مێرکل: پەنابەران توندڕەویی ئاینی- یان بۆ ئەڵمانیا نەهێناوە

ئەنجێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا

خەندان – عەبدوڵڵا محەمەد

راوێژکاری ئەڵمانیا هەموو ئەو وتانەی رەتکردەوە کە ئاماژە دەکەن بۆ ئەوەی، دەمارگیریی ئاینی لەلایەن پەنابەرانەوە گەیەندرابێتە وڵاتەکەی.

ئەنجێلا مێرکل، درەنگانی شەوی رابردوو لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە یەکێک لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پارتەکەی (کریستیان دیموکرات) بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ویلایەتی مکلەنبۆرگ-رۆژئاوای پۆمێرانیا کە بڕیارە 4ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، پشتیوانیی لە هەڵوێستەکانی خۆی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران کرد و رەتیکردەوە بەهۆی پەنابەرانەوە توندڕەویی ئاینی گەیشتبێتە وڵاتەکەی.

وتیشی‌ "تیرۆریزمی داعش، دیاردەیەک نییە کە لەگەڵ پەنابەران بۆمان هاتبێت. ئەمەمان پێشتریش هەبووە". 

هاوکات ئاماژەشی کرد بەوەی، کە لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ژمارەیەکی زۆر وڵاته‌كه‌یان بەمەبەستی راهێنان لە سوریا لەگەڵ چەکدارانی داعشدا جیهێشتووە.

لە حوزەیرانی رابردوودا، تۆماس دی مازیێر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگه‌یاندبوو، باوەڕیان وایە زیاتر لە 800 کەس ئەڵمانیایان بەرەو عیراق و سوریا جێهێشتبێت.

لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر کە وڵاتەکانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە جێهێشتبوو، گەیشتنە ئەڵمانیا.

لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک هێرشی یەک لەدوای یەک ئەڵمانیای کردە ئامانج، دووان لەو هێرشانە بۆ یەکەمجار و لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆگیرا. لەو دوو هێرشەدا تەنها ئەنجامدەرانی هێرشەکان – هەردووکیان داواکاری مافی پەنابەری بوون – کوژران. لە هێرشێکی دیکەشدا گەنجێکی ئەڵمانی نۆ کەسی لە میونخ کوشت.


ئه‌م بابه‌ته 741 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM