یه‌كه‌م وێنه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ هوتێلی مارماریس له‌شه‌وی كوده‌تاكه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا

خه‌ندان- خۆشناو حسێن

یه‌كه‌م وێنه‌ی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ شه‌وی كوده‌تای سه‌ربازی 15 ته‌مموز له‌ هوتێلی مارماریس له‌ پاریزگای موغلا له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕێكی‌ نزیك له‌ حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌.

به‌پێی وێنه‌كه‌ كه‌ ماڵپه‌ری یه‌نی شه‌فه‌ق نزیك له‌ حكومه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌ردۆغان له‌ ناو هوتێله‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌س دانیشتوه‌و به‌ ته‌له‌فون قسه‌ ده‌كات.


ئه‌ردۆغان له‌ هوتێلی مارماریس له‌ شه‌وی كوده‌تاكه‌

له‌ شه‌وی كوده‌تاكه‌ ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له‌ پشودان بوون و دوای به‌ جێهێشتنی‌ هوتێله‌كه‌ به‌ 15 خوله‌ك دوو هه‌لیكوپته‌ری سه‌ربازی و گروپێكی كوده‌تاچیه‌كان كه‌ له‌ 35 سه‌ربازی هێزه‌كانی تایبه‌تی سوپای توركیا پێكهاتبوون هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئه‌و هوتێله‌، له‌ ئه‌نجامی‌ شه‌ڕ و پێكداداندا دوو پۆلیسی هێزی تایبه‌ت كه‌ پاسه‌وانی سه‌رۆك كۆماریان ده‌كرد كوژران.

ڤیدیۆی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و ئوتێله‌ی‌ پێشتر ئه‌ردۆغانی‌ تێدابوو

ئه‌ردۆغان ئه‌و كاته‌ی‌ له‌هۆتێله‌كه‌دا بوو كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار هه‌وڵی‌ كوده‌تاكه‌ی‌ شه‌وی‌ 15 ی‌ ته‌مموزی‌ پێده‌كات، باوه‌ڕی‌ به‌ هه‌واڵه‌كه‌ نه‌كردووه‌، دواتر له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی‌ توركیاوه‌ له‌ راستی‌ هه‌واڵه‌كه‌ دڵنیاكراوه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی پۆستا گه‌زه‌ته‌ كه‌ سه‌ر به‌ گروپی كۆمپانیای دۆغانه‌، پێشتر بڵاویكردبوویه‌وه‌، له‌ كاتژمێر 20:00 شه‌وی 15 ته‌مموز، زیا ئیلگه‌ن هاوسه‌ری خوشكی ئه‌ردۆغان به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی پێیه‌وه‌ كردوه‌ و به‌ ئه‌ردۆغانی‌ راگه‌یاندوه‌ "هه‌وڵی كوده‌تا هه‌یه‌"،  ئه‌ردۆغان سه‌ره‌تا گومانی له‌و هه‌واڵه‌ هه‌بووه‌ چونكه‌ له‌ ساڵێكدا لانی‌ كه‌م 20 جار هه‌واڵی له‌و شێوه‌یه‌ی‌ پێ گه‌یشتووه‌  و بێ بنه‌ما ده‌رچووه‌.

له‌ كاتژمێر 20:30 خوله‌ك جارێكی تر به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نا فه‌رمی هه‌واڵی كوده‌تای‌ پێگه‌یشتووه‌ و ئه‌ردۆغان هه‌ر یه‌ك له‌ ئامینه‌ هاوسه‌ری و ئیسرای‌ كچی هاوسه‌ری به‌رات ئالبه‌یراك وه‌زیری وزه‌ و نه‌وت ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌و پێیانی‌ وتووه‌ كه‌ نه‌وه‌كانی (منداڵه‌كانی‌ ئیسرا) با نه‌چنه‌ ناو باخچه‌ی هۆتێله‌كه‌، به‌ڵام ئه‌ردۆغان هێشتا به‌ ته‌واوتی بڕوای نه‌كردووه‌.

له‌ كاتژمێر 40: 21 خوله‌ك مه‌حمه‌د كلیچلار پارێزگای ئه‌نقه‌ره‌ په‌یوه‌ندی به‌ موحسن كوسه‌ پاسه‌وانی سه‌رۆككۆماره‌وه‌ كردووه‌و پێیانی‌ راگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركان شه‌ڕ هه‌یه‌ و چیت گومانیان نه‌بێت.


هوتێلی مارماریس له‌ شه‌وی كوده‌تاكه‌

دوای په‌یوه‌ندی پارێزگای ئه‌نقه‌ره‌، ئه‌ردۆغان به‌ شێوه‌یه‌كی "زۆر له‌سه‌رخۆ" له‌ شوێنه‌كه‌ی هه‌ستاوه‌ و ده‌ستنوێژی‌ گرتووه‌و نوێژی كردووه‌، دواتر جلوبه‌رگی ره‌نگی "نیلی" له‌ به‌ركردووه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی ژوره‌كه‌ له‌به‌رده‌م مێزه‌كه‌ دانیشتووه‌.

ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆك ئه‌ركان و سه‌رۆكی ئیستخبارات (میت) كردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌بووه‌ و دواتر بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیران هه‌واڵی كوده‌تای‌ به‌ ئه‌ردۆغان راگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی هاوڕێی‌ ژنه‌كه‌ی‌ بووه‌.

له‌ كاتێك بیناڵی یڵدرم به‌ ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت "تانكه‌كان له‌ ناو كۆڵانن" ئه‌ردۆغان پێی‌ وتووه‌ "ئه‌گه‌ر ئه‌وان تانكیان هه‌یه‌، ئێمه‌ش ئیمانمان هه‌یه‌ پێویستبكات هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌مرین".

دوای شه‌ش كاتژمێر له‌ نیگه‌رانی و چاوه‌ڕوانی، ئه‌ردۆغان بڕیاری ده‌رچونی له‌ هۆتێله‌كه‌ ده‌دات و له‌گه‌ڵ ئامینه‌ هاوسه‌ری و ئیسرای‌ كچی و به‌رات ئالبه‌یراك زاواكه‌ی و سێ له‌ نه‌وه‌كانی (ئه‌حمه‌د عاكیف 11 ساڵ و ماهینور شه‌ش ساڵ  و سادق  7 مانگ) و حه‌سه‌ن دۆغان به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی تایبه‌تی و موحسین كوسه‌ به‌رپرسی پاسه‌وانه‌كانی، به‌هه‌لیكۆپته‌ری‌ تایبه‌تی به‌ گڵۆپی كوژاوه‌ شوێنه‌كه‌ جێده‌هێڵن.

ئه‌ردۆغان سه‌ره‌تا چووه‌ته‌ لای فڕۆكه‌وانه‌كانی‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی‌ و به‌ ده‌نگێكی به‌رز پێیانی‌ وتووه‌ "به‌ پیاوه‌تی پێم بڵێن ئێوه‌ له‌گه‌ڵ كێن؟"، له‌ وه‌ڵامدا فڕۆكه‌وانه‌كان ده‌ڵێن "له‌گه‌ڵ تۆین و ئه‌گه‌ر بمرین پێكه‌وه‌ ده‌مرین"، ئه‌ردۆغان پێی وتوون "له‌ش ساغبن".


هوتێلی مارماریس له‌ شه‌وی كوده‌تاكه‌

دوای ده‌رچونی ئه‌ردۆغان له‌و هۆتێله‌، كوده‌تاچیه‌كان به‌ هه‌لیكۆپته‌ری‌ جه‌نگی بۆردوومانی‌ هۆتێله‌كه‌یان كردووه‌.

ئه‌ردۆغان و خانه‌واده‌كه‌ی‌ به‌و هه‌لیكۆپته‌ره‌ ئوتێلی‌ (گراند یازیجی‌ ماریس) له‌ شاری‌ مارماریس سه‌ر به‌ پارێزگای‌ مۆغله‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌ریای‌ سپی‌ ناوه‌ڕاست له‌ باشوری‌ رۆژئاوای‌ توركیا جێده‌هێڵن به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی‌ (دالامان) له‌هه‌مان پارێزگا، له‌وێ به‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌تاتورك له‌ ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێكه‌وتن.

فڕۆكە جەنگییە ئێف 16 كانی توركیا كە كەوتبوونە دەست كودەتاچییەكان، ئەو فڕۆكەیەیان بینیوە كە شەوی كودەتاكەی توركیا ئەردۆغانی گەیاندووەتە ئەستەنبوڵ، هەرچەندە بێزارییان بۆ فڕۆكەكەی ئەردۆغان دروست كردووە، بەڵام هێرشیان نەكردوەتە سەر.

پێشتر ئاژانسی  رۆیتەرز لەزاری ئەفسەرێكی پێشوی سوپاو ئاگادار لەرووداوەكە بڵاویكردەوە "بەلایەنی كەمەوە دوو فڕۆكەی ئێف 16ی كودەتاچییەكان لەئاسمانداو لەكاتی رۆیشتنی بۆ ئەستەنبوڵ فڕۆكەكەی ئەردۆغانیان بێزار كردووە. فڕۆكە جەنگییەكانی كودەتاچییەكان رادارەكانیان لەسەر فڕۆكەكەی ئەردۆغان‌و ئەو دوو ئێف 16یەی دیكە جێگیركردبوو كە پارێزگارییان لە ئەردۆغان دەكرد". 

بەوتەی ئەو ئەفسەرە هۆكاری ئەوەی کە كودەتاچییەكان هێرشیان نەكردووە"نهێنییە" و هۆکارەکەی روون نییە.

بەرپرسێكی باڵای توركیاش ئەوەی پشتڕاستكردووەتەوە كە ئەو فڕۆكە بازرگانییەی ئەردۆغانی گەیاندووەتە ئەستەنبوڵ لەشەوی كودەتاكەدا، لەكاتی فڕینیدا لەلایەن دوو فڕۆكەی جەنگیی ئێف 16ی كودەتاچییەكانەوە بێزاركراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەردۆغان بە سەلامەتی گەیشتووەتە ئەستەنبوڵ.

ئەو بەرپرس باڵایەی توركیا وتوشیەتی فڕۆكەكەی ئەردۆغان لەئاسماندا "تووشی كێشە بووە" بەڵام ئامادە نەبووە لەو بارەیەوە هیچ وردەكارییەك بدركێنێت.


هوتێلی مارماریس له‌ شه‌وی كوده‌تاكه‌

ئه‌ردۆغان، له‌ لێدوانه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كوده‌تاچییه‌كان له‌ناوچه‌ی مارماریس هه‌وڵیانداوه‌ هێرشی بكه‌نه‌سه‌رو فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی كوده‌تاچییه‌كان ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌ردۆغانی لێبووه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای جێهێشتنی، بۆردومانیان كردووه‌.

"ئه‌ردۆغان به‌چه‌ند خوله‌كێك له‌ مردن رزگاری بوو" به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی توركیا وایوت.

ماڵپه‌ری سی ئێن ئێن توركیش پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ ده‌وروبه‌ری 25 سه‌رباز له‌رێگه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌ دابه‌زیونه‌ته‌ ئه‌و هۆتێله‌ی ئه‌ردۆغان لێی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ مارماریس‌و ته‌قه‌یانكردووه‌، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ دوای جێهێشتنی هۆتێله‌كه‌ روویداوه‌و پێده‌چێت هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی ناوبراویان دابێت.

ئەو هێزانەی‌ كودەتاكەیان دەستپێكرد، لەهەنگاوی‌ یەكەمدا سەرۆكی‌ ئەركانی‌ سوپایان دەستبەسەركرد‌و بۆماوەی چەند كاتژمێرێك چارەنووسی‌ دیارنەبوو تاوەكو بەیانی‌ دوێنێ‌ لەئۆپەراسیۆنێكدا ئازادكردنی‌ راگەیەندرا.


ئه‌م بابه‌ته 7474 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM