یه‌كێتی‌ و گۆڕان
واده‌ی‌ ئاڵوگۆڕكردنی‌ پۆسته‌كانیان دیاریكرد

کۆبوونەوەی هەردوو وەفدی یەکێتی و گۆڕان- ١٨-٨-٢٠١٦ فۆتۆ: ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی

خه‌ندان-

یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌مڕۆ پێنج شممه‌ له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 21 ی‌ ئه‌م مانگه‌ ده‌ستبكرێت به‌ ئاڵوگۆڕكردنی‌ پۆسته‌كان له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان و ده‌ڤه‌ری‌ راپه‌ڕین.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوی‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێی كه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌نێوانیان ئیمزاكرا.

هه‌روه‌ها بڕیاردرا 21  ی‌ ئه‌م مانگه‌ ده‌ستبكرێت به‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌و ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی‌ پێویسته‌ بكرێن له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان و ده‌ڤه‌ری‌ راپه‌ڕین.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌نه‌كراوه‌ كه‌ كێ ده‌بێته‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌، دوای‌ ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری‌ ئێستا له‌پشكی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا ئاماده‌یی خۆی‌ بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ده‌ربڕی‌.

پێش كۆبونه‌وه‌كه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵا له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان مه‌به‌ستێتی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ وه‌ربگرێت، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارێزگار ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌ سه‌ردار قادر ده‌بێت به‌ پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت.

هاوكات جه‌لال جه‌وهه‌ر، ڕێكخه‌ری‌ ژوری‌ حكومه‌ت و په‌له‌مانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌خه‌ندانی‌ وت   "قانونیه‌كان هه‌ربڕیارێك بده‌ن ئه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر دانانی‌ كاك سه‌ردار ده‌رچه‌یه‌كی‌ قانونی‌ بێت بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ پارێزگار جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین".

رێككه‌وتنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌، 9/12/2014  واژۆكرا بۆ پێكهێنانی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌، بڕیاردرا دوای‌ دووساڵ پۆسته‌كان له‌نێوانیاندا ئاڵوگۆڕی‌ پێبكرێت‌.

به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ دووساڵ له‌مه‌وبه‌ری‌ هه‌ردوو حزب، له‌م مانگه‌دا ده‌بێت هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌پشكی‌ گۆڕان پۆستی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ وه‌ربگرێت، كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن ئاسۆ فه‌ره‌یدون، له‌پشكی‌ یه‌كێتی‌ به‌رێوه‌ده‌برێت.

واده‌ی‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ له‌پۆسته‌كانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كاتێكدایه‌، گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ له‌مانگی‌ پێنجی‌ ئه‌مساڵدا رێككه‌وتنێكی‌ سیاسیشیان واژۆكرد، تێیدا كاری‌ هاوبه‌ش‌و تێڕوانینه‌كانیان بۆ چه‌ندین پرس‌و دۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، عیراق‌و ناوچه‌كه‌ خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌گوێره‌ی یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 2009، ده‌ستبه‌كاربونی پارێزگار پێویستی به‌ مه‌رسومی هه‌رێمی هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ریده‌كات، له‌كاتێكدا حزبه‌كان بۆچوونی‌ جیاوازیان له‌باره‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ئێستادا، به‌تایبه‌ت گۆڕان پێیوایه‌ واده‌ی‌ یاسایی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ته‌واو بووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، گۆڕان و پارتی ماوه‌ی ساڵێكه‌ به‌هۆی پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كێشه‌ كه‌وتۆته‌ نێوانیان‌و له‌ 12ی 10ی ساڵی رابردوودا ناكۆكیه‌كانیان گه‌یشته‌ لوتكه‌، كاتێك رێگه‌نه‌درا یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بچێته‌ هه‌ولێر‌و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕانیش له‌حكومه‌ت دوورخرانه‌وه‌.

پێشتر هه‌ڤال ئه‌بوبه‌كر، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی‌و كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار به‌خه‌ندانی‌ وتبوو، جارێی زووه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌‌و "باده‌ست پێبكه‌ین بزانین كێشه‌ له‌كوێدایه‌ ئه‌وكاته‌ قسه‌ی خۆمان ده‌بێت".

جه‌ختیشیكردبوویه‌وه‌، تائێستا هه‌ردوولایه‌ن (گۆڕان‌و یه‌كیـَتی‌) پابه‌ندن به‌رێككه‌وتنه‌كه‌‌و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌.

هه‌رچه‌نده‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌پۆسته‌كان به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش، به‌شداری‌ نه‌كردووه‌ له‌هه‌ردوو حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ چه‌ند مانگێك گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر كراو‌و هاوشێوه‌ی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو، ژماره‌یه‌ك پۆستیان بۆ دیاریكرا.

له‌كۆی 15 قایمقام له‌پارێزگای سلێمانی، به‌پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌  شه‌ش بۆ گۆڕان‌و شه‌ش بۆ یه‌كێتی‌ بوو، سێ‌ قایمقامیش بۆ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ دانرا، هه‌روه‌ها له‌كۆی 44 به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ گۆڕان 19‌و یه‌كێتی‌ 18ی‌ به‌ركه‌وت، ئه‌وانیتر بۆ لایه‌نه‌كانی‌ تر بوو.

هه‌ر له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و له‌كۆی‌ 27 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی، گۆڕان 11‌و یه‌كێتیش هه‌مان ژماره‌ی‌ به‌ركه‌وت، پێنج به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ بۆ پارتی‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو دانرا.

به‌پێی‌ ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆتایی‌ (نیسان/4)ی‌ 2014دا، گۆڕان 12 كورسی‌‌و یه‌كێتیش بووه‌ خاوه‌نی‌ 11 كورسی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی.




ئه‌م بابه‌ته 1859 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM