڤاڵ  ئەبوبەكر لەئەنجومەنی پارێزگا دەنگی پێویست بهێنێت بۆ پۆستی پارێزگار ڕێوشوێنی یاسایی دەمێنێت لەوەزارەتی ناوخۆو لەئەنجومەنی وەزیران لەوانەیە بۆ تەواوكردنی ڕێوشوێنەیاسایەكانی كاتێكی زۆری پێویست بێت، بۆیە گۆڕان دەیەوێت لەوماوەیەدا ئەو پۆستە بەدەست خۆیەوەبێت‌و پارێزگاری ئێستا لەو پۆستەدا نەمێنێت".

بەوتەی سەرچاوەكە، هۆكاری دووەم ئەوەیە ئەگەر ڕێگری یاسایی هەبوو لەبەردەم هەڤاڵ ئەبوبەكردا بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار  سەردار قادر بەردەوام دەبێت‌و دەمێنێتەوە لەپۆستەكەی وەك پارێزگار بەوەكالەت.

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند جارێك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لاری نەبوونی خۆی نیشانداوە لەرادەستكردنەوەی پۆستی پارێزگار بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان،  كە ئێستا لای ئاسۆ فەرەیدونە.

سەرچاوەكەی گۆڕان جەختیكردەوە "دوای ئەوەی سەردار قادر بەوەكالەت دەكرێت بەپارێزگار ڕێكارە ئیداریی‌و یاساییەكان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر  ببێت بە پارێزگار".

خەندان پەیوەندی بەسەردار قادر جێگری پارێزگاری سلێمانیەوە كرد، وتی "من لەئێستادا كارمەندێكی حكومەتم بزوتنەوەی گۆڕان بڕیار لەوبارەیەوە دەدات هەربڕیارێك بزوتنەوەی گۆڕان بیدات جێبەجێی دەكەم".

رێككه‌وتنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌، 9/12/2014  واژۆكرا بۆ پێكهێنانی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌، بڕیاردرا دوای‌ دووساڵ پۆسته‌كان له‌نێوانیاندا ئاڵوگۆڕی‌ پێبكرێت‌.

به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ دووساڵ له‌مه‌وبه‌ری‌ هه‌ردوو حزب، له‌م مانگه‌دا ده‌بێت هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌پشكی‌ گۆڕان پۆستی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ وه‌ربگرێت، كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن ئاسۆ فه‌ره‌یدون، له‌پشكی‌ یه‌كێتی‌ به‌رێوه‌ده‌برێت.

واده‌ی‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ له‌پۆسته‌كانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كاتێكدایه‌، گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ له‌مانگی‌ پێنجی‌ ئه‌مساڵدا رێككه‌وتنێكی‌ سیاسیشیان واژۆكرد، تێیدا كاری‌ هاوبه‌ش‌و تێڕوانینه‌كانیان بۆ چه‌ندین پرس‌و دۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، عیراق‌و ناوچه‌كه‌ خستووه‌ته‌ڕوو.

ئەنوەر تاهیر، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەخەندانی راگەیاند، لەكات و وادەی خۆیا ئاڵوگۆڕی ئەو پۆستانە دەكرێت كە لە ڕێككەوتنەكەدا باسكراوە، چەند ڕۆژێكیش دوابكەوێت كێشە نابێت گرنگ ئەوەیە جێبەجێدەكرێت.

وتیشی "ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ یاسای پارێزگاكان دوای ئەوەی پارێزگاری سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە قۆناغەكانی ئاڵوگۆڕەكە دەستپێدەكات بەپشتبەستن بەیاسای پارێزگاكان... تائێستا كاندیدی گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەكرە".

به‌گوێره‌ی یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 2009، ده‌ستبه‌كاربونی پارێزگار پێویستی به‌ مه‌رسومی هه‌رێمی هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ریده‌كات، له‌كاتێكدا حزبه‌كان بۆچوونی‌ جیاوازیان له‌باره‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ئێستادا، به‌تایبه‌ت گۆڕان پێیوایه‌ واده‌ی‌ یاسایی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ته‌واو بووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، گۆڕان و پارتی ماوه‌ی ساڵێكه‌ به‌هۆی پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كێشه‌ كه‌وتۆته‌ نێوانیان‌و له‌ 12ی 10ی ساڵی رابردوودا ناكۆكیه‌كانیان گه‌یشته‌ لوتكه‌، كاتێك رێگه‌نه‌درا یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بچێته‌ هه‌ولێر‌و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕانیش له‌حكومه‌ت دوورخرانه‌وه‌.

پێشتر هه‌ڤال ئه‌بوبه‌كر، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی‌و كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار به‌خه‌ندانی‌ وتبوو، جارێی زووه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌‌و "باده‌ست پێبكه‌ین بزانین كێشه‌ له‌كوێدایه‌ ئه‌وكاته‌ قسه‌ی خۆمان ده‌بێت".

جەختیشیكردبوویەوە، تائێستا هه‌ردوولایه‌ن (گۆڕان‌و یه‌كیـَتی‌) پابه‌ندن به‌رێككه‌وتنه‌كه‌‌و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌.

هه‌رچه‌نده‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌پۆسته‌كان به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش، به‌شداری‌ نه‌كردووه‌ له‌هه‌ردوو حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ چه‌ند مانگێك گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر كراو‌و هاوشێوه‌ی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو، ژماره‌یه‌ك پۆستیان بۆ دیاریكرا.

له‌كۆی 15 قایمقام له‌پارێزگای سلێمانی، به‌پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌  شه‌ش بۆ گۆڕان‌و شه‌ش بۆ یه‌كێتی‌ بوو، سێ‌ قایمقامیش بۆ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ دانرا، هه‌روه‌ها له‌كۆی 44 به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ گۆڕان 19‌و یه‌كێتی‌ 18ی‌ به‌ركه‌وت، ئه‌وانیتر بۆ لایه‌نه‌كانی‌ تر بوو.

هه‌ر له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و له‌كۆی‌ 27 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی، گۆڕان 11‌و یه‌كێتیش هه‌مان ژماره‌ی‌ به‌ركه‌وت، پێنج به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ بۆ پارتی‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو دانرا.

به‌پێی‌ ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆتایی‌ (نیسان/4)ی‌ 2014دا، گۆڕان 12 كورسی‌‌و یه‌كێتیش بووه‌ خاوه‌نی‌ 11 كورسی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی.

سەرچین ساڵح بەشداری لە ئامادەكردنی ئەم هەواڵەدا كردووە

ئه‌م بابه‌ته 2637 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM