خوێندنی باڵا: با شوان قه‌ڵادزێی لیستی ناوی 100 خوێندكارمان پێبدات كه‌ له‌تواناسازیدا شكستیانهێنابێت

لۆگۆی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی هه‌رێم

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی هه‌رێم، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ "هیچ" كاندیدێكی تواناسازی به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ فه‌شه‌لی هێنابێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوا له‌شوان قه‌ڵادزێی ده‌كات ناوی 100 خوێندكاریان پێبدات كه‌ گوایه‌ شكستی هێناوه‌.

شوان قه‌ڵادزێی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌په‌رله‌مانی كوردستان، 11-ی8 له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "زیاتر له‌ ١٠٠ كاندیدی تواناسازی به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ شكستیانهێناوه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان... ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شی كه‌ وه‌ریانگرتووه‌ به‌قیست لێیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌".

له‌وه‌ڵامدا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18-8 وه‌زارتی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا وته‌كانی ناوبراو ره‌تده‌كاته‌وه‌، "چونكه‌ تائێستا هیچ كاندیدێكی تواناسازی به‌هۆی قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی قه‌یرانی دارایی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ فه‌شه‌لی نه‌هێناوه‌و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیشیان به‌قیست لێ وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌".

هه‌ر له‌ڕاگه‌ینراوه‌كه‌دا كه‌ كۆپپیه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، ئه‌و كاندیدانه‌ ده‌ستنیشانده‌كه‌ن كه‌ قیستی پاره‌كه‌یان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌، "هه‌ر خوێندكارێكی تواناسازی، كه‌خوێندنی به‌سه‌ركه‌وتووی ته‌واو بكات‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان، ئه‌وا پاكتاوی دارایی بۆ ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌و پاكتاوه‌ش به‌پێی پسوله‌ی خوێندن‌و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌ی كه‌ تیایدا خوێندوییه‌تی، ئه‌گه‌ر هاتوو خوێندكاره‌كه‌ قه‌رزار بێت ئه‌و بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ قیست لێوه‌رده‌گیرێت، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ش (٨٠) خوێندكاره‌ كه‌ خوێندنیان به‌سه‌ركه‌وتوی ته‌واو كردووه‌".

له‌باری‌ ئه‌و خوێندكارانه‌شی كه‌ كه‌مته‌رخه‌م بوون، هاتووه‌ "هه‌ر خوێندكارێكی تواناسازی، كه‌ له‌خوێندنه‌كه‌یان به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میان، یاخود غه‌شكردن سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تواناسازییه‌وه‌ كه‌ له‌كۆمه‌ڵێك ستافی ئه‌كادیمی پێكهاتون بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌، كه‌ سه‌ركه‌توو نه‌بون واته‌ فه‌شه‌لیان هێناوه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌قیست پاره‌كانیان لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌"، له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێندكارانه‌ی‌  كه‌ خۆیان به‌یاداشت داوای وازهێنان له‌خوێندن كردووه‌.

به‌پێی وته‌ی‌ وه‌زاره‌ت كۆی گشتی ئه‌و گرپه‌ش له‌خوێندكارانی تواناسازی (١٠٦) خوێندكاران.

بۆیه‌ داوا له‌شوان قه‌ڵادزێی ده‌كه‌ن لیستی ناوی ئه‌و (١٠٠) خوێندكاره‌یان بۆ ڕه‌وانه‌ بكات، "كه‌ ئه‌و ده‌ڵێت به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ له‌خوێندن شكستیانهێناوه‌‌و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ پێیاندراوه‌ به‌قه‌رز لێیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك وه‌زاره‌ت به‌دواداچونی وردی بۆ بكه‌ین".




ئه‌م بابه‌ته 963 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM